نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات كە بۆچارەسەری كێشەكان پێشنیاری نوێی خۆیان گەیاندووە بە بەغدا و خەریكی گفتوگۆكردنن لەگەڵیان.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رووداوی رایگەیاندوە”وەكو پێشتر روونكردنەوەم داوە ئێستاش جەختی لەسەر دەكەمەوە، كە ئەو رێككەوتنەی ئێستا لە رووی ئابوورییەوە بۆ هەرێمی كوردستان گونجاو نییە و پێموایە كە بەغداش لەوە تێدەگات كە كێشەكانی هەرێمی كوردستان زۆر گەورەن”.
بارزانی باس لەوەش دەكات كە”خەریكە داڕمانیێكی زۆر گەورە لە هەرێمی كوردستان دروست دەبێت بەهۆی ئەوەی شەڕی داعش هەیە، زیاتر لە 1 ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان هەن، حكومەتی هەرێمی كوردستان 2 بۆ 3 مانگە مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2014 میزانییەی هەرێمی كوردستان بڕدراوە”.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی”واجبە لەسەر ئێمە هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بدەین و هیوادارین بەغداش تێگەیشتنی هەبێت”.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا حكومەتی هەرێمی كورستان پێشنیاری نوێی هەیە بۆ بەغدا؟ سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند”هەرچەندە ناتوانم باسی هەموو وردەكارییەكان بكەم، بەڵام ئێمە لە رێگەی رۆژ نوری شاوێس، جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشنیاری نوێی خۆمان گەیاندووە بە بەغدا و خەریكی گفتوگۆكردنین لەگەڵیان”.