نوچەنێت-ئاژانسەكان
ئەو سەركردە بەعسییەی كۆتایی مانگی رابردوو لەلایەن ئاساییشی كەركووكەوە دەستگیركرا، زانیاری گرنگ لەبارەی داعشەوە ئاشكرا دەكات، لەنێویاندا پاڵنەرەكانی داعش بۆ پەلاماردانی كوردستان.
پسپۆڕی بواری رێكخراوە تیرۆریستییەكان هیشام هاشمی، كۆمەلێك لەو دانپێدانانەی بڵاوكردۆتەوە كە لە میانی لێكۆڵینەوە لەگەڵ عەبدولباقی سەعدون سەركردەی پێشووی بەعس ئاشكرای كردوون.
سەعدون كە پێشووتر ئەندامی قیادەی قوتری حیزبی بەعس بووە دەڵێت كە بەعسییەكان توانیویانە دزە بكەنە نێو ریزەكانی داعش و هەماهەنگیشیان لەگەڵیان هەیە.
ئەمانە هەندێك لە دانپێدانانەكانی عەبدولباقی سەعدونن:
*هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرانی داعش هەیە و دزەشمان كردۆتە ناو ریزەكانیان” زۆربەیان پارەپەرست و بەرتیلخۆرن و خێڵەكەیان لە دینەكەیان لەلا گرنگترە.
*لەدوای كەوتنی موسڵەوە هانی ئەفسەرە بەعسییەكانمان داوە بچنە ریزەكانی داعش و پەیوەندیش لەگەڵ ئێمە بهێڵنەوە.
*لە ناوچەكانی حەمام عەلیل و حەویجە و سەعدیە و قائیم و فەللوجە و تاجی بەباشی دزەمان كردۆتە ناو داعش.
*زۆربەی مەسەلەكانی سپیكردنەوەی پارە و تاڵانیی نەوت و فرۆشتنی ئاسەوارەكان و گرێبەستەكانی چەك ئەو داعشانە دەیانكەن كە پێشووتر بەعسی بوون.
*ئێمەی بەعسی بووین لە ئابی رابردوو هانی داعشماندا پەلاماری كوردستان بدات، ئەویش بۆ كۆنترۆڵكردنی كارەبای بەنداوی موسڵ.
*ئەو سەركردە داعش كە پێشووتر بەعسی بوون، ئەوانەن هانی داعش دەدەن شەڕ لەدژی كورد بكات و پەلاماری كەركووك بدات و دەیانەوێ شەڕەكە زیاتر روویەكی نەتەوەیی وەربگرێت.
*ئەمیری ویلایەتی كەركووكی داعش كە هەمانكات ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازییانە، پێشووتر ئەفسەری هەواڵگریی بەعس بووە، ئێستاش ئێمە دۆستایەتیمان لەگەڵی هەیە و گوێشمان لێدەگرێ، بەڵام بە حەزەرەوە پەیوەندیی پێوە دەكەین.
*باڵی چەكداری بەعس (پیاوانی تەریقەتی نەقشبەندیی) دەچن چالاكییە سەربازییەكان لە داعش بە پارە دەكڕن و بەناوی خۆیانەوە بڵاوی دەكەنەوە گوایە ئەوە ئەوانن چاكیی دەكەن.
*ئێمە دزەمان كردۆتە ناو دەزگا ئەمنییەكانی عێراق و بەو هۆیەوە بەڵگەنامە و پاسپۆرت بۆ ئەندامانی داعش رێكدەخەین.
*دیدار و گفتوگۆمان لەگەڵ سەرانی جەیشی ئیسلامی، ئەنسار سوننە، دەستەی زانایانی مسوڵمان، حیزبی ئیسلامیی عێراق و زۆربەی پەرلەمانتارە سوننەكان هەیە.
*نوسینگەی هەماهەنگی و كۆكردنەوەی هاریكاریمان لە دەرەوەی عێراق هەیە بەتایبەت لە ئەردەن و میسر و یەمەن و توركیا. بەڵام لەگەڵ وڵاتانی كەنداو پەیوەندیمان خراپە بەهۆی هەڵوێستی خراپی كوێت لە بەرامبەر حیزبی بەعس.
*لە رێگەی هەواڵگریی سوریاوە پەیوەندیمان لەگەڵ مشعان جبوری هەبووە.
*لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا داوامان لە ئەندامانمان لە ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە كرد دەنگ لە بەرژەوەندی ساڵح موتڵەگ بدەن.