نوچەنێت
لەسەر ئاستی سیاسی لەکوردستان هەست بەچەند هەوڵێکی جدی دژ بەبارزانی دەکرێت، رۆژنامەی عەرەبی جەدید، چاپی لەندەن، ئێران بەدروستکەری هەوڵەکانی دژایەتی بارزانی ناو دەبات و هۆکارەکەشی بەوە دەخاتەڕوو کەبارزانی دژی خواستەکانی ئێران وەستاوەتەوە.
ئەو رۆژنامەیە نوسیویەتی” ئێران دەستی بە هەڵمەتێكی چڕكردووە بۆ لادانی بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریكا و رۆژئاوا ، رێبەری كورد مەسعود بارزانی، لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی عێراق”.
هەر بەپێی رۆژنامەی عەرەبی جەدید، ئەو هەڵمەتەی دژ بەبارزانی لەگۆڕێیە”سزادانی بارزانییە لەلایەن ئێرانەوە” ئەویش بەهۆی ئەوەی” بارزانی رەتیكردۆتەوە بچێتە ژێر باری خواستەکانی ئێران”.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە دوو خاڵی سەرەکی هۆکاری دژایەتییەکانی ئێرانە بۆ بارزانی ئەوانیش بریتین لە”رەزامەندی بارزانی بۆ كردنەوەی بنكەی سەربازیی ئەمریكی و بریتانی لە هەرێمی كوردستان، و رەتكردنەوەی رادەستكردنەوەی بەرهەڵستكارە ئێرانییەكان كە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە”.
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی كوردستان بە عەرەبی جەدیدی وتووە”ئێران دەستی بە هەڵمەتێكی هیستریایی كردووە دژی بارزانی، ئەویش بە وروژاندنی ئەو حیزب و بزووتنەوە كوردییانەی کەسەر بە ئێرانن”.
هەمان سەرچاوە جەختیكردەوە كە ئەمریكا بە توندی پشتیوانیی بارزانی دەكات و ئێستا هەرێم بووەتە مەیدانی ململانێی خواستی ئێرانی و ئەمریكی، لەو رووەشەوە ئاماژەی بە كۆبوونەوە چڕەكانی بالیۆزی ئەمریكی لە عێراق ،ستیوارت جۆنز، و كونسوڵی ئێران عەلی پەناهی كردووە لەگەڵ لایەنە كوردییە كاراكان. جەختیشی كردۆتەوە كە رای گشتی هەولێر و دهۆك بۆ بارزانی یەكلاییبوونەتەوە، بەڵام كاریگەریی ئێران لەسەر سلێمانی روون و ئاشكرایە.
رۆژنامەكە دەڵێت دژایەتی ئێران بۆ بارزانی لەم هەفتەیەدا شێوازێكی ئاشکرای وەرگرت، بەوەی كونسوڵی ئێران خۆی راستەوخۆ گەیشتە باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان، بۆ بەشداریكردن لەو دانیشتنەی تایبەتكرابوو بە پرۆژە یاسایەكی نوێ بۆ یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە دەیەوێت رێگە بگرێت لە بەردەم خۆ كاندیدكردنەوەی بارزانی بۆ خولێكی نوێی سەرۆكایەتی، هەروەك دەیەوێت پۆستی سەرۆكی هەرێم بكاتە پۆستێكی پرۆتۆكۆڵی و لە دەسەڵاتەكانی دایبمالێت.
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، ئامادەبوونی كونسوڵی ئێران لە دانیشتنەكەی پەرلەمان پەیامێكی راستەوخۆ و عەلەنیی ئێرانە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەوەی، ئێران رێگانادات هیچ پرسێكی گرنگ لە هەرێم ریڕەوی خۆی ببڕی بێ رەزاەندیی ئێران.
عەرەبی جەدید دەشڵێت، ئەگەر ئێران بتوانێ بارزانی بێبەش بكات لە خۆ كاندیدكردنەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، ئەوە لێدانێكی توند لە پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان دەدات و زۆرتر نزیكدەبێتەوە لە كۆنترۆڵكردنی هەرێم و لاوازكردنی بەرهەڵستكارانی هەژموونی ئێرانی.