نوچەنێت.ههولێر:
نێچیرڤان بارزانی لەكۆبونەوەی لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كۆمەڵێك وەعدی بەعەلی باپیر دا وەكو ئازادكردنی گیراوەكانیان و چارەسەركردنی كیشەی داخستنی دەزگا راگەیاندنەكانیان.
دوای ئەوەی ئەمرۆ وەفدی پارتی بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی ئەو حیزبە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی دەستور و كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیان كرد لە شاری هەولێر و لەگەڵ مامۆستاعەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ و بەرپرسانی ئەو حیزبەوە كۆبونەوە و دوای كۆبونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن سازكرد.
مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی وتی:شاندی پارتی بەمەبەستی تاوتوێكردنی ئەو پرسە گرنگانەی كە هەموولایەكمان پێیانەوە سەرقاڵین بەتایبەتی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستور سەردانی ئیمەیان كردو ئێمە گوێمان لەوان گرت و بۆچنەكەی پارتیمان وەرگرت و دواتریش خۆمان گفتوگۆ و راوێژی خۆمان دەكەین.
لای خۆیەوە مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە لە كۆبوونەوەكەدا بیروبۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستانیان لەبارەی كێشەكانی دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە و ئەوانیش لای خۆیانەوە ڕاوێژ لەبارەی ئەم دوو پرسە و كۆی پرسەكانی دیكە دەكەن.
باپیر دووپاتی كردەوە كە پێویستە هەموولایەك زیاتر بپرژێنە سەر چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی هەرێمی كوردستان و سازان و لێكگەیشتنیشی بە باشترین ڕێگا بۆ چارەسەری كێشەكان زانی و دووپاتی كردەوە پێویستە كەشێكی گونجاو بۆ سازان ئامادە بكرێت و هیوای خواست لە ماوەیەكی نزیكدا بگەنە ئەنجامێكی وەها كە لە بەرژوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بێت.
ئەمیری كۆمەڵ جەختیشی لەوەكردەوە كە:سازان تاكە رێگای چارەسەرە بۆ گرفتەكان و هێنانەدی ئامانجەكان.
راشیگەیاند:باسی گیراوەكانمان كردوەو وەڵامی ئیجابیشمان لە شاندی پارتی وەرگرتوە.
لەلای خۆشییەوە نیچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی وتی:زۆر سوپاسی پێشوازی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەكەین،كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئێمە كۆبونەیەكی زۆر راشكاوانە بوو، قسەمان لەسەر ئەوپرسانە كرد كە بەشیوەیەكی گشتی پەیوەندیان بە هەرێمەوە كوردستان هەبوو بەتایبەتی پرسی دەستور و سەرۆكاتی هەرێم.
لەبارەی دەستگیركردنی چەند كادرێكی كۆمەڵی ئیسلامی و دەنگۆی داخستنی چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندنیان، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی خستە ڕوو كە ئەوان ئاگاداری ئەوە نین هیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندنی سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی داخرابێت و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەن. هەروەها باسی لەو ڕووداوانە كرد كە دوای دانیشتنی 23ی حوزەیرانی پەرلەمانی كوردستان ڕوویان دا بە تایبەت دەستگیركردنی چەند ئەندامێكی كۆمەڵ و گوتی لە كۆبوونەوەكەدا باسی ئەم پرسە كراوە و چارەسەری دەكەن و نایەڵن ئەو ڕووداوانە ببنە ئاستەنگ لەبەردەم ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان لایەنەكاندا دەستی پێكردووە، لەمباریەشەوە سوپاسی مامۆستا عەلی باپیری كرد بۆ هەستكردن بە بەرپرسیارییەتی.
وتیشی:لەم قۆناغەی ئیستا كە میللەتەكەمان پێدا تێپەڕدەبێت دەبێت كیشەكان بە سازان و گفتوگۆ و قسەكردن چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە چونكە لەوە زیاتر هیچ رێگەیەكی تر شك نابەین و ئەم گفتوگۆیەی ئێمە بەردەوام دەبیت بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێكی باش.
ئەوەشی خستە ڕوو ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە هەموو لایەنەكان لەسەر سازان و گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان كۆكن و پێچەوانەی ئەو خواستەی نەبینیوە.
لە بەردەوامیی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە نەك تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵكو هەموو لایەنەكانی كوردستان بەرامبەر چارەسەركردنی كێشەكان بەرپرسیارن و ئەو كۆبوونەوانەشی بە سەرەتای دۆزینەوەی چارەسەر قبووڵ كرد. جەختی لەوەش كردەوە كە پرسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەنیا پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستانەوە هەیە و پرسەكەش پرسی تاكەكەس نییە دەبێت هەموویان بەشدار بن لە بڕیاردان و ناشمانەوێت بە تەنها بڕیار بدەین،ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لەبەردەم قەیرانێكی زۆر گەورەدایە، لەلایەكەوە هێشتا هەڕەشەكانی داعش كۆتایی نەهاتوون و لەلایەكی دیكەشەوە ڕەوشی داراییی هەرێمی كوردستان زۆر خراپە، بۆیە وەك پارتی لەو بڕوایەدان كە نابێت كێشەی دیكە بۆ هەرێم زیاد بكرێت و هەموو لایەنەكانیش لەسەر ئەمە كۆكن.