فراكسیۆنی یەكگرتوو: ئیمزامان نەكشاندۆتەوە و موزایه‌ده‌ش له‌ هیچ حزبێك قبوڵ ناكه‌ین

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە كەباس لە كشاندنەوەی ئیمزاكانی پەرلەمانتارانیان دەكەت و رایدەگەێنێت، كە پەرلەمانتارانیان هیچ ئیمزایەكیان لەسەر پرۆژە یاساكەیان نەكشاندۆتەوە و موزایەدەی هەندێك كەس و لایەنیش ڕەت دەكەینەوە.

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان،لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ نوچەنێت،نێراوە ،رایگەیاندوە،بەداخەوە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێكی چەشەواكارانەی بەمەبەست، ئەنجامدرا لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو تایبەت بەرپرسی سەرۆكایەتی هەرێم و مەبەستەكانی ئەو جۆرە پڕوپاگەندانەش لای ئێمە ڕون و ئاشكرایە.. بۆیە بە هەموو دۆستان و خۆشەویستان ڕایدەگەیەنین، ئێمە لە یەكگرتوو هەر لە سەرەتاوە بەرچاومان ڕۆشن بووە دەربارەی ئەم پرسە و لە كۆبونەوەكانی سەرۆكایەتی پەرلەماندا تێڕوانینی خۆمان خستۆتە ڕوو كە ئەم پرسە پێویستی بە سازانی نیشتمانی هەیە و بژاردەی دەستورمان بە باشترین بژاردە زانیوە.

 

دەقی بەیاننامەكە:

 

بەیاننامەی فراكسیۆنی یەكگرتوو

 

” فراكسیۆنی یەكگرتوو ستراتیجی ڕوونە و موزایەدەی هەندێك كەس و لایەنیش ڕەت دەكاتەوە”

 

لەسەرەتای باس و خواسەكانی پرسی دەستوری هەرێمی كوردستان و بابەتە پەیوەندیدارەكان پێیەوە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی ڕوئیا و ستراتیجی لەسەر ئەو بابەتانە ڕون بووە و لە پێشەنگی ئەو كەسانە بوون كە پرۆژە و پێشنیاری گونجاومان پێشكەشكردووە.

 

بەداخەوە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێكی چەشەواكارانەی بەمەبەست، ئەنجامدرا لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو تایبەت بەرپرسی سەرۆكایەتی هەرێم و مەبەستەكانی ئەو جۆرە پڕوپاگەندانەش لای ئێمە ڕون و ئاشكرایە.. بۆیە بە هەموو دۆستان و خۆشەویستان ڕایدەگەیەنین:

 

1ـ ئێمە لە یەكگرتوو هەر لە سەرەتاوە بەرچاومان ڕۆشن بووە دەربارەی ئەم پرسە و لە كۆبونەوەكانی سەرۆكایەتی پەرلەماندا تێڕوانینی خۆمان خستۆتە ڕوو كە ئەم پرسە پێویستی بە سازانی نیشتمانی هەیە و بژاردەی دەستورمان بە باشترین بژاردە زانیوە.

 

2ـ دوای ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە كورستان ڕایگەیاند كە ناتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات بۆیە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بووە ئەو بژاردەیەی كە دەتوانێ چارەسەری ئەم پرسانە بكات.

 

3ـ فراكسیۆنی یەكگرتوو لەلایەن حزبەوە متمانەی تەواوی پێدراوە و پشتگیری بۆچون و تێڕوانینەكانی كراوە و فراكسیۆنیش ئیلهامی لە نزیكی رێكخستنەكان و جەماوەرەكە وەرگرتووە .

 

4ـ هەموو ئەوانەی باس لە تەسلیمو بوونی یەكگرتوو دەكەن، ئەوان تەسلیمبوون بە هەژموون خوازی و بەهەدەردانی سامانی وڵات و دروستكردنی قەیرانی گەورە و داڕمانی ئابوری و دروستكردنی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیداری و بەحزبی كردنی كۆی ژیانی سیاسی هەرێم و دەیان قەیرانی تر كە هەرێمەكەمان پێوەی دەناڵێنێ .

 

5ـ ئاساییە لەناو هەموو حزبێكی سیاسیدا بیرو بۆچونی جیاواز لەسەر میكانیزم و شێوازی چارە سەرهەبێت, بەڵام بنەما و مبدأ و تێڕوانینی ستراتیژی لای ئێمە نەگۆڕن.

 

6- دوپاتی دەكەینەوە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوو هیچ ئیمزایەكیان لەسەر پرۆژە یاساكەیان نەكشاندۆتەوە و هیچ ڕێكارێك بەو ئاراستەیەدا نەگیراوەتە بەر.

 

بۆیە هەموولا دڵنیا دەكەینەوە ئەمجۆرە تەمومژ دروست كردنە نابنە لەمپەر لەسەر ڕۆڵی یەكگرتوو و فراكسیۆنەكەی لە هاوكێشەی سیاسی كوردستان و خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی، بۆ بەدیهێنانی خواست و داواكانی جەماوەر و بەدامەزاوەكردنی ژیانی سیاسی لە هەرێمەدا و هێنانەكایەی سیستمێكی دادپەروەرانەی پەرلەمانی كە لە ئاست قوربانیەكانی گەلەكەماندا بێت .

 

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان

 

22/6/2015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com