نوچەنێت.هه‌ولێر:
فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی كوردستان پڕۆژه یاسای هه‌مواری چواره‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەخاتەڕوو،نوچەنێتیش دەقەكەی بڵاودەكاتەوە.
بەپێ پرۆژە یاساكەی یەكێتی دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.
هەر لە پڕۆژەكە هاتووە،په‌رله‌مانی كوردستان له ماوه‌ی (45) چل و پێنج ڕۆژ له ڕێكه‌وتی یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێرێت.
هەر بەپێ پڕۆژەكەی یەكیتی،سه‌رۆكی هه‌رێم له ماوه‌ی (30) سی ڕۆژ له ڕۆژی سوێند خواردنی، جێگرێك بۆ خۆی ده‌پاڵێوێت و، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه به زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌ندامانی ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت و، جێگری سه‌رۆك ده‌بێت له ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كان و، له كاتی ئاماده‌نه‌بوونی سه‌رۆكیشدا جێگره‌كه‌ی به ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌وه جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه.
هەر بەپێ ئەو پڕۆژیە سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و ئەو دەسەڵاتە لەسەرۆكی هەرێم دەسێنرێتەوە.
دەقی پرۆژە یاساکە:
پڕۆژه یاسای هه‌مواری چواره‌می یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان- عێراق ژماره (1)ی ساڵی 2005ی هه‌مواركراو
مادده‌ی یه‌كه‌م
مادده‌یه‌ك بۆ یاساكه زیاد ده‌كرێت به ناوی پێناسه‌كان.
1- هه‌رێم: هه‌رێمی كوردستان.
2- سه‌رۆكی هه‌رێم: سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.
3- ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن: ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم.
مادده‌ی دووه‌م
مادده‌ی یه‌كه‌می هه‌مواركراو له یاسای ژماره (1)ی ساڵی 2005 هه‌موار ده‌كرێ و به‌م شێوه‌ی خواره‌وه ده‌خوێندرێته‌وه:
هه‌رێمی كوردستان – عێراق سه‌رۆكێكی ده‌بێت به (سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان- عێراق) ناوده‌برێ و نیشانه‌ی یه‌كگرتویی گه‌ل و خاكی كوردستانه، نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم له نێوه‌نده نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمیه‌كان،و له بۆنه فه‌رمی و گشتی و نیشتمانیه‌كاندا ده‌كات، و هه‌ڵده‌ستێ به هه‌ماهه‌نگی كردن له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئیتحاد و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم.
مادده‌ی سێ یه‌م:
مادده‌ی دووه‌م له یاساكه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و ئه‌م مادده‌یه شوێنگره‌وه‌یه‌تی:
یه‌كه‌م: ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن له ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامانی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم پێكدێت.
دووه‌م: ده‌سته‌ی ده‌نگده‌ران له نێوان پاڵێوراوه‌كاندا به ده‌نگی (3/2)ی دوو له‌سه‌ر سێی ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی، له ده‌نگانی نهێنیدا سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێرێت.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر هیچكام له پاڵێوراوه‌كان ده‌نگی پێویستیان نه‌هێنا به‌و شێوه‌ی كه له خاڵی یه‌كه‌می ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه، ئه‌وا دووباره هه‌ڵبژاردن ده‌كرێته‌وه‌و كێبه‌ڕكێ له نێوان ئه‌و دوو پاڵێوراوه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت كه زۆرترین ده‌نگیان هێناوه، ئه‌و كه‌سه‌ش كه له ده‌نگدانی دووه‌م زۆرترین ده‌نگ ده‌هێنێت ده‌بێت به سه‌رۆكی هه‌رێم.
چواره‌م: له كاتی یه‌كسان بوونی ژماره‌ی ده‌نگه‌كان له هه‌ڵبژاردنی دووه‌م، هه‌ڵبژاردنی سێیه‌می بۆ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كسان بوون، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی چواره‌می بۆ ده‌كرێت به مه‌رجێك ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه له نێوان ئه‌و دوو پاڵێوراوه له پازده ڕۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات.
پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر بۆ پڕۆسه‌ی خۆپاڵاوتن ته‌نها یه‌ك پاڵێوراو هه‌بوو بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌و پاڵێوراوه‌ش به سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێت ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی (3/2)دوو له‌سه‌ر سێی ژماره‌ی ئه‌ندامانی به‌ده‌ست هێنا، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێنا ئه‌وا ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن له كۆبونه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌و پاڵێوراوه‌ش به سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێت كه زۆرینه‌ی ده‌نگ له هه‌ڵبژاردنی دووه‌م به ده‌ست ده‌هێنێت.
مادده‌ی چواره‌م:
مادده‌ی سێیه‌می یاساكه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ئه‌و مادده‌یه شوێنگره‌وه‌ی ده‌بێت:
یه‌كه‌م: ماوه‌ی ویلایه‌تی بۆ (4) چوار ساڵ ده‌بێت و، ته‌نها بۆ یه‌ك خولی تریش ده‌توانێت خۆی بپاڵێوێته‌وه.
دووه‌م: ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم له ڕێكه‌وتی هه‌ڵبژاردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مان ده‌ست پێده‌كات و به كۆتایی هاتنی خولی په‌رله‌مان كۆتایی پێدێت.
سێیه‌م: سه‌رۆكی هه‌رێم له كاره‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، تا دوای هه‌ڵبژاردن و یه‌كه‌م دانیشتنی خولی نوێی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، به جۆرێك سه‌رۆكی نوێی هه‌رێم له ماوه‌ی چل و پێنج ڕۆژ له ڕێكه‌وتی یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرێردرێت.
مادده‌ی پێنجه‌م:
(مادده‌ی چواره‌م)ی یاساكه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
مادده‌ی شه‌شه‌م:
مادده‌ی پێنجه‌م له یاساكه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ئه‌و مادده‌یه شوێنگره‌وه‌ی ده‌بێت:
مه‌رجه‌كانی پاڵێوراو بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم:
1-هاوڵاتی و نیشته‌جێی كوردستان- عێراق بێت.
2-ده‌بێت شاره‌زاو خاوه‌ن ئه‌زموون بێت له بواری سیاسی.
3-ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاتێكی تری هه‌بوو ده‌بێت ده‌ست به‌رداری ببێت.
4-شیاوی ته‌واو بێت و ته‌مه‌نی له(40) چل ساڵ كه‌متر نه‌بێت.
5-له گشت مافه مه‌ده‌نی و سیاسیه‌كان به‌هه‌ره‌مه‌ند بێت.
6-به تاوانی شه‌ره‌ف حوكم نه‌درابێت.
7-به‌شدار و هاوكار نه‌بوو بێت له هیچ پڕۆسه‌یه‌ك، كه له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عس و، هێزه داگیركه‌ره‌كانی كوردستان دژ به خاك و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجام درابێت.
8-ئه‌گه‌ر پاڵێوراو بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌ندام په‌رله‌مان نه‌بوو ده‌بێت بتوانێت به لایه‌نی كه‌م واژۆی (15) پانزه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ خۆ كاندیكردنه‌كه‌ی به‌ده‌ست بهێنێت.
مادده‌ی حه‌وته‌م:
(مادده‌ی شه‌شه‌م) یاساكه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
مادده‌ی هه‌شته‌م:
مادده‌ی حه‌وته‌م له یاساكه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و ئه‌و مادده‌یه شوێنگره‌وه‌یه‌تی:
یه‌كه‌م: خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم له ماوه‌ی (7) حه‌وت ڕۆژ له ڕێكه‌وتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له خولی یاسادانانی نوێیدا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت.
دووه‌م: پشتگیری (تزكیه) ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ پاڵێوراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به گوێره‌ی ئه‌و نمونه ده‌بێت كه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئاماده‌ی ده‌كات، ئه‌و نمونه‌یه‌ش زانیاری تایبه‌ت به كه‌سایه‌تی پاڵێوراو و، كه‌سایه‌تی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پشتگیری ده‌كات له‌خۆ ده‌گرێت، دروستی واژۆ و زانیاریه‌كانی نێو نمونه‌كه‌ش به ئاگاداری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌بێت.
سێیه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئاره‌زووی خۆپاڵاوتنیان هه‌یه و مه‌رجه‌كانی (مادده‌ی پێنجه‌م)ی ئه‌م یاسایه‌یان تێدایه، داواكاریه‌ك پێشكه‌ش به په‌رله‌مان ده‌كه‌ن هاوپێچ به به‌ڵگه‌نامه ڕه‌سمیه‌كان له ماوه‌یه‌ك كه له (10) ده ڕۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات له ڕاگه‌یاندنی ده‌رگای خۆپاڵاوتن.
