نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێکی سەرکردایەتى پارتى دەڵێت،ئەگەر پلانێک هەبێت پارتى تەحجیم بکرێت و بیانەوێت ساردی بکەنەوە، موستەحیلە پارتى ڕێگا بەمە بدات و کارتەکانمان لە کاتى خۆیدا و بە کردەوە بەکار دەهێنین.
ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، تیایدا خوێندنەوەى یەکەم بۆ ئەو پرۆژە یاسایانە کرا کە سەبارەت بە هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم فراکسیۆنەکان پێشکەش بە سەرۆکایەتى پەرلەمانیان کردووە، هەروەها هەریەکە لە فراکسیۆنی پارتی و تورکمانەکان و ئاڕاستەی سێیەم بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.
هێمن هەورامی، ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان بە NRT ڕایگەیاندوە”وەک پارتی کارتەکانمان بە ئاسانى بەکار ناهێنین، ئەگەر هاتە سەر ئەوەى پلانێک هەبێت پارتى تەحجیم بکرێت و بیانەوێت پارتى سارد بکەنەوە، موستەحیلە پارتى ڕێگا بەمە بدات و کارتەکانمان لە کاتى خۆیدا و بە کردەوە بەکار دەهێنین”.
هەورامی وتی “ئەوەى ئەمڕۆ لە پەرلەمان ڕوویدا هەوڵدان بوو بۆ بچووکردنەوەى پارتى، یەکێتى و گۆڕان بۆ ڕاکێشانى دەنگى خەڵک ئەم موزایەدەیەیان کرد، ئەوەى لە پەرلەمان ڕوویدا دژى سازان و یەکڕێزیى نیشتیمانییە و ئێمە وەک پارتى خۆمان بە خاوەنى پەرلەمان دەزانینن و دەستبەردارى نابین”.
ئەو ئەندامەی سەکردایەتی پارتی وتیشی”هەموو لایەنەکان تۆقیون لە هەڵبژاردنى ڕاستەوخۆى سەرۆک لە ناو خەڵکەوە،چونکە پارتى دەنگدان و شەرعیەتى دەوێت و ئامادە نییە بە هەر قیمەتێک کاک مەسعود بکاتەوە بە سەرۆکى هەرێم، بۆیە ئێمە ڕێگا نادەین کورد وەک سوننەى لێبکرێت و بە بێ مەڕجەع بمێنێتەوە، لەبەر ئەوە ئەو لایەنانە هەوڵی ئەوە دەدەن خەیاڵایان خاوە”.
هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد “سەرۆکایەتیى پەرلەمان داواى لە هەر ٣٨ قۆنسوڵخانەکان لە هەولێر کردبوو بەشداریى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى پەرلەمان بکەن، پێمان وایە ئەجیندایەکى دەرەکى و ناوخۆیى هەیە بۆ لێدان لە پارتى، با کاتى خۆى بێت ئەوەى لە ژێر بەڕە هەیە دەیخەینە سەربەڕە، بۆ ئەوەى خەڵک بڕیار بدات”.