نوچەنێت
نوسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هەواڵێکی مالپەڕی لڤین بەدرۆ دەخاتەوە، رایدەگەنێت سەرلەبەری ئەو هەواڵە هەوڵەکانی پشت ئەو هەواڵەش رەتدەکەینەوە، دەشڵێت پارتی پێویستی بەوە نییە بەهێز سیاسەت بەڕێوە ببات.
لڤین لەهەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لەکۆبونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا جێگری سەرۆکی پەرلەمان واژۆی لەسەر کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە نەکردووە، هەڕەشەی کردووە ئەگەر یاسای سەرۆکایەتی بخرێتە بەرنامەی کارەوە خۆپیشاندان و ئاژاەوە دروست دەبێت و پارتی بەرپرسیارەتی هەڵناگرێت.
لەبەرانبەردا نوسینگەی جەعفەر ئێمنکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەرلەبەری ئەو هەواڵە بەدرۆ دەخاتەوە، و لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت” بەداخەوە لڤین پرێس ئەمە چەندەمین جارە تایبەت لەسەر زاری جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەواڵی بێبنەما بڵاو دەکاتەوە و دوور لە هەمووو بەها و نەریتە ڕۆژنامەوانیەکان ڕەفتار دەکات” ئەوەش بە بیر دێنێتەوە کەوا “پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەو هێزەیە کە خاوەن سەنگ و پێگەی جەماوەری و سیاسی و دیپلۆماسیی خۆیەتی و پێویستی بەوە نییە بە هێز سیاسەت بەڕێوە ببت”.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی نوسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان
ماڵپەری لڤین پرێس وەک پیشەی هەمیشەییان بۆ نانەوەی پشێوی، هەواڵێکی لەسەر زاری (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڵاو کردووەتەوە کە سەرلەبەری ئەو هەواڵە و هەوڵەکانی پشت ئەو هەواڵەش بەدرۆ دەخەینەوە و ڕەتی دەکەینەوە؛ چونکە ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆ نەبوونەتەوە، بەڵکو دانیشتنێکی ڕاوێژکاری لەنێوان سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمانی کوردستاندا کراوە و هیچ کەسێکی تر ئامادەی ئەو دانیشتە نەبووە تا زانیارییەکان بە لڤینپرێس بدات.
ئەو قسانەش کە لە زاری جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە بڵاو کراوەتەوە، سەرلەبەری ڕەت دەکەینەوە و هیوادارین لڤینپرێس بە سەرچاوەی زانیارییەکانیدا بچێتەوە کە جگە لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان تەنها سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان ئامادەی دانیشتنە ڕاوێژکارییەکە بوون.
زۆر بە داخەوە، دەبووا لڤینپرێس لەم هەلومەرجە ناسکەی گەلەکەماندا پیشەییانە ڕەفتاری کردبا و شایانی هەڵگریی پەیامیی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن، بەڵام بەداخەوە لڤین پرێس ئەمە چەندەمین جارە تایبەت لەسەر زاری جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەواڵی بێبنەما بڵاو دەکاتەوە و دوور لە هەمووو بەها و نەریتە ڕۆژنامەوانیەکان ڕەفتار دەکات و، بە بیری دێنینەوە کەوا پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەو هێزەیە کە خاوەن سەنگ و پێگەی جەماوەری و سیاسی و دیپلۆماسیی خۆیەتی و پێویستی بەوە نییە بە هێز سیاسەت بەڕێوە ببات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان