فازڵ میرانی: هەوڵی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكان ئێمەی شۆك كردووە چونكە ئەوە پاشەكشەیەكی ئاشكرایە لە دیموكراسی

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت”بەستنی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئاسان نییە.پێشتر دەمانكرد.بەڵام بە سەرنجدان بەو كۆبوونەوەی دوایی پەرلەمان كە چوار لایەن بەرامبەر بە لایەنێك بوو لە جیاتی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی هەوڵی کۆبوونەوەی هەموو لایەنەکان دەدەین.

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیدارێکی ئاژانسی ئانادۆڵ باسی لە سەردانی شاندی دانوستاندكاری پارتەكەی بۆ لای حزب و لایەنەكانی سیاسی و دەرئەنجامی دیدارەكان كردوە.میرانی وێڕای رەخنەگرتن لە كرداری چوار لایەنەكەی كوردستان (یەكێتیی نیشتمانی، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەلێ ئیسلامی) كە لە 23ی حوزەیرانی رابردوو پڕۆژەیەكیان لەبارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە پەرلەمان كرد، باس لەوە دەكات كە ئێستا لە دوای دیدارەكان لایەنەكان لەسەر چارەسەری كێشەكان بە ‘سازان’ كۆكن.

میرانی دەڵێت بە پارتەكانیان گوتووە كە ئەوە دەرچوون بووە لە سازان و كوردستان بەرەو بارودۆخێكی خراپ رادەكێشێت و لەو بارەیەوە وتی:”دوای سەردانەكان، لایەنەكان رایانگەیاندووە كە بە سازان خوازیاری چارەسەری ئەو پرسانەن و ئەوە بە گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستیان دەزانین بەڵام تا بە فەرمی دانەنیشین و بە فەرمی نەگەینە ئەنجامێك ناتوانین بڕیاری كۆتایی بدەین”.

لەبارەی ئەگەری بەستنی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت”بەستنی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئاسان نییە. پێشتر دەمانكرد. بەڵام بە سەرنجدان بەو كۆبوونەوەی دوایی پەرلەمان كە چوار لایەن بەرامبەر بە لایەنێك بوو،ناكرێ ئێمە ئەگەر ناكۆكی لە بۆچوونەكانمان هەبوو لە نێوانماندا، خەڵكێكی دیكە یان لایەنیكی دیكەش نەتوانێت بەشدار بێت. ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان پێمان باشە كە لە پێكهاتەكانی پەرلەمان وەكو نەتەوەكانی توركمان، ئاشووری و كلدان و سریان و حزبەكانی دیكە بەشدار بن. چونكە ئەگەر بوو بە چوار بە یەك كۆبوونەوەكە دەرئەنجامی نابێت. ئەوانیش هاووڵاتی ئەم نیشتیمانەن و نابێت ئێمە ئەو پێنج حزبە شتەكان قۆڕخ بكەین”.

ئەو قسانەی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لە كاتێكدایە كە هەندێك لە سیاسییەكانی هەرێم پرسی كەمكردنەوەی كورسی كەمینە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمیان هێناوەتە گوڕێ. توركمان، ئاشووری و كلدان و سریان و ئەرمەنییەكانی كوردستان بە كورسی كۆتا ئەندامیان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە و بەو شێوەیە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكەن. میرانی لەو بارەیەوە دەڵێت: “هەوڵی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكان لە پەرلەمان ئێمەی شۆك كردووە. ئەوە پاشەكشەیەكی ئاشكرایە لە دیموكراسی. توركمان، ئاشووری و كلدان و سریان و ئەرمەن خەڵكی ئەو وڵاتەن و شەریكی ئێمەن و مافی خۆیانە لە پەرلەمان نوێنەریان هەبێت و لە حكوومەت بەشدار بن. لە رێگەی ئەو وڵاتە باج و قوربانیان داوە. ئێمە نەك دژی ئەوەین كە كەم بكرێتەوە بەڵكو پێمان باشە كە رێژەی كۆتاكان زیاد بكرێت، بۆ نموونە توركمانەكان با ١٠ كورسیان هەبێت، با ئاشووری و كلدان و سریان بۆ نموونە هەشت كورسیان هەبێت، ئەرمەنیش هەر بەو شێوەیە. بوونی ئەوان لە ناو ئێمەدا رووی ئێمە لە دەرەوە جوانتر دەكات و دەبێتە بەڵگەیەك بۆ پشتراستكردنەوەی ئەوە بانگەشانەی دەیكەین بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی”.

فازڵ میرانی راشیگەیاندوە”لەگەڵ ئەوەداین كە ئیسلام یەكێك لە سەرچاوەكانی گرنگی دەستووری ئێمە بێت. چونكە زیاتر لە ٩٠ لەسەدای خەڵكی ئێمە موسڵمانن و ناكرێت دەستوورێك لە وڵاتێكی زۆرینە موسڵمان رێزی بۆ بنەماكانی سەرەكی بۆچوونی خەڵك نەبێت. ئەوانەی كە لەگەڵ بنەماكانی دیموكراتی ناكۆك نەبێت و بە پێچەوانەشەوەی ئەو پرنسیپە دیموكراتیانەش كە لەگەڵ بنەماكانی ئیسلام ناكۆكییان نەبێت، جێی پەسەندی ئێمەیە”.

میرانی هەر لەو بارەیەوە ئاماژە بە رێنوێنییەكی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات كە پێی گوتوون ‘نابێت وشەی كەمینە بە كار بێنن’ و لەو بارەیەوە دەڵێت: “وشەی كەمینە بۆ نەتەوەكان و ئایینەكانی دیكە بە باش نازانین و پێمان وایە ئەوان نەتەوەی پێكهێنەری ئەم نیشتیمانەن و مافی ئەوان دەبێت لە دەستووردا بنووسرێتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com