نوچەنێت.ههولێر:
بەرپرسی میحوەری باشووری کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هیچ پێشمەرگەیەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعشدا بەدیل نەگیراوە و داعشیش زیانی زۆری بەرکەوتووە.
شەوى ڕابردوو لە باشوورى کەرکوک شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و چەکدارانى داعشدا دەستیپێکرد و تاکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو،لەوبارەوە وەستا ڕەسوڵ بەرپرسی میحوەری باشووری کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە بە NRT ڕایگەیاندوە:شەوی ڕابردوو بە درێژای ٢٠ کیلۆمەتر چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و لە بەرامبەردا ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و دوای کۆنترۆڵکردنی گوندی موڕە لەلایەن داعشەوە هێرشیان کردووەتە سەر داعش و توانیان گوندەکە لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵ بکەنەوە.
بەرپرسی میحوەری باشووری هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکوک ڕاشیگەیاند:داعش زیانی زۆری بەرکەوتووە و نزیکەی ١٠٠ چەکداری داعش کوژراون کە هاوپەیمانانیش بەردەوام بوون لە بۆردومان کردنی داعش.
وەستا ڕەسوڵ وتیشی”لە ڕووبەڕووبوونەوەکەی شەوی ڕابردوودا شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و ١٩ پێشمەرگەش برینداربوون و هیچ پێشمەرگەیەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعشدا بەدیل نەگیراوە.
لە بارەی زانیارییان لە بارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند،پێشتر زانیارییان هەبووە لە هێرشکردنی داعش و ئەوان لە ئامادەباشیدابوون بۆ هەر هێرشێکی داعش.