نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیری نەوت كۆبونەوەو جەختیان لەوە كردەوە كە گرنگە رێژەی هاوردەكردنی بەرهەمەكانی نەوت لە دەرەوە كەم بكرێتەوە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی كۆمار بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ یەك شەممە 2015/6/21 سەرۆك كۆمار فوئاد مەعسوم لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیكرد لە دكتۆر عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت، لەو دیدارەدا گفتوگۆكرا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی و ئابوریی و رێوشوێنەكانی گەشەپێدانی پیشەسازیی نەوت و پاراستنی پێگەی عێراق لە نێو دەوڵەتانی ئەندامی هەناردەكاری نەوت لە رێكخراوی (ئۆپیك)و باشتركردنی هێڵەكانی ئێستای بەرهەم هێنان و درێژەدان بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دا هەیە دەربارەی نەوت“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”سەرۆك كۆمار ئەوەی دوپاتكردەوە كە گرنگە رێژەی هاوردەكردنی بەرهەمەكانی نەوت لە دەرەوە كەم بكرێتەوە، پێگەی عێراقیش لە ئاستی نێودەوڵەتیی وەك بەرهەم هێنەرێكی سەرەكیی پەرەی پێ بدرێت“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”لەتەوەرەیەكی تردا گۆڕانكارییەكانی نرخی نەوت لە ئاستی جیهانیی و كاردانەوەكانی لەسەر رەوتی جێبەجێكردنی بودجەی گشتیی و پێشهاتەكانی پرۆژەی ئاشتبونەوەی گشتیی و دۆسیەی ئاوارەبوەكان و رێوشوێنەكانی گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنەكانیان دوای رزگاربونیان لە چنگی تاقمی داعشی تێرۆریست“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”وەزیری نەوتیش رونیكردەوە عێراق بەم دواییە بەرزكردنەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی گرنگی بەدەستهێناوە بە جۆرێك كە سەرجەمی بەرهەمهێنانی رۆژانەی گەیشتۆتە سێ ملیۆن و هەشت سەد هەزار بەرمیل بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی كە مانگی ئایار سێ ملیۆن و شەش سەد و نەوەد و پێنج هەزار بەرمیل بوە“.