چواره‌م: ئه‌و به‌ڵگه نامه ڕه‌سمیانه‌ی كه پاڵێوراو پێشكه‌شی ده‌كات، به ئه‌وراقی ڕه‌سمی داده‌نرێن له جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی یاسای سزادانی عێراقی ژماره (111)ی ساڵی 1969.
پێنجه‌م: سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له ماوه‌ی (3) سێ ڕۆژ ناوی ئه‌و پاڵێوراوانه ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه مه‌رجه یاساییه‌كانیان تێدایه.
شه‌شه‌م: هه‌ر كه‌سێك ناوی له‌و ڕاگه‌یاندنه نه‌بوو كه له بڕگه پێنجه‌می ئه‌و مادده‌یه هاتووه، ئه‌وا مافی تانه گرتنی هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر دادگای ته‌مییز به داوایه‌كی نوسراو له ماوه‌یه‌ك كه له (3) ڕۆژ تێپه‌ڕ نه‌كات له مێژووی ڕاگه‌یاندنه‌كه.
حه‌وته‌م: دادگا هه‌ڵده‌ستێ به ده‌ركردنی بڕیارێك له ماوه‌ی (3) ڕۆژ له تۆماركردنی داواكه له‌و داوایه‌ی كه به‌گوێره‌ی بڕگه‌ی (شه‌شه‌م)ی ئه‌و مادده‌یه پێشكه‌شی كراوه، بڕیاره‌كه‌شی یه‌كلایكه‌ره‌و و مولزه‌مه، له ماوه‌ی (3) سێ ڕۆژ له مێژووی ده‌ركردنی بڕیاره‌كه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی لێ ئاگادار ده‌كاته‌وه.
هه‌شته‌م: سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌ستێ به ڕاگه‌یاندنی ناوی ئه‌و پاڵێوراوانه‌ی كه دادگای ته‌مییز خۆپاڵاوتنیانی قه‌بوڵ كردووه.
نۆیه‌م: په‌رله‌مانی كوردستان له ماوه‌ی (45) چل و پێنج ڕۆژ له ڕێكه‌وتی یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێرێت.
مادده‌ی نۆیه‌م:
مادده‌ی هه‌شته‌م له یاساكه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ئه‌مه شوێنی ده‌گرێته‌وه:
یه‌كه‌م: سه‌رۆكی هه‌رێم له ماوه‌ی (30) سی ڕۆژ له ڕۆژی سوێند خواردنی، جێگرێك بۆ خۆی ده‌پاڵێوێت و، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه به زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌ندامانی ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت و، جێگری سه‌رۆك ده‌بێت له ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كان و، له كاتی ئاماده‌نه‌بوونی سه‌رۆكیشدا جێگره‌كه‌ی به ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌وه جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه.
دووه‌م: ده‌بێت جێگر هه‌مان ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدا بێت كه له (مادده‌ی پێنجه‌م)ی ئه‌م یاسایه‌دا هاتووه.
سێیه‌م:ماوه‌ی ویلایه‌تی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ سوێند خواردنی ده‌ست پێده‌كات و به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێ كۆتایی پێدێت.
چواره‌م: جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌بێت:
1-ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رك و فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له حاڵه‌تی چۆڵبوونی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم.
2-ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و كارانه‌ی كه سه‌رۆكی هه‌رێم ڕایده‌سپێرێت.
3-موماره‌سه‌كردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه سه‌رۆكی هه‌رێم پێی ده‌دات.
پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر به هه‌ر هۆكارێك پۆستی جێگر چۆڵ بوو ئه‌وا سه‌رۆكی هه‌رێم له ماوه‌ی (30) سی ڕۆژ به هه‌مان ڕێكاری بڕگه‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌و مادده‌یه كه‌سێكی تر بۆ ئه‌و پۆسته ده‌پاڵێوێت.
مادده‌ی ده‌یه‌م:
مادده‌ی حه‌وته‌م له یاساكه هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌و به‌م شێوه‌یه ده‌خوێندرێته‌وه:
یه‌كه‌م: سه‌رۆكی هه‌رێم دوای هه‌ڵبژاردنی و به‌ر له ده‌ست به‌كاربوونی ئه‌م سوێنده‌ی خواره‌وه له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق ده‌خوات:
(سوێند بێت به خودا، پارێزگاری له مافه‌كان و ده‌ستكه‌وته‌كان و یه‌كڕیزی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هاوڵاتیانی كوردستان –عێراق بكه‌م و، ئه‌رك و فه‌رمانه‌كانم، به دروستی و دڵسۆزی ئه‌نجام بده‌م).
