نوچەنێت.ههولێر:
بەرپرسێكی پارتی لە جەلەولا رایگەیاند،ئاوارەكان لەبەر دوو هۆكار ناتوانن بە ئارامی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵەكانیان لە سەعدییە،یەكەمیان نەبوونی خزمەتگوزارییە، دووەمیش بوونی حەشدی شەعبییە.
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری داوە ئەم هەفتەیە 200 خێزانی دیكەی ئاوارە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانیان لە سەعدییە،لەوبارەیەوە عامر رەفعەت،بەرپرسی لیژنەی ناوچەی جەلەولای پارتی،بە ماڵپەریی حیزبەكەی راگەیاند”پێویست بوو لە یەكەم هەفتەی رزگاركردنی سەعدییە و جەلەولادا خەڵگ بگەڕایەوە سەر ماڵەكانیان، بەڵام رێگرییان لێ كرا، چونكە ئەگەر گەڕابانایەوە بەم شێوەیە ماڵەكانیان تاڵان نەدەكرا”.
وتیشی”ئاوارەكان لەبەر دوو هۆكار ناتوانن بە ئارامی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵەكانیان،یەكەمیان نەبوونی خزمەتگوزارییە، دووەمیش بوونی حەشدی شەعبییە، لەبەر ئەوەی پێشتر ١٤٠خێزان گەڕانەوە، بەڵام حەشدی شەعبی شەوانە دەچوونە سەر ماڵەكانیان و تەقەیان لێ دەكردن و بێزاریان دەكردن، بۆیە بە ناچاری گەڕانەوە بۆ خانەقین”.
بەرپرسەكەی پارتی راشیگەیاند”باشترین رێگەچارە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان ئەوەیە، پێشمەرگە خۆی پارێزگاری لەو ناوچانە بكات، چونكە پێشمەرگە جیاوازی لە نێوان هیچ كەسێكدا ناكات و هەموویان بە بێ جیاوازی دەپارێزێت”.