فەرحان جەوهەر: یەكێتی گەر رێككەوتنی لەگەڵ پارتی نەبوایە قەبارەی بەقەد حیزبەكەی قادر عەزیز دەمایەوە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

پەرلەمانتارێكی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت،دوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لەیەكێتی تاڵەبانی ‌و رێككەوتنی ستراتیژی نەبوایە قەبارەی بەقەد حیزبەكەی قادر عەزیز دەمایەوە.

فەرحان جەوهەر، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان لەمیانی وتارێكدا كە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بەناونیشانی(ئەرێ‌ بەڕاست یەكێتی بەهۆی پارتیەوە شكستی خواردووە؟)بڵاوی كردوەتەوە دەڵێت: یەكێتی بەرلەوەی ماوەی سەرۆكایەتی لە گەڵ پارتی بۆ بارزانی درێژبكەنەوە لە ناوخۆیدا بەهۆی جیابوونەوەی كاك نەوشێراوان و دروست كردنی حزبێكی نوێ‌، دووچاری هەژانێكی گەورەبوو، گەر مام جەلال مەوجود نەبوایە و رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی نەبوایە، بەڕای من ئەو حزبە قەبارەكەی هەر ئەوەندەی حزبەكەی قادرعەزیز دەمایەوە، چونكە ئەو حزبە لە سێ‌ هەڵبژاردنی یەك بە دوای یەكدا دۆڕاندی، كەچی بەهۆی پارتیەوە تاكو ئێستاش وەك جاران لە دەسەڵات.

دەقی وتارەكەی فەرحان جەوهەر:

ئەرێ‌ بەڕاست یەكێتی بەهۆی پارتیەوە شكستی خواردووە؟

دوای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆك بارزانی لە سی حزەیرانی ساڵی 2013 ، برادەرانی یەكێتی هەمیشە لە لێدوان ونووسینەكانیان وا بە گوێی خەڵكی كوردستانیان داداوە، كە یەكێتی لەبەر ئەم هۆیە دووچاری شكست بووە، هەرچەندە ئەم نەریتە بەشێكە لە كولتوری ئێمە وەك كورد، هەمیشە شكستەكانمان چ وەك تاك چ وەك كۆ دەخەینە ئەستۆی ئەوانی تر، بەمەش سوك و ئاسان لەكۆڵ هەموو گلەیی و رەخنەیەك دەبینەوە، كە بەهۆی ئەو شكستەوە لێمان دەگیرێت، بۆیە دەبینین كەم جار بووە كورد رەخنە لە رابردووی خۆی بگرێت، بەردەوام هەوڵدەدات رابردووەكەی وەك شانازی و سەروەری بۆ تۆمار بكرێت، بەكورتی ئەوەندەی رابردوو پەرستین نیو ئەوەندە چاومان لە داهاتوو نییە، بۆیە تاكو ئێستایش داهاتومان لێڵە.

گەر بێت و بە دیدێكی بابەتیانەو دوور لە دەمارگیری حزبی خوێندنەوەیەكی كۆمەڵناسیانە بۆ زۆر رووداوی سیاسی و مێژووی خۆمان بكەین، دەگەینە دەرنجامێكی باشتر لەوەی ئێستا كە وەك هەڵوێست بە خەڵك دەفرۆشرێتەوە، یەكێتی بەرلەوەی ماوەی سەرۆكایەتی لە گەڵ پارتی بۆ بارزانی درێژبكەنەوە لە ناوخۆیدا بەهۆی جیابوونەوەی كاك نەوشێراوان و دروست كردنی حزبێكی نوێ‌، دووچاری هەژانێكی گەورەبوو، گەر مام جەلال مەوجود نەبوایە و رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی نەبوایە، بەڕای من ئەو حزبە قەبارەكەی هەر ئەوەندەی حزبەكەی قادرعەزیز دەمایەوە، چونكە ئەو حزبە لە سێ‌ هەڵبژاردنی یەك بە دوای یەكدا دۆڕاندی، كەچی بەهۆی پارتیەوە تاكو ئێستاش وەك جاران لە دەسەڵاتە، سەیری دەسەڵاتەكانی ئێستای ئەو حزبە بكەن، لە كابینەی ئێستا بەقەد پارتی وەزیری هەیە، لە سلێمانی و ئەو ناوچەیەش سەرەڕای دۆڕاندنی هەڵبژاردن لەگەڵ گۆڕان، حاكمی موتلەقی ئەو ناوچەیەو پارتی بە سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمیشەوە ناتوانن بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك بگۆڕن و دامەزرێنن.

