نوچەنێت.ههولێر:
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هەرێم چەند نەوت رادەستی بەغدا بكات،ئەوان لە ٥٠٠ ملیار زیاتر رەوانە ناكەن چارەسەری قەیرانی ئابووری ئەوەیە فرۆشتنی نەوت لە دەست هەرێمی كوردستان خۆی بێت.
دڵشاد شەعبان،پەرلەمانتاری پارتی و جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمی حیزبەكەی راگەیاندوە”هەرێمی كوردستان چەند نەوتی خۆی رادەستی بەغدا بكات، ئەوان لە ٥٠٠ ملیار زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە ناكەن و بە چوونی شاندی هەرێمیش بۆ بەغدا گەشبین نیم، بەڵام رەنگە ئەمە لە ڕووی سیاسییەوە دوایین داواكاری بێت، وەلێ چارەسەری قەیرانی ئابووری ئەوەیە فرۆشتنی نەوت لە دەست هەرێمی كوردستان خۆی بێت و، ههڵبهت هەرێمیش هەموو ئامادەكارییەكی بۆ ئەو مەبەستە كردووە”.
وتیشی”ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان گەییشتووەتە ڕادەیەك كە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ ٩٠%ـی بەشەبوودجەی هەرێم دابین دەكات، كە ئەوكات بە ئاسانی مووچەی هەرێمی كوردستان هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا دەدرێت”.
جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان راشیگەیاند”بەغدا نە بەشەبوودجەی هەرێم و نە كەركووك رەوانە ناكات، بۆیە ئەگەر شاندی كەركووكیش بچێتە بەغدا ئەنجامی نابێت، چوونی ئەو شاندانە تەنیا بۆ ئەوە باشە رای گشتی و ئەمەریكا و یوئێن لەوە تێبگەن هەرێم دوایین هەوڵی خۆی لەگەڵ بەغدا دا تا بگاتە رێككەوتن”.
پەرلەمانتارەكەی پارتی راشیگەیاند”باشترین چارە ئەوەیە هەرێم نەوتی خۆی و كەركووك بفرۆشیت و بوودجەی پێ دابین بكات، پێویستە ئێمە لە ماڵی خۆمان و ئەوانیش لە ماڵی خۆیان بن، لەو ڕووەوە هیچ كێشەیەكمان نییە و كڕیاری نەوت ئامادەن بە هەر جۆرێك ئێمە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین لە كڕین و فرۆشتنی نەوت، گرێبەست واژۆ دەكەن”.
دڵشاد دەشڵێت”لە ئێستادا رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم رۆژانە نزیكەی ٦٥٠هەزار بەرمیلە كە دەتوانێ بیفرۆشێت و رۆژانەیش رێژەكە زیاد دەكات”.