دووه‌م: سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی تا كۆتایی ماوه‌ی ویلایه‌ته‌كان واز له كاری حزبی ده‌هێنن.
مادده‌ی یازده‌م:
مادده‌ی نۆیه‌م له یاساكه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
مادده‌ی دوازده‌م:
بڕگه‌ی (یه‌كه‌م، سێیه‌م، چواره‌م، شه‌شه‌م، هه‌شته‌م، دوازده‌م، چوارده‌م، پازده‌م، شازده‌م، حه‌ڤده‌م، هه‌ژده‌م) له‌مادده‌ی ده‌یه‌م هه‌موار ده‌كرێته‌وه و بڕگه (پێنجه‌م، نۆیه‌م، ده‌یه‌م، یازده‌م) له هه‌مان مادده هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، به‌م شێوه‌ی خواره‌وه ده‌بێت:
یه‌كه‌م:
1-پێشنیاركردنى پرۆژه یاسا‌و بڕیارى تایبه‌ت به سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، بۆ په‌رله‌مانى كوردستان.
2- واژۆكردنى ئه‌و یاسا‌و بڕیاڕانه‌ى كه په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ریان ده‌كات، له ماوه‌ى (15) پازده رۆژدا، له به‌روارى گه‌یشتنى بۆ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، سه‌رۆكى هه‌رێم بۆی هه‌یه له‌و ماوه‌یه‌دا ناڕه‌زایى له سه‌ر هه‌موو، یان هه‌ندێك له ناوه‌ڕۆكى ئه‌و یاسا و بڕیاره‌ى كه ئاڕاسته‌ى كراوه ده‌ر ببڕێت و، بیانێرێته‌وه بۆ په‌رله‌مان بۆ پێداچونه‌وه‌یان، ته‌نها بۆ جارێك، دواتر بڕیارى په‌رله‌مان له سه‌ریان بنبڕ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك له‌و ماوه‌یه‌دا واژۆى له سه‌ر یاسا و بڕیاره‌كان نه‌كرد و ناڕه‌زایشى له سه‌ریان نه‌بوو، ئه‌وه به ده‌رچوو داده‌نرێت و، له رۆژنامه‌ى فه‌رمى بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
3-ئه‌و مه‌رسوم و بڕیاره سه‌رۆكایه‌تیانه‌ی له‌و یاسای هاتووه به ده‌رچوو داده‌نرێت دوای تێپه‌ڕبوونی پانزه ڕۆژ له ڕێكه‌وتی وه‌رگرتنی داواكاریه‌كه ئه‌گه‌ر سه‌رۆك له‌و ماوه‌یه ده‌ری نه‌چواند په‌رله‌مان له ڕۆژنامه‌ی ڕه‌سمی بڵاویان ده‌كاته‌وه.
سێیه‌م: له ماوه‌ى (15) پازده رۆژدا، له رۆژى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى كۆتایى هه‌ڵبژاردنى گشتیه‌وه، مه‌رسومی بانگهێشتكردنى په‌رله‌مان، بۆ كۆبونه‌وه‌ى یه‌كه‌مى خولى هه‌ڵبژاردنی نوێ ده‌رده‌كات و، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى نه‌كرد ئه‌وا په‌رله‌مان له خۆیه‌وه، له رۆژى دواى كۆتایى ماوه‌كه‌وه له كاتژمێر (11)ی به‌یانی كۆ ده‌بێته‌وه.
چواره‌م: له‌م حاله‌تانه‌ی خواره‌وه به مه‌رسوم، په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه:
- په‌رله‌مان به زۆرینه‌ى ره‌هاى ژماره‌ى ئه‌ندامه‌كانى هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، له سه‌ر داواى یه‌ك له سه‌ر سێى ئه‌ندامه‌كانى، یان له سه‌ر داواى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و، به ره‌زامه‌ندى سه‌رۆكى هه‌رێم.
- ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان نیسابی یاسایی له ماوه‌ی (30) سی ڕۆژ له ڕێكه‌وتی بانگهێشتكردنی بۆ دانیشتنی په‌رله‌مان ته‌واو نه‌كرد.
