نوچەنێت.ههولێر:
نێچیرڤان بارزانی رایدەگەێنێت،كەمكردنەوەی كورسیی كۆتای توركمان و مەسیحییەكان پاشەكشەیەكی زۆر گەورە دەبێت لە بارەی پێكەوە ژیان و دیموكراسییەت، وتیشی،ئێمە دژی ئەوەین.
ئەمرۆ وەفدی پارتی بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی ئەو حیزبە، بۆ گفتوگۆكردن سەردانی بارەگای ماڵی توركمانانی لە شاری هەولێر كرد و لەلایەن حزب و پەرلەمانتارە توركمانییەكانەوە پێشوازی كران، لە كۆبوونەوەیەكدا پرسی نووسینەوەی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سازان و گفتوگۆ لەسەر پرسە نیشتمانییەكان و چەند بابەتێكی دیكەی تایبەت بە كێشەی توركمانەكان تاوتوێ كران، دوای كۆبونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن سازكرد.
لەلای خۆییەوە نیچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە كرد و ئاماژەی بەوە دا، كە بیروبۆچوونی حزبەکەیان دەربارەی ئەو پرسانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەن، بۆ لایەنە توركمانەكانیان خستووەتە ڕوو و جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كە لەم قۆناغەی ئێستای كوردستاندا پێویستیان بە لێكگەیشتن و سازان هەیە لەسەر هەموو ئەو پرسە چارەنوسسازانەی دێنە پێشەوە، خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی كە گوتاری هەینی لە هەولێر بە زمانی توركمانی بووە و ئەمەی بە جێگەی شانازی قبووڵ كرد بۆ هەموو ئەو پێكهاتانەی لەم وڵاتەدا بە ئاشتی و برایەتی پێكەوە دەژین، بڕیاریشی دا كە شوێنێكی گەورەتر و باشتریان بۆ دابین بكات.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو پێكهاتانەی لەگەڵ كورد لە هەرێمی كوردستان دەژین، وەك كەمنەتەوە سەیریان ناكەن، چونكە ڕەگ و ڕیشەیان لەم وڵاتەدا هەیە و پێكهاتەی توركمانیش وەك دووەم پێكهاتەی هەرێم ڕۆڵی باشیان هەبووە لە هەموو قۆناغەكاندا، هیوای خواست ئەو كێشانەی لە ئایندەشدا دروست دەبن، بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.
دەربارەی هەوڵی كەمكردنەوەی كورسیی كۆتای توركمان و مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان، بارزانی ئاماژەی بەوە دا، گەر ئەو هەنگاوە بنرێت، پاشەكشەیەكی زۆر گەورە دەبێت لە بارەی پێكەوەژیان و دیموكراسیی لە هەرێمی كوردستان، پارتی پێی وایە نابێت بەم شێوەیە ڕەفتار لەگەڵ كۆتای توركمان و مەسیحی بكرێت و دژی شتێكی وان. هەروەها هیوای خواست، لە هەرێمی كوردستان ئەوە ڕوونەدات، لە كۆبوونەوەكەشدا ئەوە باس كراوە، جیا لە باسكردنی پرسی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان. هەروەها ڕوونی كردەوە كە دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، پەیوەندی تەنیا بە لایەنێكی سیاسییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و دەبێت دەستووریش مافی هەموو نەتەوە و ئایینەكانی هەرێم بپارێزێت.
لە بەردەوامیی قسەكانیدا، جێگری سەرۆكی پارتی دووپاتی كردەوە پێویستە پرسە گرنگ و نیشتمانییەكان لەگەڵ هەموو لایەنەكان و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان باس بكرێت و سازانی لەسەر بكرێت، توركمانیش بەشێكن لە هاووڵاتیانی كوردستان، بۆیە دەبێت گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت و بیروبۆچوونی ئەوانیش وەربگیرێت.
دەربارەی ئەوەی كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە گوتوویەتی دەبێت پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان چارەسەر بكرێت، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە ئەمە پرسێكی پەرلەمانییە و پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە و دەبێت لایەنەكان چارەسەری بۆ بكەن، ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاشی بە دەستخستنەناو كاروباری هەرێمی كوردستان نەزانی.
لای خۆیەوە، ئایدن مەعرووف بە ناوی لایەنە سیاسییە توركمانییەكانەوە، باسی لەوە كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كراوە.
لەبارەی دەنگۆی ئەوەیش كە دوای كشانەوەی لیستی پارتی لە كۆبوونەوەی 23ی حوزەیرانی ڕابردوو، لایەنە توركمانییەكانیش خۆیان لە كۆبوونەوەكە كشاندووەتەوە، جەختی كردەوە كە ئەم دەنگۆیە دوورە لە ڕاستی و ئەوان پێشوەختە بڕیاری خۆیان دابوو بەشداری لەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان نەكەن، چونكە باوەڕیان وابوو لە خزمەتی هەرێمی كوردستاندا نییە و پشتگیریی لایەنە توركمانەكانیشی بۆ سازان و لێكگەیشتن دووپات كردەوە و كەمكردنەوەی كۆتای توركمان و مەسیحییەكانیشی بە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان لەقەڵەم دا و رەتی كردەوە بە شتێكی وا ڕازی ببن.