نوچەنێت-ئاژانسی “تاس”ی رووسی
بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تەمموز ئاشكرای كرد ئێستا 2200 كەسی بە رەگەز رووسی لە ریزەكانی داعشدا دەجەنگێن.
ئۆلیگ سیرۆمۆلۆتۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی “تاس”ی رووسی ئاشكرای كرد كە وڵاتەكەی ساڵی رابردوو 100 دۆسیەی تاوانی دەرهەق بە هاوڵاتییانی رووس كردۆتەوە كە لە ریزی رێكخراوە توندڕەوەكان لە سوریا دەجەنگێن.
بەرپرسە رووسییەكە وتوویەتی ئەوان بە جددییەوە تەماشای لێدوانەكانی رێبەرانی داعش دەكات كە هەڕەشەیان كردبوو شەڕەكانیان دەگوازنەوە بۆ باكووری قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست.
سیرۆمۆلۆتۆڤ وتویەتی سەرەڕای هەوڵەكانمان بۆ رێگری لەوەی هاوڵاتییانی رووس بكەونە ژێر كاریگەری هەڵمەتە راگەیاندنەكانی داعش، تاوەكوو ئێستا وەك پێویست سەركەوتوو نەبووین و تا ئێستا توندڕەوەكان سەركەوتووترن لە جەنگی راگەیاندندا.
ئەو نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقای بە هۆكاری ئەو گرژییە زۆرەی ناوچەكە زانیوە.
سەبارەت بە ژمارەی رووسەكانی ناو ریزەكانی داعش، ئەو وتویەتی لانیكەم 2200 كەسن.