عێراق..چەكداركردنی خەڵكی سڤیل گەیشتۆتە ئاستێكی ترسناك

0

نوچەنێت-عەرەبی جەدید

 

دیاردەی چەكداركردنی خەڵكی سڤیلی شیعە لە ریزەكانی حەشدی شەعبیدا گەیشتۆتە ئاستێكی ترسناك و لە تازەترین هەنگاودا قوتابیان و مامۆستایان و مامۆستایانی زانكۆ و فەرمانبەرانیش چەكدار كراون.

 

محەممەد میاحی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەربەلا بە (عەرەبی جەدید) ی وتووە “تەنیا لە پارێزگای كەربەلا 120 هەزار قوتابی و مامۆستای زانكۆ و فەرمانبەر چوونەتە ریزەكانی حەشدی شەعبی و نێدراونەتە سەربازگەكان و لە مەشقدان”.

 

میاحی وتویەتی “قوتابیان چینێكی دڵگەرمن بۆ شەڕ، ئەوان و خۆبەخشەكانی تریش لە كەربەلا لەلایەن فەسیلی ئەبولفەزلی عەبباسەوە مەشقیان پێدەكرێ، لەلایەن حكومەتەوە چەكیان پێدەدرێ و دواتر دەنێردرێنە سەر سنووری پارێزگاكەمان”.

 

بە وتەی ئەو بەرپرسە حكومیە تەنیا لە كەربەلا، حەشدی شەعبی 48 بنكەی مەشقی سەربازیی كردوونەتەوە و هەزاران كارتی زانیاری پڕكردنەوە بەسەر خۆبەخشاندا بڵاوكراونتەوە.

 

لای خۆیەوە ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی حەشدی شەعبی بە (عەرەبی جەدید)ی وتووە “دەیان و بگرە سەدان بنكەی مەشق لە پارێزگاكان كراونەتەوە بۆ ئەوانەی دەچنە ریزەكانی حەشدی شەعبی. بۆ خوێندكارانیش هەر لە سەرەتای پشووی هاوینەوە دەستمان پێكردووە تا ئامادەیان بكەین بۆ چەك هەڵگرتن و كەی پێویست بوو بانگیان بكەین بۆ بەرەكانی شەڕ”.

 

مەمحموود قەیسی شیكەرەوەی سیاسی دەلێت “كردنەوەی دەرگای خۆبەخشیی سەربازیی و چەكداركردنی خەڵكی لە پارێزگاكانی باشووردا بریتییە لە بە سەربازیكردنی خەڵكی لەسەر بنەمایەكی تایەفی، مەسەلەی حەشدی شەعبیش ئەوەندەی كراوەتە مەسەلەیەكی سیاسی، ئەوەندە پێویستییەكی ئەمنی نییە”.

 

قەیسی هەروەها وتویەتی “هەموو دەزانین كە حەشدی شەعبی بریتییە لە میلیشیاگەلێكی تایەفی كە بەرگێكی یاساییان بەسەردا كراوە، ئەوانە توانای بەرەنگاریی داعشیان نییە و ئەوەندەی بە نیازی چەكداركردنی بەشێكی فراوانی خەڵكی باشووری عێراقن، ئەوەندە بە تەنگ شەڕكردن لەگەڵ داعش نین”.

 

قەیسی رەخنەی لە حكومەت گرتووە و وتویەتی با لەبری چەكداركردنی ئەو هەموو خەڵكە، بیر لە چارەیەكی سیاسی بكاتەوە و كلتووری لێبوردەیی پەرەپێبدات و پرۆژەی ئاشتەوایی نیشتیمانیی بەرهەم بهێنێت كە سەرجەم عێراقییەكان لەخۆبگرێ. “پلانی چەكداركردنی خەڵكی دواجار دەبێتەهۆی تێك و پێكدانی كۆمەوڵگەی عێراقی و درووستبوونی شەڕی تایەفی”.

 

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com