خانەنشینکردنی سوپاسالاری عێراق كە كوردە لەسەر داوای خۆی بووە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند،سوپاسالاری عێراق لەسەر داوای خۆی خانەنشین کراوە، چونکە چەند جارێک ئەو داواکاریەی پێشکەش کردووە و رەت کراوەتەوە.

بابەکر بەدرخان شەوکەت زێباری، لە ساڵی 2003 ـەوە دوای رووخانی رژێمی (سەددام حوسێن)، لەسەر پشکی کورد و لەنێو کوردیش لەسەر پشکی پارتیی دیموکراتی کوردستان بووە بە سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق.

شاخەوان عەبدوڵڵا،پەرلەمانتاری پارتی و بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بە ماڵپەڕی حیزبەكەی راگەیاندوە”سوپاسالاری عێراق (بابەکر زێباری) داوای کردووە خانەنشین بکرێت و، دوێنێیش فەرمانی خانەنشینکردنەکەی دەرکرا، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت کورد کاندیدێک لە شوێنی ئەو دیاری بکات و ئەویش واز لە پۆستەکەی خۆی بھێنێت و بگەرێتەوە ھەرێمی کوردستان”.

پەرلەمانتارەكەی پارتی وتیشی”پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو جار فەرمانی خانەنشینکردنی کۆمەڵێک گەورەئەفسەرى دەرکردووە بە ژمارەکانی ١٠٢٢و١٢٢٥، بەڵام ناوی (زێباری) لە ناو لیستەکاندا دەرهێنراوە، لەبەر ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەکردبوو جارێ ئێمە کاندیدی خۆمان بۆ شوێنی ئەو یەکلایی نەکردووەتەوە و، ھەرکاتێکیش یەکلایی بکەینەوە ئەوکات با خانەنشین بکرێت”.

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگرى ئەوەشی خستەڕوو”(زێباری) ئەم جارە پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی ئەگەر خانەنشین نەکرێت و تاچەند رۆژی دیکە کەسێک لە شوێنی ئەو دیاری نەکرێت، ئەوا دەگەرێتەوە ھەرێمی کوردستان، بۆیە لەئێستادا چەند کەسێک کاندیدن و یەکێک لەوانە یەکلایی دەکرێتەوە و لە شوێنی ئەو دادەنرێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com