نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت، نابێت بە هیچ شێوەیەك ئەو هەنگاوەی پەرلەمان لە ٢٣ی حوزەیران ڕەنگدانەوەی لەسەر حكومەت هەبێت كە حكومەتێكی بنكە فراوانە و لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستا بە تەبایی و یەكڕیزی كارەكانی خۆی ئەنجامداوە.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”ئێوارەی رۆژی دووشەممە 29/6/2015 بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە كۆبوونەوەكەدا سەرەتا سەرۆك وەزیران لە وتەیەكدا باسی لە دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوان هەردوولا كرد و ئاماژەی بەوە دا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ئەركانەی جێبەجێ كردووە كە بەپێ یاسای بودجەی فیدرالی ساڵی 2015 لەسەر شانیەتی، بەڵام بەداخەوە هێشا بەغدا بە تەواوی پابەندی یاسای بوجەی فیدرال نەبووە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی وەك لە یاسای بودجەدا هاتووە، نەناردووە لە كاتێكدا ڕۆژ دوای ڕۆژ باری هەرێمی كوردستان بەهۆی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هاتنی بەردەوامی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێم و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، قورستر دەبێت“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگ و كێشانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و لەم نێوەندەشدا پشتگیری لەوە دەكات كە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بكات، بەڵام گەر چارەسەر نەكرا ئەوا حكوومەت سەرپشكە چۆن ئەو كێشانە چارەسەر بكات بەپێی یاسای بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی هەرێم ژمارە 5ی ساڵی 2013 بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان دابین بكات“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە دانیشتنی 23ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرد كە بووە مایەی دروستكردنی نیگەرانی و ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان و بنەمای سازان پێشێل كرا كاتێك بێ پرس كردن بە لایەنەكانی دیكە و بەهەند وەرنەگرتنی بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان وەها دانیشتنێك ئەنجامدرا، بەڵام هەوڵەكان بۆ سازان و لەیەكتر تێگەیشتن لەنێوان سەركردە سیاسییەكان و هەموو لایەنەكان بەردەوامە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو. ئەوەشی دووپات كردەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك ئەو هەنگاوەی پەرلەمان ڕەنگدانەوەی لەسەر حكوومەت هەبێت كە حكوومەتێكی بنكە فراوانە و لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئێستا بە تەبایی و یەكڕیزی كارەكانی خۆی ئەنجامداوە. هیواشی خواست هەموو لایەنێك وەك كابینەی حكوومەت بە تەبایی و یەكڕیزی كار بكەن“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”دواتر لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی وەرگرتنی قەرز لە بانكە جیهانییەكان لە ژێر ڕۆشنایی یاسای ڕاكێشانی مایە لە ڕێگەی قەرزكردن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە ژمارە 7ی ساڵی 2015 كە لە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە لە ڕۆژنامەی وەقائعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، لەلایەن هەریەك لە بەڕێزان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەكان بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو“.
لەبەرانبەریشدا”قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وردەكاری ئەو پڕۆژەیە و ئەو گفتوگۆیانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ چەند ناوەندێكی دارایی نێودەوڵەتی ئەنجامیانداوە، بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی باسكرد و ئاماژەی بەوە دا كە ئەم هەنگاوە نەك تەنیا لە ڕووی داراییەوە دەبێتە هاوكار بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە ڕووی سیاسیشەوە جێگە و پێگەی هەرێمی كوردستان زیاتر بەهێز دەكات و متمانەكردن بە بازاڕی كوردستان دروست دەكات كاتێك كە بۆندی هەرێمی كوردستان بخرێتە بازاڕەوە و لە هەمان كاتدا یەكێكە لە سەرچاوەكانی زیادكردنی داهات و هەرێمی كوردستان سودی لێ دەبینێت و پرۆژە حزمەتگوزارییەكانی پێ دەبوژێنتەوە“.
هەر بەپێ هەواڵەكە”كۆبوونەوە پشتگریی لەو پرۆژەیە كرد و بڕیاریدا لیژنەیەكی تایبەت بۆ جێبەجێكردنی یاسای ڕاكێشانی مایە ژمارە 7ی ساڵی 2015 پێكبهێرێت لە چوارچێوەی ئەو یاسایەشدا كاری یاسایی پێویست ئەنجام بدرێت.لە كۆتاییشدا چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە كار و چالاكییەكانی وەزارەتە جیاجیاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خرانە ڕوو و ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی باشتر بەرێوەبردنی كاروبارەكان بڕیاری پێویستی لەبارەوە دان“.