مناڵێک وەک ئەستێرە دەردەکەوێت، بەئاسانی دەگاتە دڵی خەڵک و خۆشەویستی شعر دۆساتان بەدەست دێنێ، ئەو ناوی نالی نەجاتە، ئێستا تەمەنی دەساڵە و باوکی لەخۆشەویستی بۆ نالی شاعیر، ئەو ناوەی لێ ناوە.
نالی سەرەتا بەخوێندنەوەی شعری گەورە شاعیران لەگەڵ باوکیداو بەبڵاوکردنەوەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوت، دواتر بووە ئەستێرەی راگەیاندنەکان و ئێستا ناوێکە بەهەموان ئاشنایە، ئەوەی ئەم مناڵە لەهەر شاعیرێکی گەنج جیا دەکاتەوە، و پێویستی گرنگیپێدان و خزمەتکردنی فەرز دەکات بەسەر ناوەندە رۆشنبیرییەکاندا، ئەوەیە، کە بەهۆی گرنگی نەدان بەشاکارە شعری گەورەشاعیرانی کورد، لەلایەن دەزگا تایبەتمەندەکانەوە، لای نەوەی نوێ دیوان و شعرەکانیان نەناسراو بوو، بەڵام نالی وەک شنەبایەک وشەی نێو دیوانە مەزنەکانی بەگوێی هەمواندا دایەوە، شاکارە مەزنەکانی کردەوە وێردی سەر زمانی زۆرکەس.
زۆرن ئەو کەسانەی هەر لەمناڵییەوە، خاوەنی بەهرەیەکی گەورەن، بەڵام زۆر کەمن ئەو مناڵانەی چانسی گرنگیدان بەبەهرەکانیان دەبێت و لەڕێی بەهرەکانیانەوە دەردەکەون، ئەوەی دەتوانێ هاوکاربێت بۆ دەرکەوتنی بەهرەی مناڵ و گەشەپێدانی، هەبوونی باوک و دایکێکی وردبینە، کەتوانای سەرنجدان و گەڕان بەدوای بەهرەی مناڵەکانیان هەبێت، خۆشبەختی نالی لەوەدایە، کەباوک و دایکی لەو کەسە وردبینانەن، بۆیان گرنگ بووە هەر لەم سەرەتایەوە، گرنگی بەبەهرەی نالی بدەن و زیاتر حەزی لادروست بکەن و گەشەی پێ بدەن.
نەجات ئەمین، کە وەک خۆی دەڵێت “ئاشنایەتم لەگەڵ ئەدەبیاتی کوردیدا باشە” باوکی نالی بچوکە، خۆشەویستی ئەم باوکە بۆ شعرو ئاشنایەتی بەو بوارە، کاریگەرییەکانی بەسەر نالی کوڕییەوە دیارە، نەجات بۆ نوچەنێت، باس لەبەهرەی کوڕەکەی دەکات و ئاشکرای دەکات کە نالی لەتەمەنی چوار پێنج ساڵییەوە بەهرەکانی دیار بووە، دەشڵێت” هەر لەوکاتەوە هەستم دەکرد نالی بەهرەیەکی تێدایە، بۆیە پێویست بوو لام گرنگی پێ بدەم و زیاتر گەشە بەبەهرەکەی بدەین”.
خۆشەویستی بۆ دونیای شعر، بەئاسانی لەباوکی نالیدا دەبینرێت، بۆ خۆشی ئەوە دەخاتەڕوو کە”لەناوەراستی نەوەدەکانەوە، شەیدای شعر بوم و لەگەڵ ئەو بوارە ئاوێتەبووم، زیاتریش شعری نیشتیمانی و دڵداری دەخوێنمەوە”. ئەوەش وا دەکات کە تەنها وەک خوێنەرێکی شعر نەمێنێتەوە، بەڵکو خوێندنەوەی شعر هاندەری بووە بۆ نوسین و هەوڵی نوسینی شعریشی داوە، لەقسەکانیدا بۆ نوچەنێت نەجات ئەمین، نایشارێتەوە دۆخی رابردووی و وڵات و سەختی ژیان و نەبوونی هاندەر و هاوکاری باش، وایکردووە، نەجات سەرینەپەرژێتە سەر نوسین. بەڵام ئاشکرای دەکات کە”لەەداهاتوو شعرەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە”.
