دزەیی: بەغدا لە گۆشەگیركردنی هەرێم سەرنەکەوت و پڕۆژەیەكی گرنگیشمان بۆ كەركوك هەیە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، هەوڵەكانی بەغدا بۆ گۆشەگیركردنی هەرێم بەبڕینی بودجە سەرنەکەوت، ئاشكرایكرد ئەگەر بەغدا بەدابینكردنی بودجەی كەركووك پابەند نەبوو ئەوا حكومەتی هەرێم نەوتی كەركووكیش بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەفرۆشرێت و بودجەی ئەم شارە دابین دەكات.

سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم كوردستان، وتەبێژی حكومەتی هه‌رێم رایگەیاند”لەسەرەتای 2014 مالیكی بەبڕیارە تاكڕەویەكەی بەشی هەرێمی كوردستانی لەبودجەی فیدرالی بڕی دەیویست ئەو پێشكەوتن و پێشڤەچوونانەی لەهەرێمی كوردستاندا هەن رابگرێت”.

وتیشی”كەسانێك مالیكیان هێنابووە قەناعەت بەوەی ئەگەر ئەو سیاسەتە پەیڕەو بكات ئەوا هەرێمی كوردستان گۆشەگیردەبێت وخەڵكی كوردستان لەدژی حكومەت رادەپەڕن و بەغداش مەرجەكانی خۆی بەسەر حكومەتی هەرێم دادەسەپێنێت وحكومەتی هەرێمیش ناچار دەبێت ملكەچی ئەو مەرجانە بێت”.

دزەیی هەوڵی بەغدای بە شكەستخواردوو لەقەڵەمدا بەهۆی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان بەوەی كە خۆیان بە خاوەنی ئەو حكومەتە دەزانن وحكومەت سیاسەتێكی حەكیمانە پەیڕەو دەكات كە وادەكات جەماوەری كوردستان نەچنە ژێر باری هەوڵی لەم جۆرە.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەو رێوشوێنە سەرەتایانە دا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەدا پەیڕەوی كرد بە كەمكردنەوەی خەرجی وبەڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆ وبیانیەكان توانرا مووچە دابین بكرێت ئەگەرچی لەماوەی مانگێك تا 45 رۆژ دواكەوتنی تیادا هەبوو. هەروەها گوتی ” لە 22ی مایسی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو نەوتی خۆی بخاتە بازاڕە نێودەوڵەتیەكان”.

وتەبێژی فەرمی حكومەت ئاماژەی بە رێككەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا كرد و رایگەیاند”لەمانگی نیسان وئایاری ئەمساڵ هەرێمی كوردستان بەتەواوی پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێكردنی رێكەوتنەکە نیشانداوە بەهەناردەكردنی بڕی تەواوی نەوت كە رێككەوتنی لەسەركرابوو. رونیشیكردەوە ئەوەی بەغدا ناردی نزیكەی 30 تا 40 لەسەدی شایستە داراییەكانی هەرێمە”.

هەروەها گوتی “ئەو نەوتەی كە رادەستی سۆمۆ كرا ئەگەر لە بازاڕەكانی جیهان بفرۆشرابوایە ئەوا زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبوو، كەچی بەغدا تەنها 350 تا400 ملیۆن دۆلاری مانگانە لە مانگەكانی کانونی دووەم تا نیسان ناردووە کە دەکاتە كۆی یەک ملیار وهەشت سەد ملیۆن دۆلار- لەکاتێک كە دەبوایە لایەنی كەم پێنج ملیار دۆلار بنێرێت – ووایکرد بارودۆخەكە بەرەو ئاقارێكی خراپتر ببات چونكە لەو كاتەی ئێمە هیچ رێككەوتنێكمان لەگەڵ بەغدا نەبوو مانگێك تا 45 رۆژ مووچە دوا دەكەوت كەچی ئێستا رێككەوتن هەیە وئێستا زیاترە لە 3 مانگ مووچە نەدراوە”.

دزەیی جەختی لەسەر هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە بە پابەندبوون بە رێككەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا وچارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2015، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە كە حكومەتی هەرێم ناچارە رێگەچارەی دیكەی یاسایی بگرێتەبەر بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران وبودجەی تەشغیلی وپارەی بەڵێندەران.

دزەیی ئاشكرایكرد”ئێستا نزیكەی شەش هەزار پرۆژە بە بودجە وگوژمە وقەبارەی جیاجیاوە لەهەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە راگیراون وئەوە وایكردووە بازاڕی هەرێمی كوردستان كزی بەخۆیوە ببینێت وبەڵێندەرانیش بكەونە گرفتی گەورەی دارایی. هاوكات سوپاسی بەڵێندەرانی كرد كە تا ئێستا توانیویانە بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرن ودووپاتیكردەوە حكومەت بەهەموو شێوەیەك كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان دەكات. هەروەها گوتی “بەپێی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێم بۆی هەیە هەر رێگەچارەیەك بگیرێتە بەر بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی خەڵكی كوردستان ورێگەچارەی سەرەكیش لەمبارەیەوە فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتی هەرێمی كوردستانە وەكو سەرچاوەی سەرەكی بۆ دابینكردنی بودجەی هەرێم”.

