لە ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە هاوپەیمانێتی شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق سەرۆكی نییە و تا ئێستا كۆدەنگییان نییە لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆكایەتی ئەو لیستە كە سەرجەم لیستە شیعەكان لەخۆدەگرێ، ئەندامێكی لیستەكەی مالیكیش پێشنیارێك دەخاتەڕوو بۆ دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ سەرۆكایەتی هاوپەیمانیی نیشتیمانی عێراقی، كە هاوپەیمانێتی لایەنە شیعەكانە.
محەمەد سەعدون سەیهود ئەندامی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا ،كە یەكێكە لە پێكهێنەرانی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراق، دەڵێت سێ سیناریۆ هەن بۆ دیاریكردنی سەرۆكی لیستی یەكگرتووی شیعەكان.
سەیهود دەڵێت سیناریۆكان ئەمانەن:
1-ئەو پۆستە بكرێتە دەوری و هەر ماوەیەك ئەندامی یەكێك لە لیستە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتییەكە وەریبگرێ.
2-سەرۆكی لیستە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتییەكە كۆببنەوە و لەسەر دیاریكردنی كەسێك بگەنە كۆدەنگی.
3-چەند كەسێك خۆیان كانید بكەن و لەناو لیستە هاوبەشەكەدا دەنگدانیان بۆ بكرێ.
بەڵام تا ئێستا هیچ لایەك وەڵامی ئەم پێشنیارەی سەیهودی نەداوەتەوە.