نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت،بەتەواوی ماناو بەڕاشکاوی پشتگیری لە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم دەکەم بەڵام بەمەرجیێ ئەم پرۆسەیە بەتەواوی مانا شەفافیەت هەبێت سەرجەم ناوی کۆمپانیا پشک دارەکان ئاشکرا بکرێت و ڕێژەی پشکەکان و خاوەندارێتی پشکەکان ئاشکرا بکرێت.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید،سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئەكاونتی تایبەتی هخۆی نوسینێكی بەناونیشانی(پشتگیری بۆ فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم)بڵاوكردوەتەوەو نوسیویەتی”لەبانگەشەی هەڵبژاردندا دەموت بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ئابوری هەرێمی کوردستان.لەئێستەشدا بەتەواوی ماناو بەڕاشکاوی دەیڵێم پشتگیری لە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم دەکەم بەڵام بەمەرجیێ:۱- ئەم پرۆسەیە بەتەواوی مانا شەفافیەت هەبێت سەرجەم ناوی کۆمپانیا پشک دارەکان ئاشکرا بکرێت و ڕێژەی پشکەکان و خاوەندارێتی پشکەکان ئاشکرا بکرێت.۲- سەرجەم داهاتی نەوت وبڕی هەناردەو دەرهێنان و نرخی نەوت بۆ پەرلەمان ئاشکرا بکرێت.۳- سیاسەتی مالی لەلایەن وەزارەتی دارایەوە سەرپەرشتی بکرێت و ساڵانە ستراتیجیەتی موازەنە دابڕێژرێت و لە پەرلەماندا دەنگی بۆ بدرێت بۆ پابەندی حکومەت بەو ستراتیژەوە“.
ئەحمەدی حاجی رەشید كە لەهەمانكاتدا بڕیاردەری لیژنەی دارایە لە پەرلەمانی عێرق لە خاڵی چوارەمیشدا دەڵێت” هاوڵاتیانی هەرێم بەشدار بکرێن لەپشکی کۆمپانیاکان و نەهێڵرێت حیزبەکان قۆرخی پشکەکان بکەن.بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت دەبێت حکومەتی هەرێم ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکات:۱- فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆیی لەلایەن هەرێمەوە عێراق بەهیچ شێوەیەک قەبوڵی ناکات بۆیە پەنا دەبات بۆ سکاڵای یاسایی دەبێت هەرێم ئەوەی یەکلا کردبێتەوە کە لەڕوی یاسایەوە هەرێم سەرکەوتو دەبیت و نابێت هیچ ئەگەرێک بەجێبهێڵرێت و یەک بۆشایی یاسایی دوچاری گرفتی گەورەمان دەکات.۲- خستنەبازاڕی بڕێک نەوتی زۆر لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە مونافەسەو کێبڕکێەکی نرخی دروست دەبێت لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی کەنداو و دەوڵەتانی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک دەبێت هەرێم لەئاست ئەو ململانێدا بێت ئەگینا ئەوەی بنیاد نراوە لەدەستی دەدەین.۳- یەکڕیزی ماڵی کورد زەمانەتی سەکەوتنی ئەم پرسەیە چونکە یەک درز لەنێوان هێزە سیاسیەکان ڕێسەکە دەکاتەوە بە خوری.٤- فەراهەمکردنی کۆمپانیای کڕینی نەوت کەدەبێت دڵنیابین هەموو کۆمپانیایەک بۆ قازانج هەوڵدەدات نابیت کاریک بکرێت ئەو کۆمپانیانە پاشە کشە بکەن“.
سەرۆكی فەراكسیۆنی كۆمەڵ لەسەر خاڵەكانی بەردەوام دەبێت و ریدەگەێنێت”٥- نابیت لە مونافەسەی نرخدا کۆمپانیاکانی کڕینی نەوت ئیستغلالی بارودۆخی نالەباری هەرێم بکەن کەبە هەڕاج نەوتیان پێبدرێت.٦- دەبێت هەرێم ئەوە بۆ هاوڵاتیان زامن بکات کە دەتوانێت بەشی بوجەو قەرزی کۆمپانیان نەوت دەربهێنێت و هەناردەی بکات.۷- دەبێت هەرێم دڵنیابێت لەوەی دەتوانێت سەرجەم پارەی فرۆشراوی نەوت بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم وموجازەفە بەم پرسەوە نەکات.۸- دەبێت هەرێم دڵنیابێت لە دروست نەکردنی کێشە لەلایەن دەوڵەتە ئەقلیمیەکانی تر و بەتایبەت هاوپەیمانەکانی عێراق. ۹- سەرجەم کۆمپانیاکانی دەرهێنان وهەناردەو فرۆشتن بەزوترین کات یاسایان بۆ دەربچوێنرێت“.
ئەو پەرلەمانتارە لەكۆتایی نوسینەكەیدا ئەوەشدەخاتەڕوو”بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ئابوری هەرێم،بەڵی بۆ ئابوریەکی تۆکمەو شەفاف وتەندروست،نا بۆ ئابوریەکی پاشکۆ و قۆرخ کراو ولاواز.بەڵێ بۆ هەموو باجێک لەم پێناوەدا بدرێت بەم مەرجانە“.