نوچەنێت.ههولێر:
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە دەڵێ،پارتی پڕۆژەی بۆ کۆبوونەوەی پێنج حزبەکە دەبێت کە لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوە دەکەن و دەشڵێت،پارتی زۆر بێمنەتە لەوەی کێ خۆی کاندید دەکات بۆ سەرۆکی ھەرێم.
سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی پەرلەمان تاوەکو ١٥ی ئەم مانگ چاوەڕوانی پارتی دەکەن، ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەگەر پڕۆژەی نەبێت بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، ئەوکات راپۆرت لەسەر پڕۆژەی لایەنەکان دەنوسرێت.
فازڵ بەشارەتی بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە بەSNNی ڕاگەیاندوە”پارتی پڕۆژەی بۆ کۆبوونەوەی پێنج حزبەکە دەبێت کە لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوە دەکەن“.
راشیگەیاند”زۆر بەدڵنیاییەوە دەڵێم پارتی ھیچ جۆرە ڕەزامەندییەکی نییە، بۆئەوەی سەرۆکی ھەرێم لەپەرلەمانەوە دەنگی پێبدرێت و لەوێوە ھەڵبژاردنی بۆ بکرێت“.
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونکردنەوەی زیاتری داو وتیشی””قسەم لەسەر ناوەڕۆکی پڕۆژەی پارتی نییە، چونکە تائێستا پارتی پڕۆژەی بۆ پەرلەمان ئامادە نەکردووەو پڕۆژەشی نابێت
لێدوانی ئەم بەرپرسەی پارتیش لەکاتێکدایە کەلەئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆکۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییە بەشدارەکەی حکومەتی ھەرێم بەمەبەستی سازان لەسەر پرسی ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم،فازڵ بەشارەتی دەڵێت”پارتی زۆر بێمنەتە لەوەی کێ خۆی کاندید دەکات بۆ سەرۆکی ھەرێم و بەشداریکردن لەھەڵبژاردن، بەمەرجێک ڕاستەخۆی لەلایەن گەلەوە دەنگ بدرێت، چونکە پارتی کاندیدەکەی خۆی ئەوەندە بەلاواز نازانێت کە داوا بکات خەڵکی دیکە دەنگی پێبدات“.
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی ڕاشیگەیاند”ھەرکاندیدێک لەھەڵبژاردندا سەرکەوت، زۆر بەلامانەوە ئاسایی دەبێت و پیرۆزبایی لێدەکەین کە دەبێتە سەرۆکی ھەرێم، بەمەرجێک لەلایەن خەڵکەوە بەشێوەیەکی دیموکراتی ھەڵبژێردرێت“.