نوچەنێت ئاژانسەكان
بابەتی دابەشبوونی عیراق دووبارە بوەوە باس و خواس و بەپێی نەخشەی كۆن- نوێ پێشنیار دەكریت ئەو وڵاتە بۆ سێ هەرێمی كورد و سوننە و شیعە دابەش بكرێت. دوای لێدوانە جیاوازییەكانی كۆمارییەكان كە داوای سەربەخۆیی كوردستانیان دەكرد، ئێستا دیموكراتەكانیش لەسەرەتای كەمپەینی هەڵبژاردنەكانیاندا پرسی دابەشكردنی عێراقیان بە گەرمییەوە خستۆتە بەرباس.
لەمدواییانەدا وەك ئەوەی دیموكراتەكان لە كۆنگرێسی ئەمریكا بیانەوێت واشنتن لە تەنگژەی عیراق رزگار بكەن، دەستیان كردوە بە هەلمەتی پشتیوانی كردنی ئەو پرۆژەیە.
هاوكات لەگەڵ ئەو پرۆژە یاسایەی پێشكەشی كۆنگرێس كراوە لەلایەن لیژنەی كاروباری دەرەوە كە تیایدا هاتوە وەك دوو كیانی بێلایەن مامەلە لەگەڵ كورد و سوننە بكرێ ، ئەو دەنگانەش بەرز بوونەوە كە بەرگری لە بژاردەی دابەشبوونی عێراق دەكەن.
لە نویترین لیدواندا لەمبارەیەوە ، تیم كاین سیناتۆری دیموكراتەكان دەڵێت ” دابەشبوونی عێراق لەسەر بنەمای تائیفی ، تاكە بەدیلی واقیعییە”.
ئەو سیناتۆرەی ویلایەتی ڤێرجینیا لە میانەی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لە بەرنامەی ” جۆن فریدریكس شۆ” وتی ” ئەم روانگەیە پشتیوانیەكی بەهێزی لێدەكرێت ، جۆ بایدنی جێگری سەرۆكیش چەندین ساڵە باسی ئەم پرۆژەیە دەكات”.
كاین وتی ” پێتان دەڵێم ناتوانرێت حوكمی عیراق بكرێت بە یەكگرتوویی ، بۆیە هەر دەبێت دابەش بكرێت، بەڵام ئەوەی بەڕاستی دوودڵم دەكات بەهێزبوونی پێگەی ئێرانە، لەبەر ئەوەی لەكاتی جێبەجێ بوونی ئەو پرۆژەیەكیانی شیعە بەشێوەیەكی گەورە ملكەچی ئیرادەی ئێران دەبێت”.
ئەوەشی وت ” ناوچەیەكی كوردی دروست دەبێت ، كوردیش هاوپەیمانێكی گەورەی ئێمەن، ئێمەش بە متمانەیەكی زۆرەوە كار لەگەڵ كورد دەكەین، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ناوچەی سوننەیە كە سامانی نەوتی كەمە و پێمان وایە توندڕەوە سوننیەكان بە ئاسانی دەستی بەسەردا دەگرن “.
پیش چەند رۆژێكیش لە لێدوانەكەی تیم كاین، جۆ مانشینی سیناتۆری دیموكراتەكان هەر لەمبارەیەوە داوای لە وڵاتەكەی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد پشتیوانی بیرۆكەی دابەشبوونی عێراق بۆ سێ وڵاتی جیاواز بكەن بۆ خامۆش كردنەوەی ئەو توندوتیژیە تائیفییەی لە وڵاتدا هەڵگیرساوە.