ئەم باوکە جیاواز لەزۆر باوکێکی ئەو ناوچەیە دەردەکەوێت، ناکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو نەریتەی بۆ باوکانی سەختکردووە، حەز بەوە بکەن مناڵ ببێتە پێناسەیان و لەرێی مناڵەکانیانەوە بناسرێتەوە، و دەڵێت” با من لەپشتی نالییەوە بم بۆ دروستبوونی، بەڵام شانازی دەکەم، پێم بڵێن باوکی نالی و بەنالییەوە بناسرێم، زیاتر لەوەش جگە لەئەرکی باوکایەتی، دڵخۆشم بەوەی خەریکی پەروەردەکردنی رۆڵەیەکم، کەدڵنیام داهاتوو کەسێک دەبێت، خزمەت بەشعرو ئەدەبی کوردی دەکات و دەبێتە جێی شانازی خەڵکی دڵسۆز بەو بوارە، و ئەوانەی تێدەگەن گرنگیدان بەو بوارە چەند پێویستە”.
نالی نەجات، ئێستا ناوبانگی لەتەمەنی گەورەترە، ئەو مناڵێکی 10 ساڵانە، و دەرفەتی گەورەتربوونی ناوبانگی لەمەردەمیدایە، رەنگە ئەمەش ببێتە مەترسی بۆ سەر داهاتووی ئەو مناڵە بەهرەمەندە، کە لەهەوڵدانی بخات بۆ خۆدروستکردنی زیاتر، ئەویش بەهۆی ئەوەی، ناوبانگ دڵنیاییەک خراپ بەمرۆڤەکان دەدات و ئەو هەستەیان پێ دەدات کەگەشتونە لوتکەو لەدوای لوتکەش هیچ جێیەکی تر نییە هەوڵی بۆ بدرێت.
بەڵام باوکی نالی، لەوەش بێ ئاگا نییە و دەزانێت هەبوونی ناوبانگ دەکرێ کاریگەری پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ دروست بکات، بۆیە وەک خۆی دەڵێت” ئەگەر کەسێکی دڵسۆز لەپشتی مناڵ، یان گەنجێکەوە بێت کە دەبێتە خاوەنی ناوێک، ناهێڵێ ناوبانگ کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر دابنێ، بەڵکو نێگەتیڤ دەگۆڕێت و بۆ پۆزەتیڤ و هاندەری لەزیاتر هەوڵدان و خۆ دروستکردنی”، هیوای ئەوەش دەخوازێت کەبتوانێت”بەشێوەیەک نالی پەروەردە بکەم، هیچ کات بێ هیوا نەبێ لەگەشتن بەلوتکە و هیچ کاتیش هەست نەکات گەشتۆتە لوتکە، تا نەوەستێ لەهەوڵدان”.
باوکی نالی دەشڵێت، کەنالی بچوک، تەنها لەخوێندنەوەو دەرخکردنی شعردا بەهرەمەند نییە، بەڵکو لەنوسینیشدا بەهرەی هەیە”نالی شعری بۆ کۆبانێ و پێشمەرگە نوسیووە، لەوەشدا هاوکاری بووم و هاوکاریشی دەبم”، ئەوەش ڕادەگەیەنێت کە بۆخۆشی شعری نوسیووە بەنیازە “لە ئایندە نوسینەکانی خۆم و نالی لەدیوانێکدا، چاپ دەکەین و دەیخەینە بەردیدی خوێنەران”.
وەک دواین هەواڵی کارەکانی نالیش، نەجات ئەمین ئەوە ئاشکرا دەکات، کە بەرهەمێکی شعری بۆ پێشمەرگە، لەنوسینی خۆیان و بەدەنگی خۆی و نالی تەواو بووە و بەمزوانە بڵاوی دەکەنەوە.
ڤیدیۆ و وێنەکانی نالی




