نوچەنێت-دەیلی تەلەگراف
رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بریتانی دەڵێت سەرانی عەرەب لە كەنداو هەوڵیان داوە ئۆباما رازی بكەن بەوەی رێگەبدات چەكی قورس بۆ پێشمەرگە بنێرن، بەڵام ئەمریكا رازی نەبووە.
رۆژنامەكە دەڵێت بەرپرسانی گەورەی كەنداو وتویانە هەموو هەوڵەكانمان بۆ بڕواهێنان بە ئۆباما كە چەكی قورس بداتە كورد شكستی هێناوە و دوا دەنگدانی كۆنگرێس سەبارەت بە عێراق هاودژ بوو لەگەڵ هەر هەوڵێك بۆ پشتیوانیكردنی پرسی كورد.
سەرانی عەرەب لە كەنداو وتویانە ئەمریكاییەكان نەیانتوانیوە وەك پێویست رێبەریی شەڕی دژەداعش بكەن، بۆیە وڵاتانی عەرەب ناچارن خۆیان هەنگاو هەڵهێنن لە رێگەی پێدانی چەكی قورس بە كورد، تەنانەت ئەگەر عێراق و ئەمریكاش ناڕازی بن.
رۆژنامەكە دەڵێ لەكاتێكدا وڵاتانی ئەوروپا بە بەهای ملیۆنان دۆلار چەكیان بۆ پڕچەككردنی كورد كڕیوە، ئەمریكییەكان ناهێڵن ئەو چەكانە راستەوخۆ بە كورد بگەن.
عەرەبەكان وتوشیانە چیتر ناتوانینچاوەڕوانی بەخەبەرهاتنی ئەمریكا بین سەبارەت بە مەترسیداریی داعش و هەنگاوەكانی و دەبێت خۆمان سەربەخۆیانە هەنگاو هەڵگرین.