لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی رای جیاواز هەیە : دانیشتنەکەی پەڕلەمان یان ناکرێ، یان دژ بەهیچ حزبێک نابێت

0

نوچەنێت . تایبەت

پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکردنی چەند پرۆژە یاسایەک بۆ ئەو پرسە، ئاڵۆزی سیاسی لەکوردستاندا دەخولقێنێت، لەمەکتەبی سیاسی یەکێتی رای جیاواز هەیە لەسەر دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەو پرسەو ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت” دانیشتنەکەی سبەینێی پەڕلەمان یان ناکرێ، یان بڕیاری دژ بەویستی هیچ حزبێکی تێدا نادرێ، و هەمووان هاندەدات بۆ گەڕانەوە بۆ تەوافقی سیاسی”

بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی کوردستان لەدانیشتنی خۆیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پرۆژە یاسایەکی تایبەت بەسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش نیگەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێناو، بەتوندی هۆشداریداوەتە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەپەڕلەماندا، کە تێپەڕاندنی هەر یاسایەک لەدەرەوەی تەوافق و لێکتێگەشتن پەرچەکرداری بەدوادا دێت، بۆیە رێگە بەتێپەڕاندنی هیچ یاسایەک نادرێت، لەدەرەوەی ئەو تەوافقەی پێشتر لایەنە سیاسییەکان بۆ پرسەکانی تر رێککەوتنیان لەسەر کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، لەناو مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشیمانی کوردستاندا، رای جیاواز لەو بارەوە هەیە، بەشێک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، هۆشدارییان داوەتە حزبەکەیان، لەکاردانەوەی پارتی و پێیان وایە، ئەو دانیشتنەی پەرلەمان هەر بڕیارێکی لێ بکەوێتەوە ئاڵۆزی سیاسی لەکوردستان دروست دەکات.

هەر بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، وتویانە” ناکرێ یەکێتی بەدوای میزاجی سەرکردەیەکی ناڕازی لەپارتی، لەلایەنێکی تر بکەوێت، و حەساسیەتە سیاسییەکانی کوردستان لەبەرچاو نەگرێت، باشترە بۆ یەکێتی لەئێستادا رۆڵی ناوەند بگێڕێت و رێگە نەدات پێگەی یەکێتی بەکار بێت بۆ دژایەتی هیچ حزبێکی تر”.

سەرچاوەیەکیش لەسەرکردایەتی یەکێتی، ئەو زانیاریانەی بۆ نوچەنێت پشت راستکردەوەو رایگەیاند” یەکێتی بەڕێگەیەکدا ناڕوا کەپێشتر تاقیمانکردۆتەوەو پڕە لەهەوراز و سەختی، سیاسەتی پشتگوێ خستنی هێزێکی گەورەی سیاسی، و حساب بۆ نەکردنی لەڕابردوودا لەلایەن ئێمەو پارتییەوە بەرانبەر بەیەک تاقیکرایەوەو ماڵوێرانی بۆ کوردستان هێنا، بۆیە رای ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەجێی خۆیەتی، و دەبێ یەکێتی حسابی جدی لەسەر بکات، چونکە یەکێتی خوێنی بەخشیووە بۆ ئەو دەستکەوتانەی ئەمرۆ بەدیهاتوون و لەپێناو ئاشتەوایی کوردستانیشدا بەسەر دەریایەک خوێنی شەڕی براکوژیدا هەنگاوی ناوە بۆ ئاشتی، ناکرێ جابێ جارێکی تر رێگە بدەین، ئاڵۆزی سیاسی کوردستان سەرهەڵبداتەوە، چونکە ئەگەر ئیستا دەرفەتی شەڕی براکوژیش لەبەردەم هیچ لایەنێک نەبێ، ئاڵۆزی سیاسی لەو کاروانە دوامان دەخات کە دۆخی ناوچەکە بۆ میللەتانی بێ مافی ناوچەکەی خولقاندووە و دەتوانن لەرێگایەوە بگەنە مافەکانیان”.

وتیشی ” وای نابینم لایەنە سیاسییەکانیش ئەوەندە نا مەسئول بن، بەرانبەر بەداهاتووی کوردستان، بۆیە دانیشتنەکەی سبەینێ یان ناکرێ، یان بڕیاری دژ بەویستی هیچ حزبێکی تێدا نادرێ، هەمووان هاندەدات بۆ گەڕانەوە بۆ تەوافقی سیاسی”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com