كاربەدەستانی پارێزگای كەركووك هەڕەشەی هەڵوێستی توند بەرابنەر بەغدا دەكەن
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك: رۆژانە بڕی (300) هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك هەناردە دەكرێت
نوچەنێت: تایبەت
هەرچەندە ڕۆژانە بڕێكی زۆری نەوت لە كێڵگەكانی كەركووكەوە ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێن، بەڵام تا ئێستا بەشی ئەو پارێزگایە لە داهاتەكەی دابین نەكراوە، ئەمەیش بە لای كاربەدەستانی شارەكەوە، مایەی نیگەرانییە و هەڕەشەی هەڵوێستی توند دەكەن.
ئەحمەد عەسكەری سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت ئاشكرای كرد، ئەوان زانیارییان هەیە كە رۆژانە بڕێكی زۆری نەوتی پارێزگاكە، لە ڕیی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای نەوتی باكورەوە ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێن، داهاتی ئەو نەوتەیش لە ڕێی كۆمپانیای سۆمۆوە دەچێتەوە ناو خەزێنەی گشتی عێراق.
عەسكەری لە بارەی بڕی نەوتی هەناردەی پارێزگاكەوە وتی: “ئێمە زانیاریمان هەیە رۆژانە بڕی (300) هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی پارێزگای كەركووك، لە ڕێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای نەوتی باكورەوە، ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێن، بەڵام تا ئێستا بشی پارێزگاكە دابین نەكراوە، پارێزگاری كەركووكیش بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان قسەی كردووە، ئەوانیش دەڵێن داهاتی ئەو نەوتە دەچێتە سەر حسابی كۆمپانیای سۆمۆ و ئەوانیش دەدینەوە بە بەغدا، لە بەغدایشەوە دابەشی سەر پارێزگاكانی تری عێراقی دەكەنەوە، كەركووكیش بەو شێوەیە هەقەكەی خۆی وەردەگرێتەوە، چونكە فرۆشتنی نەوتەكە لای سۆمۆیە نەك هەرێمی كوردستان”.
لە ڕێكەوتی (11/7/2014) حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنتڕۆڵكردنی كۆمپانیای نەوتی باكوور لە كەركوك ڕاگەیاند، كە ئەو هەنگاوەیش هاوكات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی دەسەڵاتی داعش لە پارێزگای موسڵ و هەندێك ناوچەی پارێزگای كەركووك، دوای كۆنتڕۆڵ كردنی كۆمپانیای نەوتی باكور، حكومەتی هەرێم لە ڕێی بەیاننامەیەكەوە ڕایگەیاند، چیتر كۆمپانیاكە لە 1ێر كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستاندا دەبێت، كارمەندەكانیشی سەرپشك كردن لە مانەوە یان وازهێنان و ڕۆیشتنیان.
لەو ڕێكەوتەیشەوە تا ئێستا، حكومەتی عێراقی لە ابین كردنی بەشی كەركووك لە داهاتی نەوت كەمتەرخەمی دەكات، ئەمەیش بەلای كاربەدەستانی شارەكەوە مایەی نیگەرانییە، بە جۆرێك گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە لە زاری پارێزگاری كەركووكەوە، هەڕەشەی ناردنی داهاتە ناوخۆییەكانی پارێزگاكە بۆ بەغدا كرا، هەڕەشەكان هەر بەوەیشەوە نەوەستان بەڵكو گەیشتنە ئەو ئاستەی، كە پرسی دامەزراندنی هەرێمێكی سەربەخۆ بكرێتە پرسێكی گەرم.
لە ڕێكەوتی (2015/6/14) ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە ئامادەبوونی دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری شارەكە، دانیشتنی ژماره (343)ی بەست، دانیشتنەكە تایبەت بوو بە تاوتوێ كردنی بژاردەكان، بۆ سوود وەرگرتن لە داهاتی دارایی كەركووك، لەبەر رۆشنایی نەناردنی بەشە داهاتی نەوت بۆ پارێزگاكە، كە پێدەچێت ئەو دانیشتنەی ئەنجوومەنی پارێزگا، جرێك بێت لە زاڵبوونی رەشبینییەكی تەواو، لە چارەسەر كردنی گرفتەكە، چونكە لەو دانیشتنەدا ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و فەرمانگەكانی ئەو شارە، تاوتوێی بژاردەكانیان كرد، بۆ سود وەرگرتن لەو توانا داراییانەی تر كە پارێزگاكە هەیەتی، هەر لەو دانیشتنەدا دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك وتی: “ئێمه نامانهوێت ڕووبهڕووی حكومهت ببینهوه و یان كێشه به كێشه چارهسهر بكهین، مهبهست لهم كۆبونهوهیه دۆزینهوهی چارهسهره بۆ ئهم دۆخه نالهباره ئابورییه بێ ئهوهی مهبهستی سیاسی له پشتهوه بێت، پێش ئهم كۆبونهوهیه كۆبونهوهیهكی تر ساز كرا له پێنج شهممهی ڕابوردوو بۆ ئاماده كاری و دۆزینهوهی چارهسهرێك كه پهیوهندیمان لهگهڵ حكومهتی ناوهندا بپارێزێت بهڵام ئێمه دهستهوهستان نابین ئهگهر ببینین مافهكانمان دهخورێت وهك ئهوهی شارهكه له ژێر ڕكێفی داعش دا بێت” .
لە بارەی هەڵوێستی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگا و ئیداری شاری كەركووكیشەوە، ئەحمەد عەسكەری وتی: “ئەگەر ئەو گرفتە بەردەوام بێت و هەقی پارێزگای كەركووك نەنێرن، كۆبوونەوەی لەسەر دەكەین و هەڵوێستمان دەبێت، بەڵام ئێستا ناتوانم بڵێم هەڵوێستەكەمان چی دەبێت”.