- ئه‌گه‌ر پتر له نیوه‌ی ئه‌ندامه‌كانی ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه.
- ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی (45) چل و پێنج ڕۆژدا له بانگهێشتكردنی بۆ كۆبونه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردن، ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامان به ده‌ست نه‌هات.
- ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان متمانه‌ی به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له سێ كابینه‌ی وه‌زاری جیاوازی یه‌ك له دوای یه‌كدا نه‌دا.
- ئه‌گه‌ر سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان گۆڕاو ، خولی هه‌ڵبژاردنیش، (6) شه‌ش مانگ یا كه‌متری مابوو.
- نابێت په‌رله‌مان له ماوه‌ى لێپرسینه‌وه سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
شه‌شه‌م: ده‌ركردنی لێبوردنی تایبه‌ت له‌سه‌ر راسپارده‌ى ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی باڵا دادوه‌ری، جگه له‌و تاوانانه‌ی خواره‌وه:
1- ئه‌و تاوانانه‌ی گرێدراوه به ئاسایشی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.
2- بازرگانی كردن به هۆشبه‌ره‌كان.
3- بازرگانی كردن به دا‌و و ده‌رمان و خۆراكی تێكچوو.
4- به‌رتیل و دزینی سامانی گشتی.
5- ته‌زویر كردنی دراو و كاغه‌زی پاره‌و بانكه‌نۆت.
6- زینای مه‌حره‌م.
7- ده‌ستدرێژی سێكسی و نێربازی و هه‌تك كردنی نامووس.
8- تاوانی كوشتن به بیانووی ئابڕوو سڕینه‌وه.
9- گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕی.
حه‌وته‌م:
1- جاڕدانى بارى نا ئاسایى،به پێی یاسایه‌ك دوای ڕه‌زامه‌ندی (3/2) دوو له‌سه‌ر سێی ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، له‌سه‌ر داوای هاوبه‌شی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بۆ دۆخه‌كانى شه‌ڕى به‌رگرى له مه‌ترسى هێزى ده‌ره‌كى، یان رودانى كاره‌ساتی سروشتی، یان بڵاوبونه‌وه‌ى نه‌خۆشی، بۆ ماوه‌ى ته‌نها (30) سی رۆژ، ده‌توانرێت به‌هه‌مان ڕێوشوێن نوێ بكرێته‌وه.
2- له كاتی ڕاگه‌یاندنی باری نا ئاسایی ئه‌نجومه‌نی باری نائاسایی له سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و هه‌رێم و سه‌رۆك و جێگری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێك دێت بۆ ئیداره‌ی كاروباری هه‌رێم له ماوه‌ی ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی.
3- ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی باری نائاسایی ئه‌و ڕێكارانه‌و ئه‌نجامانه‌ی له ماوه‌ی ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی گرتیتیانه به‌ر، له ماوه‌ی (15) ڕۆژ له مێژووی ته‌واو بونی بخه‌نه به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ بڕیاردان له‌سه‌ری.
دوازده‌م:
- دوای ده‌ستنیشانكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو به پێكهێنانی وه‌زاره‌ت له ماوه‌ی (30) سی ڕۆژ له مێژووی ڕاسپاردنی.
- له حاڵه‌تی شكستی پاڵێوراوى راسپێردراوى یه‌كه‌مدا، دوای ده‌ست نیشانكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مان كه‌سێكی تر راده‌سپێرێت، بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌ت، له ماوه‌ى (20) بیست رۆژدا.
- له حاله‌تێك ئه‌گه‌ر پاڵێوراوی دووه‌میش نه‌یتوانی له ماوه‌ی دیاریكراو حكومه‌ت پێك بهێنێت ئه‌وا دوای ده‌ست نیشانكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مان كه‌سێكی تر راده‌سپێرێت، بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌ت، له ماوه‌ى (20) بیست رۆژدا.
سیازده‌م:
مه‌رسومی قبوڵكردنى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، یان وه‌زیر ده‌رده‌چوێنێ و دا‌واشیان لێ ده‌كا له كاره‌كانیان به‌رده‌وام بن بۆ به‌ڕێكردنى كاروبارى رۆژانه، تا ده‌ستبه‌كار بوونی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یان وه‌زیری نوێ.
