مه‌لا كرێكار حیزبێكی سه‌له‌فی ئیسلامی جیهادی داده‌مه‌زرێنێت
به “مه‌ترسییه‌كی گه‌وره” له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت
راپۆرتی: رێبوار ره‌زا چوچانی
مه‌لا كرێكاری ئه‌میری پێشووی ئه‌نسار ئیسلام، گروپێكی ئیسلامی سه‌له‌فی جیهادی داده‌مه‌زرێنێت، كه له‌په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌كه‌یدا، بڕوایان به به‌كارهێنانی چه‌ك هه‌یه، شاره‌زایه‌كی ئیسلامی سیاسیش پێیوایه، “له‌داهاتوودا ئه‌گه‌ری دروستبوونی گرووپی خراپتر له‌ئه‌نسار ئیسلام ده‌كرێت”.
(بزاڤی شیاوی گۆڕین) ناوی ئه‌و گروپه سه‌له‌فییه چه‌كدارییه تازه‌یه كه مه‌لا كرێكاری ئه‌میری پێشووی ئه‌نسار ئیسلام دایمه‌زراندووه، له‌یه‌كه‌مین كاردانه‌وه له‌به‌رانبه‌ر گرووپه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌گروپێكی نایاسایی و قه‌ده‌غه‌كراوی ده‌زانێت، چونكه له‌به‌رنامه‌ی ناساندنی ئه‌م گرووپه نوێیه‌دا، ده‌رده‌كه‌وێت بڕوایان به‌خه‌باتی چه‌كداری هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌لای چاودێرانی سیاسییه‌وه، یه‌كێكه له‌و مه‌ترسییانه‌ی كه له‌داهاتوو رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌وه، شاره‌زایه‌كی ئیسلامی سیاسی، پێشبینی سه‌رهه‌ڵدانی “گروپی خراپتر له‌گرووپه‌كانی ئه‌نسار ئیسلام و ئه‌و گروپه ته‌كفیرییانه‌ی تر ده‌كات، كه پێشتر له‌هه‌رێمی كوردستاندا بوونیان هه‌بووه”.
مه‌لا كرێكار كێیه؟
مه‌لا كرێكار كه ناوه ئه‌سڵییه‌كه‌ی (نه‌جمه‌دین فه‌ره‌ج)ه‌و له‌شاری (سلێمانی) له‌دایكبووه، یه‌كێكه له سه‌ركرده دیاره‌كانی ئیسلامی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان و له‌ناو هاوڕێكانیدا به‌كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ر داده‌نرێت، له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو په‌یوه‌ندی كردووه به‌ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی دیاری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بووه، ماوه‌یه‌كیش به‌رپرسی مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری بووه، له‌پاش ئینشیقاقه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی، مه‌لا كرێكار ره‌وتی ئیسلاح جیاده‌كاته‌وه، پاشان له‌گه‌ڵ باڵێكی تری جیابووه‌ی بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی، به‌ناوی جوندولئیسلام یه‌كده‌گرن و گروپی توندڕه‌وی ئه‌نسارولئیسلام داده‌مه‌زرێنن، له سه‌روبه‌ندی كاره‌ساتی خێڵی حه‌مه 2002 هه‌رێمی كوردستان جێده‌هێڵێت و روو له‌وڵاتی نه‌رویج ده‌كات، له‌وێش بۆماوه‌ی چه‌ند مانگێك زیندانی ده‌كرێت.
مه‌لا كرێكار تا ئێستاش به كۆمه‌ڵێك كه‌یس تۆمه‌تباره و به‌و هۆیه‌شه‌وه له‌دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌یه، كه دیارترینیان “كه‌یسی تیرۆر”ه، چونكه مه‌لا كرێكار به‌ر له‌وه‌ی بچێته وڵاتی نه‌رویج، ئه‌میری گروپی توندڕه‌وی ئه‌نسار ئیسلام بوو، ئه‌و گروپه‌ی كه به “تیرۆریست” ده‌ناسرێت، به‌پێی یاساكانی هه‌رێمی كوردستانیش بێت، له‌كاتی ده‌ستگیركردن یان راده‌ستكردنه‌وه‌ی مه‌لا كرێكار یان گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان، یاسای ژماره (3)ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر كه له ساڵی (2006) له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه، رووبه‌ڕووی ده‌كرێته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه بۆته رێگر له‌به‌رده‌م وڵاتی نه‌رویج، كه مه‌لا كرێكار راده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌كاته‌وه، چونكه به‌پێی ئه‌و یاسایه بێت، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، تائێستا چه‌ندینجار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته حكومه‌تی نه‌رویج له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی هه‌رێم، هیچ گره‌نتییه‌كیان نه‌داوه به حكومه‌تی نه‌رویج، بۆ پاراستنی گیانی مه‌لا كرێكار.
حیزبه نوێیه‌كه‌ی مه‌لا كرێكار
(بزاڤی شیاوی گۆڕین) ناوی ئه‌و حیزبه نوێیه‌یه كه به‌بڕوایه‌كی ئیسلامی سه‌له‌فی جیهادییه‌وه، مه‌لا كرێكار دایمه‌زراندووه، له‌پێناسه‌كه‌شیدا ده‌رده‌كه‌وێت، بڕوایان به‌جیهاد و خه‌باتی چه‌كداری هه‌یه.
