بارزانی بۆ ئەمەریكا: گەلی كوردستان بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە چەكە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،بە حوكمی ئەوەی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جۆراوجۆر لە نەینەوا دەژیین پێویستە لە قۆناغی دوای داعشدا سیغەیەكی وا دابڕێژرێت كە هەموو پێكهاتەیەك لە ئایندەی خۆی دڵنیا بێت و بەشداری بەڕێوەبردن و دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان بن.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هه‌رێم بڵاوی کردەوە”ئەمرۆ یەكشەممە 28ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و ژمارەیەك كاربەدەست و ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی ئەو پێكەوەژیان و پێشكەوتنەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە و هەروەها ڕۆڵی بارزانیان لە سەركردایەتیكردنی پڕۆسەی سیاسی و شەڕی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند و سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە زۆر ئازایانە بە ڕووی تیرۆریستاندا هاتوونەتەوە و لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان قوربانیی زۆریان داوە. سوپاسی حكوومەت و گەلی كوردستانیشیان كرد كە بوونەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارەی سووری و ناوخۆی عێراق و بە پێزانینەوە باسی گیانی مرۆڤدۆستیی هەرێمی كوردستانیان كرد. شاندی میوان ئەوەیان بە بارزانی ڕاگەیاند كە لە ئەمەریكا تێگەییشتنێكی قووڵ هەیە بەرانبەر پەیوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاتوونە كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشەكە ببن و هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵەكانی بارزانی و هێزی پێشمەرگە بكەن و لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و داهاتووی ناوچەكە چەند پرسیارێكیان ئاراستەی بارزانی كرد“.

لەبەرانبەریشدا”بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە. بارزانی كورتەیەكی لەبارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە خستەڕوو و ڕۆشنایشی خستە سەر بارودۆخی گشتیی ناوچەكە و ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە چەكە چونكە ئێمە لە ناوچەیەك دەژین كە بەردەوام هەڕەشە و توندڕۆیی تازە سەر هەڵدەداتەوە“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”پەیوەست بە بارودۆخی موسڵ لە دوای شەڕی داعش بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە بە حوكمی ئەوەی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جۆراوجۆر لە نەینەوا دەژیین پێویستە لە قۆناغی دوای داعشدا سیغەیەكی وا دابڕێژرێت كە هەموو پێكهاتەیەك لە ئایندەی خۆی دڵنیا بێت و بەشداری بەڕێوەبردن و دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان بن. چونكە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بە ئەزموونێكی زۆر تاڵدا تێپەڕیون و دەبێ داهاتوویان گەرەنتی بكرێت“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها ئاییندەی عێراق و ڕێگەكانی چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوون“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com