نوچەنێت.ههولێر:
ئەنجومەنی سەركردایەتیی بادینانی یەكگرتووی ئیسلامیی بەشداری کردنی پەرلەمانتارانی حیزبەكەی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندارەتدەكاتەوە و دەشڵێت، فراكسیۆنەكەیان پەیڕەوی ناوخۆی حزبی پێشێل كردووە.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجام درا،بەیاننامەیەكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی بادینانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان خوێندرایەوە و تێیدا، بەشداری كردنی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتووی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان ڕەت كردەوە و رایانگەیاند كە “دژی بەشداریکردنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوون لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا”.
بەشداربوانی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو لە بادینان پێکهاتوون لە هەریەکە لە غازی سەعید وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان و محەمەد مستەفا بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکگرتوو ، سوهام عومەر قادر ئەندامی پەرلەمانی عێراق و پەروین مەجید ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک. هەروەها سەباح عەلی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک.
لەوبارەیەوە،محەمەد مستەفا بەرواری، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی بادینانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كە واژووی لە سەر بەیاننامەكە كردووە،بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند،پێشتر لە 13/6/2015، سەركردایەتیی یەكگرتوو بڕیاری دابوو، دەبێت بۆ پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە لایەن مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووەوە، پڕۆژەیەك ئامادە بكرێت و سەركردایەتی بڕیاری لە سەر بدات، بەڵام پێش ئەوەی ڕای سەركردایەتی لێ وەربگیرێت، فراكسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژەكەیان بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرز كردووەتەوە.
وتیشی“ئەم كارەیان پێچەوانەی دەسەڵات و سەڵاحیاتی فراكسیۆنی یەكگرتووە و پێڕەوی ناوخۆ ئەو پرسە چارەنووسسازانەی داوەتە دەست مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو كە بە ڕاوێژ لەگەڵ مەڵبەندەكان، ئەو دۆسیانە یەكلایی بكاتەوە. كەچی فراكسیۆنی یەكگرتوو بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی یەكگرتوو، پڕۆژەكەی پێشكەش كردووە”.
دووپاتیشی كردەوە، ئەوان لەگەڵ ئەو شێوازەدا نین كە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو و جەختی لەوە كردەوە، ئەوان لەگەڵ سازانی نیشتمانی دان و بەشداری كردنی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتووشی لە كۆبوونەوەكەدا، بە هەڵوێستێكی پێچەوانە لەگەڵ هەڵوێستی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی حزبەكە وەسف كرد. ئەوەشی ئاشكرا كرد: “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتیی یەكگرتوو دەكرێت و ئەم بابەتە تاوتوێ دەكرێت”.