حيزبى دیموكرات: لە قەسر شیرینەوە تا سێ گۆشەی سنوور هێزەكانمان چالاكییان هەیە

0

مەكتەب سیاسییەكی دیموكرات بۆ نوچەنێت: لە قەسر شیرینەوە تا سێ گۆشەی سنوور هێزەكانمان چالاكییان هەیە

 

بە پێویستی نازانین وەڵامی پژاك بدەینەوە

 

لەگەڵ پەكەكە پەیوەندیمان باشە و لە پرسە سیاسییەكاندا هاوكاری یەك دەكەین

 

نوچەنێت: تایبەت

 

محەمەد نەزیف قادری ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لەم دیمانەیەی نوچەنێتدا تیشك دەخاتە سەر پەیوەندییەكانی ئێستای حیزبەكەی و پارتی كرێكارانی كوردستان، پەكەكە، كە لە دوای شەڕ و گرژییەكانی نێوانیان و شەهید بوونی پێشمەرگەیەكی دیموكرات و برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەكی تریان، ئاڵۆز بووبوون، قادری رەتی دەكاتەوە كە خەباتی ئەوان لە ناو سنوورێكی (60) كیلۆمەتریدا بەرتەسك كرابێتەوە و رایدەگەیەنێت، كە لە تەواوی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئێراندا، چالاكییان هەیە.

 

نوچەنێت: زانیارییەك لە زاری چەند فەرماندەیەكی ئێوەوە بڵاو كراوەتەوە، كە گوایە پارتی كرێكارانی كوردستان رووبەڕی (60) كیلۆمەتری لە ناوچەی كێلەشین كە دەكەوێتە سەر سنوری نێوان هەرێمی كورستان و دەوڵەتی ئێران بەجێهێشتووە، ئایا ئێوە بەو ناوچە بەرتەسكە رازین، ئایا ئەو ناوچە بەرتەسكە نابێتە هۆی زیاتر كۆنتڕۆڵ كردنی چالاكییەكانتان لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە؟

قادری: ئەو زانیارییانە راست نین، ئێمە لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان پێشتر پەیوەندییمان هەبووە، لە دوای ئەو تێكهەڵچوونەی یەكەیەكی پێشمەرگەكانی ئێمە لەگەڵ گەریلاكانی ئەوان كە بووە هۆی شەهید بوونی پێشمەرگەیەكی ئێمە و بریندار بوونی چەند پێشمەرگەیەكی ترمان، ئەو حاڵەتە هاتە پێشەوە، دوای ئەوە ئێمە لە رێگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی هەیئەتێك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، چەند دانیشتنێك لە نێوان ئێمە و پەكەكە سازكرا، بۆیە ئێستا ئێمە ئەو گرژیانەمان كۆتایی پێهێناوە، ئێستا پەیوەندی نێوان ئێمە و پەكەكە پەیوەندییەكی ئاساییە و لەسەر ئەو پرسە سیاسییانەیش كە دێنە پێش، ئاڵوۆڕی بیروڕامان هەیە و ریعایەتی حاڵی یەكیش دەكەین.

نوچەنێت: ئەگەر ئەو زانیارییانە راست نین كە لە زاری چەند فەرماندەیەكی خۆتانەوە بڵاو كراونەتەوە، ئەی هەقیقەتی بابەتەكە چییە، ڕێككەوتنەكەتان لەسەر چی بووە؟

قادری: پێویست ناكات باسی وردەكاری رێككەوتنەكە بكەین، بەڵام دەڵێم ئێمە و پەكەكە پەیوەندیمان پێكەوە هەبووە، پەیوەندییەكەیش لەسەر ئەوەیە، كە ئاڵوگۆڕ لە تێڕوانین و هاوكاری لەسەر پرسە سیاسییەكانی تایبەت بە بزووتنەوەی كورد بە گشتی و وە بزووتنەوەی كورد لە رؤژهەڵاتی كوردستان، چونكە حیزبی دیموكراتی كوردستان ئێستا وەك هێزێكی كارا و شوێندانەر، كاریگەری لەسەر ئەو بزووتنەوەیە هەیە، وە پەكەكەیش ئەو واقیعەی قبوڵە، ئەوە لە بارەی بزووتنەوەی كورد لە رۆژهەڵڵات.

لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستانیش، ئێمە سیاسەتی پشتیوانیكرنمان لە پرسەی ئاشتی هەبووە و هەیە و پێمانوایە كە گەلی كورد لە باكوری كوردستان، دەبێت وەك پێویستییەكە پەرە بەو پرۆسەیە بدات، پێمانوایە بزووتنەوەی كورد لە هەر چوار پارچەكە لە دۆخێكدایە، كە پێویستی بە یەك گوتاری هەیە و تێكۆشەرانی كورد لە هەر شوێنێكی دونیا بن، دەبێت لەگەڵ ئەو خەباتە هاوكاری بكەن.

نوچەنێت: بەڵام زانیارییەك هەیە دەری دەخات، كە سنووری چالاكییەكانی ئێوە بەرتەسك كراوەتەوە لەو شوێنانەی كە سنووری هەرێمی كوردستان و ئێرانن و دەكەونە ژێردەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ئەمە تاچەند ڕاستە، ئەگەر ڕاست نیە ئەی چ چالاكییەكتان هەیە لە سنوورەكانی تری نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئێران؟

قادری: ئێمە لە سنوورەكانی پارێزگای ئیلام و كرماشانەوە، تا سنووری پارێزگای كوردستان كە ناوچەكانی سەر بە شاری سنەن، هەتا موكریان و دوورترین خاڵی باكوری كوردستان چالاكیمان هەیە، لە هەر شوێنێك و لە هەر دەرفەتێكەوە، بە گوێرەی سرووشتی كاری ڕێكخستن و چەكداری، كە ئیمكانی جوڵەی هەبێت، هێزەكانمان جوڵە دەكات و كاروتێكۆشانی خۆیان رێژە پێدەدەن، بۆیە ئەو پڕوپاگەندانەی كە باس لە چالاكی ئێمە دەكەن تەنها لە سنووری ناوچەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ئەو پڕوپاگەندەی لایەنی نابەرپرسن، ئێمە سنووری قەسر شیرینەوە لە ناوچەی خەناقین تا مەریوان و هەورامان و جوانڕۆ و داڵاهۆ و موركیان تا سێگۆشەی سنوور، جموجوڵمان هەیە و لە هەر كوێیەك دەرفەت بگونجێت چالاكی خۆمان دەكەین، ئەمەیش خەباتی ئێمەیە كە خەباتی سیاسی و مەدەنی و چەكدارییە.

نوچەنێت: ئەمە نییەتە یان لە واقیعدا ئەم خەباتە بوونی هەیە؟

قادری: ئەمە نییەت نیە، چونكە ئێمە لەسەر ئەزی واقیع هەین، خەباتی ئێمە لە ناو خەڵكی كوردستاندایە، چونكە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ئەو هێزەیە كە لە ناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندایە، ئێمە رێكخستنمان هەیە، هاتوچۆی چەكداریمان هەیە، دەیان و سەدان تێكۆشەرمان ئێستا لە كوردستانی ئێران جوڵەیان هەیە.

نوچەنێت: پرسیارەكەی من لە رووی رێكخستنەوە نیە، بەڵكو مەبەستی چالاكییە چەكدارییەكانە، ئایا لە تەواوی سنووری چالاكیتان هەیە؟

قادری: ئێمە لە هەموو شێوەزاكانی خەباتدا جوڵەمان هەیە، پڕەنسیپەكانی خەباتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران  ئەوەیە كە بە كۆماری ئیسلامی راگەیەنین خەڵك لە رۆژهەڵاتی كورستان، پەیام و ئامانجی یاری كراوە و لەبەرانبەردا كۆماری ئیسلامی ئێراندا، سوورن لەسەر ئەوەی كە پاشەكشە بە دیكتاتۆرییەتەكەی بكەن، سوورن لەسەر بونیاتنانی سیستمێكی دیموكراسی فیدراڵ كە زامنی مافە نەتەوەییەكانی كورد و گەلانی تریش بكات.

نوچەنێت: بەڵام ئێوە چ گرەنتییەكتان هەیە كە دووبارە پەكەكە ڕێ لە چالاكییەكانتان نەگرێتەوە، چونكە هەر لەو ئان و ساتانەا كە سەرقاڵی كۆبوونەوە بوون لەگەڵ پەكەكە، پژاك بەیایاننامەیەكی هەڕەشە ئامێزی بڵاو كردووە، كە هەمووی هێرش بوو بۆ سەر ئێوە؟

قادری: پژاك هەرچییەكی وتووە ئەو باسێكە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، ئێمە بە پێوستی نازانین وەڵامیان بدەینەوە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە، كە پژاك و هەموو ئەو رێكخستانەی كە لە چوارچێوەی سیاسەتی پەكەكەدان، لە چوارچێوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ پەكەكەدا هەڵدەسەنگێنین.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com