كەچی خۆیان لە كابینەی رابردوو دەسەڵاتەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت كە ئەو كاتە كاك عیماد ئەحمەد بوو لە گەڵ دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكومەت یەكسان بوون، هەر لە ئاخرو ئۆخری ماوەی كۆتای ئەو كابینەیە، كاك عیماد بە هەزاران كەسی لە هەولێرو دهۆك و سۆران و رواندوزو ئاكرێ‌ بۆ یەكێتی دامەزراندن چ وەك فەرمانبەر یان وەك پێشمەرگە، هەر بۆنمونە تەنها لە ئاكرێ‌ دوو هەزار كەس وەك پێشمەرگە ناونووس كردوون بەبێ‌ دەوام تەنها بۆ دەنگدان، ئەی سەبارەت بە موچەی چاودێری خێزان كە لە وەزارەتیان وەرردەگرت و بۆ هەرخێزانێكی هەژار حكومەت سەت و پەنجا هەزاری دابین كردووە، ئەوان لە كۆمیتەو مەڵبەندەكان سی هەزاریان دەدایە خەڵك وەك موچە تەنها بۆ دەنگ وەرگرتن، لەم دوایەش وەزیری دارایی لیستێكی چوار هەزاری گەڕاندەوە بۆ سەر میلاكی حكومەت كە ئەوان چەندین ساڵە وەك حزب دابەشی دەكەن و نیوەی ئەو پارەشیان داوەتە كادیرەكانیان.

لەو كاتەی حكومەتی فیدراڵی بوودجە ی هەرێم دەنێریت تا ئەو كاتەی بڕاوە، لە سەتا 43 ی ئەو پارەیە بە كاش چۆتە دەستی یەكێتی،كەچی حاڵی ئاوەدانكرنەوەی زۆنی سەوز بە شاری سلێمانیشەوە جێگەی گریانە، بە هیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێت لەگەڵ ناوچەی ئیدارەی پارتی لە هەموو روێكەوە، سەرەڕای فراوانی ناوچەی زۆنی زەرد لە رووی جوگرافی و دانیشتوانەوە. شكستەكانی یەكێتی بەهۆی ئیدارەدانی ئەو حزبەوەیە، چەندین ساڵ بەسەر كۆنگرەكەیانەوە رەت بووەو ناتوانن كۆنگرە ببەستن، ناتوانن لە نااو ئۆرگانەكانی خوارەوەی حزب هەڵبژاردن بكەن، بۆ یكلاكردنەوەی پۆستێك بەساڵ كاتیان پێویستە، هەرحزبیكیش كۆنگرە نەبەستێت و هەڵبژاردن لە ناوخۆیا ئەنجام نەدات، لە ئۆرگانێكی سیاسی حزبی دەگۆڕدرێت بۆ كۆمپانیایەكی خاوەن پشك، ئێستا سەیری جەمسەرەكانی ناو ئەو حزبە بكەن، چۆن ناتوانن یەك هەڵوێست بن، هەریەكەیان بەدوای مەرجەعێك دەگەڕێن، لە ئێستا دوای بینەو بەردەیەكی زۆر بەشێكیان مەرجەعیان كاك نەوشیروانە، رۆژانە بەتاك و كۆ لە گەڵ ئەو بەڕێزە دادەنیشن، كێشەی هەرە سەرەكی ئێستای ئەو حزبە گەڕانە بە دوای شوناسێكی ونبودا، لە ئێستادا یەكێتی بێ‌ شوناسە و لەو باوەڕەدایە بە دژایەتی كردنی پارتی دەبیتە خاوەن شوناس، بەڵام ئەمەش چارەسەر نییە، دۆڕانی یەكێتی لەبەر ئەم هۆكارانەیە نەك درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی، ئەگەر یەكیتی بیەوێت هەڵسێتەوە، بەر لە هەموو شتێك پێویستە ناسنامەیەكی دیاركراوی هەبێت، ئەو سیاسەتەی یەكێتی ئێستا پەیڕەوی دەكات، هیچ سودێكی بۆ خۆی نییە، ئەگەر سودێكی هەبێت بۆ گۆڕانە وهیچی تر، لەبەر ئەوەی فراكسیۆنەكەیان لە ژێر تیشك و نەزەری گۆڕانە و ناسنامەیەكیان نییە بۆ ئەوەی وەك حزبيكی جیاواز و سەر بە خۆ بناسرێنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com