نوچەنێت.ههولێر:
بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی راگەیاند،لە ماوەی شەش مانگی رابردوو 30 ئاوارەی عەرەبیان دەستگیركردووە كە پێشتر لە ناوچەكانی خۆیان بەیعەتیان بە داعش داوە و هەندێكیشیان چەكداری ئەو رێكخراوە بوون.
عەمید ئەحمەد نادر، بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە چەمچەماڵ بە (رووداو)ی راگەیاندوە، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 30 ئاوارەی عەرەبیان لە شارۆچكەی چەمچەماڵ و ناحیەكانی بازیان و تەكیە و شۆڕش بەپێی مادە 4ی تیرۆر دەستگیر كردووە كە سەرجەمیان خەڵكی پارێزگای ئەنبار بوون.
ئەو بەرپرسەی ئاسایش رەتیكردەوە كە ئەو كەسانە بەنیازی كاری توندوتیژی و تەقینەوە بووبن لە كوردستان و وتی”ئەو كەسانە بەنیازی هیچ كردەوەیەكی تیرۆریستی نەبوون،بەڵام پێشتر بەیعەتیان بە داعش داوە و هەندێكیشیان چەكداری داعش بوونە و بەشێكی دیكەشیان شایەتیان لەسەرە و هەندێكیشیان هێشتا لە ژێر لێكۆڵینەوەدان بۆیە دەستگیركراون”.
رونیشیكردەوە”بەپێی ئەو رێنماییانەی لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بۆمان دێت، پێویستە هەر كەسێكی عەرەب كە دێتە سنوورەكەمانەوە فۆرمێك پڕ بكەنەوە و هەندێكیان كەفالەت و ناسنامەشیان لێ وەرگیراوە و بە تەواوی خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، بەڵام هەمووشیان خەڵكانی خراپ نین”.
عەمید ئەحمەد راشیگەیاند”خۆیان لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا نەناوە كە پەیوەندییان ماوە یاخود نا،بەڵام ئێمە زانیاریمان هەیە كە ژێر بەژێر و لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان هەبووە”.
وتیشی “ئەو كەسانە زیاتر ویستوویانە لە چەمچەماڵ و دەوروبەری خۆیان حەشار بدەن”.