نوچەنێت.ههولێر:
وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت،ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكان،پشتگیری لە هەر هەنگاوێكی حكومەتی هەرێم دەكەین بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا.
محەمەد حەكیم،وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، بەماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە” كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردەی هەر پێنج حزبی ناو دەسەڵاتدا، كۆبوونەوەیەكی لەجێی خۆی بوو و لایەنەكانیش بەرچاویان ڕۆشن بوو، كە ئەوە بەغدایە پابەند نییە بە ڕێككەوتنەكەوە، هەروەها بە پێویست دانرا هەرێم نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ بفرۆشێت، بەڵام پاش گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، كە هەرێم خۆی ئەو كارە بكات و چیدی لە ڕێگەی بەغدا و كۆمپانیای سۆمۆوە نەوت نەفرۆشێت، چونكە بەغدا پابەندی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا نییە، كێشەی هەرێمیش بەو پارەیەی بەغدا ڕەوانەی دەكات، چارە نابێت”.
وتیشی”ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكان، پشتگیری لە هەر هەنگاوێكی حكوومەتی هەرێم دەكەین بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا”.
وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی راشیگەیاند”بڕیار نەدراوە هیچ لیژنەیەك ڕەوانەی بەغدا بكرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم (د. ڕۆژ) جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراقی ڕاسپارد، كە پەیامی حكوومەتی هەرێم بە بەغدا بگەیەنێت و هەوڵی چارەكردنی كێشەكان بدات”.