نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەڵێت، بەھیچ شێوەیەک سەرۆکی پەرلەمان نابێتە سەرۆکی ھەرێم و شتی واش ڕوونادات، چارەسەری ئەو گرفتە دەکرێت بەر لەو وادەیە.
دوای لێدوانەکەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پۆستەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێم کە ڕایگەیاندبوو، لەئەگەری ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردندا سەرۆکی پەرلەمان ماوەی ٦٠ ڕۆژ دەبێتە سەرۆکی ھەرێم و کارەکانی ڕاییی دەکات.
لەبەرامبەردا ئاری ھەرسین ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی کە ھاوکات ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبەشە بە snnی ڕاگەیاندوە”سەرجەم پرسەکان لەھەرێم بەتەوافوق کراوە،مەسعود بارزانی ڕایگەیاندوە کە ئەو پرسەی خستۆتە بەردەم پەرلەمان و ھەر بڕیارێک لەلایەن پەرلەمانەوە بدرێت، پێوەی پابەنددەبێت”.
ئەوەشی ڕوونکردەوە”لەئێستادا چەند پرسێک ھەیە نابێت بەو شێوەیە باسی لێوەبکرێت، کە دەزانرێت کاریگەریی لەسەر یەکڕیزیی ماڵی کورد دەبێت، ئەوەشی وت:”ھەموو ھەوڵێک دەخەینەگەڕ کە چارەسەری ئەو گرفتە یاساییە بکەین”.
ئاری ھەرسین جەختیکردەوە لەسەرئەوەی”بەھیچ شێوەیەک سەرۆکی پەرلەمان نابێتە سەرۆکی ھەرێم و شتی واش ڕوونادات، چارەسەری ئەو گرفتە دەکرێت بەر لەو وادەیە”.