نوچەنێت: تایبەت
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە بە نوچەنێتی راگەیاند، هەڤاڵ ئەبوو بەكر وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی جیاكردنەوەی شارەكەی لە هەرێمی كوردستان كردووە و قسەكانی تەعیبر لە سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان ناكات.
ئەو سەرچاوەیە كە نزیكە لە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: “ئەو قسانەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجامی كەڵەكە بوونی كێشەكانی ئەو پارێزگایەوە بووە، چونكە ئەگەر هەر كەسێك دوو سەیارە بنێرێتە بەنزینخانەكانی هەولێر و سلێمانی، ئەو جیاوازییانەی بۆ دەردەكەون”.
بە گوتەی سەرچاوەكە، پارتی ئەو قسانەی بۆ مەرامی سیاسی گوازستۆتەوە، لە كاتێكدا هیچ مەرامێكی سیاسی لە پشتیانەوە نەبووە، وتیشی: “هەركەسێك قسە دەكات بە وتەبێژی حكومەتیشەوە، بە لای سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە گرنگ نین، چونكە ئەو باسی كێشەكانی كردووە كە دەبێت حكومەت چارەیان بكات و بە یەك چاو سەیری شارەكان بكات و لە رووی رێژەی دانیشتوانەوە خزمەتگوزارییەكان دابەش بكات، دكتۆر هەڤاڵ ئامانجی سیاسی نەبووە و وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا قسەی كردووە، بۆیە قسەكانی گوزارشتن لە بۆچوونی خۆی، نەك سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان”.
دكتۆر هەزاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە یەكێك لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەكاندا كە تایبەت بووە بە باسكردنی كێشەی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، وتبووی: “ناچارمان مەكەن هەرێمی سلێمانی جیا بكەینەوە”، ئەمەیش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و رووبەرووی رەنە بووەوە.