نوچەنێت.تایبەت:
دوای دەست لە كاركێشانەوەی ئەندامێكی بادینی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی، هێشتا شۆكی ئەو ڕووداوە ئەو حیزبەی بەرنەداوە و لە كاریگەرییەكەیشی بە جۆرێكە، زیاتر لە پارتی نزیك تری دەكاتەوە، بەڵام سەركردایەتی بادینانی ئەو حیزبە دەڵێن:”ئەو ڕووداوە لە ئەنجامی ئیلتیزام نەكردنی فراكسیۆن بووە بە پەیڕەو و سەركردایەتییەوە”.
دەست لە كاركێشانەوەی دیندار دۆسكی سەكردەی دیاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ناوچەی بادینان، لە دوای بەشداری كردنی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە دانیشتنەكەی رؤژی (23/6/2015) پەڕلەمانی كوردستان، كە تێیدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ سێ پرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرا و بارگرژی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا درووست كرد، رووداوێك بوو كە ئەو حیزبەی تووشی شۆك كرد، بە جۆرێك كە بۆچوونەكانی ئەو حیزبەی لەبارەی رووداوەكەوە بۆ دوو بەرە دابەشكردووە، بەرەیەكیان پێیوایە جێدەستی پارتی بەو رووداوەوە دیارە، بۆیە ئێستا هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە كە لەو حیزبە زیاتر نزیك ببنەوە و كاریگەری ئەو رووداوەیەش كەمتر بكەنەوە، بەرەیەكیشیان كە سەركردایەتی ئەو حیزبەن لە بادینان دەیگێڕنەوە بۆ ئیلتیزام نەكردنی فراكسیۆنەكەیان بە پەیڕەو و سەركردایەتی حیزبەكەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەركردایەتی بادینانی ئەو حیزبە بە نوچەنێتی ڕاگەیاند، ئەو ڕووداوە دەستی هیچ لایەنێكی تێدانەبووە، تەنها هەڵوێستێكی ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو بووە، لەبەرانبەر هەنگاوێكی فراكسیۆن بەبێ لەبەرچاو گرتنی بڕیاری سەركردایەتی.
سەرچاوەوە وتیشی: “فراكسیۆنی یەكگرتوو پێشێلی پەیڕەوی كردووە، ئێمەیش داوامان كردووە كە ئیلتیزام بە پەیڕەو و سەركردایەتییەوە بكرێت، ئەوان ئیلتیزامەیان نەكردووە، بۆیە كاك دینداریش هەڵوێستی وەرگرتووە و سەركردایەتی یەكگرتوویش لە بادینان لەو بێ ئیلتزامییە نیگەران بوون”.