نوچەنێت- عەرەبی جەدید
عەلی رەزا كاملی ، سەرۆكی كۆمپانیای نیشتمانی هەناردە كردنی گازی ئێران، ئەمرۆ شەممە رایگەیاند ، پلانەكانی ئێران بۆ هەناردە كردنی گازی سروشتی بۆ عیراق دواخراوە بۆ كاتێكی نادیار ، ئەمەش بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە.
ئێران و عێراق ساڵی 2013 رێكەوتننامەیەكیان ئیمزا كرد كە بەپێی ئەوە تاران گازی سروشتی بۆ سێ وێستگەی كارەبا لە بەغدا و دیالە دابیندەكات، بەڵام دوای تێپەڕینی دوو ساڵ پرۆسەی هەناردە كردنەكە دەستی پێنەكردوە.
پێگەی ئەلیكترۆنی وەزارەتی نەوتی ئێران لە زاری بەرپرسێكیەوە گواستویەتیەوەو دەلێت نەبوونی ئاسایش و بوونی داعش لەپشت دواخستنی هەناردە كردنی گازی سروشتییە بۆ عێراق.
لە مانگی ئازاردا كاملی رایگەیاند كە هەناردە كردنی گازی سروشتی بۆ عێراق لە مانگی مایسدا دەست پێدەكات ئەگەر بارودۆخی ئەمنی باش ببێت.
ئێران لە مانگی ئەیلولی پێشوو یەكەمێن دواخستنی راگەیاند ، دوای ماوەیەكی كەم لە دەستبەسەردا گرتنی رووبەرێكی زۆری خاكی عێراق لەلایەن داعشەوە.
ئێران یەدەگێكی زەبەلاحی گازی سروشتی هەیە، بڕیكی سنورداری بۆ توركیا دەنێرێت، بەڵام ناتوانێت بەخێرایی بڕی بەرهەمهێنان زیاد بكات لەبەر پڕ كردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی لە سوتەمەنی.
ئێران سەرقاڵی گفتوگۆكانیەتی لەگەڵ گروپی پێنج كۆ یەك بە ئامانجی ئەوەی بگاتە رێككەوتنێك لەبارەی پرۆگرامە ناووكییەكەی و لابردنی سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان لەسەری ئەمەش وادەكات وەبەرهێنانی بیانی لە بواری وزەی ئێراندا بە تەواوی بگەشێتەوە.
عێراقیش هەروەك ئێران بەرهەمهێنەرێكی سەرەكی نەوتە و ئەندامی ریكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوتە (ئۆپیك) و هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ راكێشانی وەبەرهێنەرە بیانییەكان بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی گازی سروشتی، بەڵام توشی كەموكووڕیەكی زۆری كارەبا بوە.