ڕابەر ژیلوان : وەکو جاران
وەکو جاران ئاگری دڵ
لە دووریت قەت بەجۆشنابێ
لە ئاهی من دڵنیابە
ساتێ ژیانت خۆش نابێ
ــ
وەکو جاران
ئامادەنیم
پیاسە بکەم لەبەر باران
وەکو جاران دڵنیابە
ئاسودەنیم
بەبینینی زەردەپەڕ و
دڵتەنگی ئاسمانی پایز
دەم و ساتی خۆرنشین و
بولێڵی دەمەو ئێواران
ــ
وەکو جاران
چیتر شەڕی زەردەپەڕ و
تریفەی مانگەشەو ناکەم
جارێکی تر لەبەر لێوت
غەدر لە شیرینی گەزۆ و
لەبەر چاوت ، بەسادەیی
باسی مەستی
نێرگسی دەشت و دەر ناکەم
ــ
وەکو جاران
هەرگیز .. هەرگیز
باڵی پەپوولەت بۆناکەم
بە چەتری گوڵ گوڵی ناسک
هەرگیز جارێ تر نایبینی
بۆ خەونە ڕەنگاڵەکانت
ببنە سەرین قۆڵ و باسک
ــ
وەکو جاران
حەز ناکەم پایز بێتەوە
چوون بەرامەی یەکەم باران
بوکی ئێوارەی خالید و
بۆنی زولف و
لاملتم بیر دێنێتەوە