نوچەنێت-ئاژانسەكان
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كوێت دەڵێت هەژموونی ئێرانیی تەواو بەسەر عێراقدا زاڵ بووە و لە هەژموونی ئەمریكی و عەرەبی باڵاترە بەسەر ئەو وڵاتەوە و ئەوەش بووەتە سەرچاوەی هەڕەشەیەكی راستەوخۆ و ئەگەری تێكدانی ئاساییی ناوچەكە.
عەبدولڕەحمان جیران ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كوێت دوێنێ لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا هەروەها وتویەتی “ئەوەی لە عێراق روودەدات، بە روونی دەریدەخات كە ئێران دەیەوێت لەو وڵاتەدا یاساكانی دەوڵەتبوون لەناو ببات و یاسای جەنگەڵ لە جێگەی بچەسپێنێ، هەروەك دەیەوێت كلتووری تایفەگەرایی و كافركردنی بەرامبەرەكان و تیرۆر پەرەپێبدات”.
پەرلەمانتارە كوێتییەكە هەروەها وتویەتی ئێران دەیەوێت ئەو فەرهەنگە لە عێراق بسڕێتەوە كە نیشتیمان بۆ هەمووانە و دەبێت هەمووان پێكەوە بە ئاشتییانە پێكەوە بژین، ئەوەش بە وتاری سیاسییە ئێرانییەكانەوە دیارە و هەڵەكانی تاران لە هەموو شوێنێك دەبینرێن.