چوارده‌م:
كاتێ په‌رله‌مانى كوردستان، متمانه له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، یان وه‌زیر وه‌رده‌گرێته‌وه، سه‌رۆكى هه‌رێم مه‌رسومی قبوڵكردنى متمانه وه‌رگرتنه‌وه‌كه‌یان ده‌رده‌چوێنێ و، دا‌واشیان لێ ده‌كا له كاره‌كانیان به‌رده‌وام بن بۆ به‌ڕێكردنى كاروبارى رۆژانه، تا ده‌ستبه‌كار بوونی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یان وه‌زیری نوێ.
پازده‌م:
ده‌ركردنی مه‌رسومی دامه‌زراندن و لابردنى خاوه‌ن پله تایبه‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، له سه‌ر پێشنیارى وه‌زیرى په‌یوه‌ندیدارو ڕه‌زامه‌ندى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.
شازده‌م: ده‌ركردنی مه‌رسومی دامه‌زراندنی دادوه‌ران و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی دوای پاڵاوتنیان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری باڵا و په‌سه‌ند كردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان.
حه‌ڤده‌م:
ده‌ركردنی مه‌رسوم بۆ پێدانی پله‌ى سه‌ربازی به ئه‌فسه‌رانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئه‌ندامان و ئه‌فسه‌رانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و، ده‌ركردنیان و، خانه‌نشین كردنیان، له سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
هه‌ژده‌م:
ده‌ركردنی مه‌رسوم بۆ:
1-ڕێگه دان به هاتنی هێزه چه‌كداره‌كانی فیدراڵ بۆ ناو هه‌رێم له‌سه‌ر پێشنیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ڕه‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی كوردستان.
2-ناردنی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌سه‌ر پێشنیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ڕه‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی كوردستان.
نۆزده‌م (دووباره): به‌خشینی نیشانه‌و مه‌دالیا، به مه‌رسومێك له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرن و به‌گوێره‌ی یاسا.
بیسته‌م:
ده‌ركردنی مه‌رسوم به دامه‌زراندنی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ده‌سته‌و كۆمسیۆنه سه‌ربه‌خۆكان دوای په‌سندكردنی په‌رله‌مان بۆ پاڵێوراوه‌كان.
مادده‌ی سیازده‌م:
مادده‌ی پازده‌م هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌و به‌م شێوه‌یه ده‌خوێندرێته‌وه:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر پله‌و پایه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك له هۆیه‌كان چوڵ بوو، جێگره‌كه‌ی جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه، بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و ماوه‌ی بۆ ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم ماوه.
دووه‌م: سه‌رۆكی نوێ له ماوه‌ی (30) سی ڕۆژ –له ڕۆژی سوێند خواردنی جێگری خۆی ده‌پاڵێوێت بۆ ئه‌وه‌ی له په‌رله‌ماندا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، به‌م شێوه‌ی كه له مادده‌ی (هه‌شته‌م)ی ئه‌و یاسایه هاتووه.
مادده‌ی چوارده‌م:
مادده‌ی شازده‌م هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌و به‌م شێوه‌یه ده‌خوێندرێته‌وه:
سه‌رۆكی هه‌رێم له پۆسته‌كه‌ی دووه ده‌خرێته‌وه دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌و حاله‌تانه‌ی خواره‌وه تاوانبار ده‌كرێت:
1-كاركردن به پێچه‌وانه‌ی سوێندی یاسایی.
2-كاركردن به پێچه‌وانه‌ی ده‌قه‌كانی ئه‌م یاسایه.
3-خیانه‌تی گه‌وره.
مادده‌ی پازده‌م:
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان- عێراق ده‌بێت.
مادده‌ی شازده‌م:
سه‌رۆكی هه‌رێم به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی (مادده‌ی دووه‌م)ی ئه‌و یاسایه هه‌ڵده‌بژێردرێت بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و ماوه‌ی كه ماوه بۆ كۆتایی هاتنی خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان.
مادده‌یحه‌ڤده‌م:
لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌م یاسایه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
مادده‌ی هه‌ژده‌م:
ئه‌م یاسایه له ڕۆژى ده‌رچواندنیه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت و له ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان) بڵاوده‌كرێته‌وه.
(هۆیه‌كانی ده‌رچواندنی ئه‌م یاسایه)
به مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم و جێگیركردنی سیستمی په‌رله‌مانی ته‌واو ئه‌م یاسایه ده‌رچوێندرا.