وتەبێژی حكومەت ئەوەشی راگەیاند”كە كۆمپانیاكانی نەوتی جیهانی جدیەتیان لەبارەی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان نیشانداوە بۆ پرسی فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتی هەرێمی كوردستان وئاشكرایكرد بەم شێوەیە زیاتر لە 90 لەسەدی پێداویستیەكانی هەرێمی كوردستان بەم نەوتەوە دابین دەكرێت. هاوكات تیشكی خستە سەر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەوت وگاز لەگەڵ حزب ولایەنە سیاسیەكانی نێو حكومەتی هەرێم ودووپاتیشیكردەوە حزب ولایەنە سیاسیەكان پاڵپشتی تەواویان بۆ حكومەت نیشاندا بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی هەرێم ئەمە جگە لەپەرلەمانی كوردستان وكوتلەی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

سەفین دزەیی رەتیكردەوە ئەمڕۆ شتێك هەبێت بەناوی قەیرانی بەنزین چونكە كێشەكە وا نەبوو كە گەورە كرا وهۆكارەكەیشی تەكنیكی بوو هەروەها گوتی “قەبارەی بەرهەمهێنانی هەردوو پاڵاوگەی بازیان وكەورگۆسك نزیكەی سێ ملیۆن و 200 لیترە وهەرێمی كوردستانیش پێویستی بە نزیكەی شەش ملیۆن لیتر هەیە رۆژانە بۆیە پێویستی دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان چ راستەوخۆ یانیش لەڕێی كۆمپانیاكان بۆشاییەكە پڕبكاتەوە وبەنرخی بازاڕ بیكڕێت وبەنرخی پاڵپشتی بیفرۆشێتە خەڵك، ئەمەش بارگرانیە لەسەر حكومەت بەڵام ئەركی خۆیەتی ودەبێ بیكات”.

وتەبێژی فەرمی حكومەت هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە گوایە توركیا لە گەیشتنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان رێگر بووبێت بەڵكو وەك رایگەیاند توركیا ئاسانكاری زۆری لەبواری ئابوری وبازرگانی ووەبرهێنانی بۆ هەرێمی كوردستان كردووە، بەبەڵگەی ئەوەی ئێستا قەبارەی بازرگانی ووەبەرهێنان لەنێوان عیراق وتوركیا نزیكەی 10 ملیار دۆلارە كە حەفت تا هەشت ملیاری بۆ هەرێمی كوردستانە. توركیا زۆر سوودی لەهەرێمی كوردستان وەرگرتووە وهیچ رێگریەك ناكات.

هەروەها گوتی “دوای هەڵبژاردن، سەردانی توركیام كرد ولەگەڵ چەند لایەنێكی حكومی وسیاسیش كۆبوومەوە، هەموو لایەنەكان پاڵپشتیان لە پەیوەندی باشی سیاسی وئابورین لەگەڵ هەرێمی كوردستان وحكومەتی ئیئتیلافیش دروست ببێت ئەوا لەسەر هەمان رێگە دەڕۆن چونكە یاسا وپلانی حكومەت كاری پێدەكرێت نەوەكو كەسێك یان لایەنێك”.

لەبارەی ئەوەی حكومەت چی لەهەگبەدایە بۆ كەركووك،سەفین دزەیی وتی”لەساڵی 2003ـەوە تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەزۆر بواری جیاجیادا خزمەتی زۆری بەكەركووك گەیاندووە بەتایبەتی لەڕووی تەندروستی وپەروەردە ووزەشەوە ئەمە جگە لەهەڵگرتنی بەرپرسارێتی ئاسایشی كەركووك. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە ئەگەر بەغدا بەدابینكردنی بودجەی كەركووك پابەند نەبوو ئەوا نەوتی كەركووكیش بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەفرۆشرێت وهەرێمی كوردستانیش بودجەی ئەم شارە وپارەی پیترۆدۆلاریش بۆ كەركووك دابین دەكات وگفتوگۆ لەگەڵ پارێزگاری كەركووك وئەنجومەنی پارێزگا بەردەوامن وهیواخوازین حكومەتی بەغداش بەكردەوەكانی خۆیدا بچێتەوە ومووچەی هەرێمی كوردستان وكەركووكیش دابین بكات نەوەكو لێیان ببڕێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە موچەی شارەكانی ژێر دەستی داعش دابیندەکات.”

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com