(بزاڤی شیاوی گۆڕین) وه‌ك له‌پێناسه‌كه‌یدا هاتووه “بریتیه له‌بزاوت و هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی خاوه‌ن به‌رنامه‌و هه‌ڵوێست، ئه‌م ره‌وته بزاڤێكی شیاو دێنێته كایه‌وه هه‌تا جاهیلییه‌تی پێ بگۆڕێت”، هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی تری به‌رنامه‌كه‌ی (بزاڤی شیاوی گۆڕیندا)، نیازی خۆیان خستۆته‌ڕوو بۆ دروستكردنی هێزی چه‌كداری، چونكه له‌یه‌كێك له‌بڕگه‌كاندا هاتووه “بزاڤ ستراتیژیه‌تیه‌كه ده‌بێ ئامانجه دووره‌كه‌ی به‌ڕۆشنی تێدا دیاری بكرێت، تا ئه‌ندامان و خه‌ڵكی تریش بزانن ئه‌م كۆمه‌ڵكارانه ده‌خوازن چی بێننه دی و چۆن؟! هه‌روه‌ها ده‌بێت چه‌ندین قۆناغ له‌ڕێباز و خه‌باته‌كه‌یاندا دیاری بكه‌ن، بۆ نموونه خه‌باتی سیاسی و خه‌باتی چه‌كداریی، هه‌ر یه‌ك له‌مانه‌ش قۆناغی خۆیان هه‌یه، بۆ نموونه له‌قۆناغی خه‌باتی سیاسیی‌دا قۆناغی خۆناساندن به ئه‌ندامان و گۆشكردنیان هه‌یه كه پێش قۆناغی خۆناساندن به جه‌ماوه‌ر و به‌گه‌ڕخستنیانه، قۆناغی چه‌كداریش وه‌هایه، هه‌ر قۆناغێكیش مه‌به‌ستی تایبه‌ت به خۆی تێدایه كه ده‌بێت بهێنرێنه دی، تا بزاڤه كۆمه‌ڵكارییه‌كه له‌ئامانجه دووره‌كه‌ی نزیكتر ببێته‌وه”.
هه‌ر له‌پێناسه‌ی بزاڤه‌كه‌دا كه به‌شێكه له‌په‌یڕه‌و و پرۆگرامیان هاتووه، ده‌بێت ئه‌وان بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه بزاڤه‌كه‌یان بتوانێت ببێته “هێزێكی زۆرانبازی نه‌یاره‌كانی”، كه به‌گوێره‌ی ئه‌و ناساندنه بێت، ده‌بێت له‌به‌رنامه‌ی سیاسی خۆیاندا به‌دیلیان هه‌بێت، له‌به‌شێكی تری په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌كه‌یاندا هاتووه، “پاشان ئه‌م بزاڤه كۆمه‌ڵكارییه مومكین نیه ببێته بزاڤێكی شیاو، ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌ی فیكریی بێت و نه‌یاره‌كانی خاوه‌ن هێزی چه‌كداریی بن، چونكه فیكر به‌رامبه‌ر فیكر ده‌وه‌ستێته‌وه‌و شمشێریش به‌رامبه‌ر شمشێر، شتێكی نامومكینه له‌وڵاتی میلیشیایی وه‌كو كوردستاندا تۆ به فیكرێكی راقی و ده‌ستی خاڵیی، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی حزبی دیكتاتۆر و عه‌سكه‌ریتاریای رقن و شه‌للاتێتی موخابه‌راتی بێنیته خواره‌وه”.
هه‌روه‌ها داوای ئه‌وه‌ش ده‌كات له‌ئه‌ندامانیان، كه له‌قۆناغی خه‌باتی سیاسییاندا، “ئارامگرانه كار بكه‌ن”، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجه‌ش داده‌نێت، كه ئه‌و ئارامگرتنه نه‌بێته هۆی بچوكبوونه‌وه‌یان، چونكه وه‌ك له‌به‌رنامه‌ی خۆناساندنه‌كه‌یاندا هاتووه “ئه‌گه‌ر ببێته مایه‌ی بچووككردنه‌وه‌ی بزاڤه‌كه بێ ئومێدی لای ئه‌ندامان دروست ده‌كات، تا وایان لێ دێت باوه‌ڕیان به‌وه نامێنێت كه بزاڤ داوای ده‌كات و هێنده پێیان قورس ده‌بێت، پێیان واده‌بێت كه ئاڕاسته‌وانانی بزاڤ واقیعیانه نابینن و پلانه‌كانیان خه‌یاڵییه، ئه‌مه‌ش نه‌مانی متمانه‌ی نێوان سه‌ركردایه‌تی و بزاڤه‌كه‌یه، بۆیه له‌حاڵه‌تی وادا ده‌بێ سه‌ركردایه‌تی بزاڤ شوێنی (به‌دیل) بۆ كۆچكردنی ئه‌ندامانی بدۆزێته‌وه، یان ناچاری دۆزینه‌وه‌ی مه‌ئوای ناو شاخ ببێت كه به‌مه‌ش ره‌نگه بچێته قۆناغی سه‌ربازییه‌وه، ئه‌گه‌رچی هێشتا ئاماده‌باشیی ته‌واوی بۆ نه‌كردبێت”.
“مه‌ترسییه گه‌وره‌كه”
شاره‌زایه‌كی بواری ئیسلامی سیاسی كه چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی له‌و بواره‌دا هه‌یه، پێیوایه دروستبوونی ئه‌و گروپه ته‌كفیرییه توندڕه‌وه جیهادییه، له‌داهاتوودا ده‌بێته “مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان”.
شوان ئه‌حمه‌د وه‌ك شاره‌زایه‌ك و توێژه‌رێكی بواری ئیسلامی سیاسی كه چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و ره‌وتانه، بڕوای وایه، هه‌ركه‌سێك شاره‌زابێت له‌ئیسلامی سیاسی، تێده‌گات كه له‌دوای سه‌ید قوتبه‌وه ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له‌ئیسلامی سیاسیی‌دا روویدا، بریتی بوو له‌دروستبوونی باڵی جیهادی سه‌له‌فی ئیسلامی سیاسی توندڕه‌و، كه “باوه‌ڕی به‌هیچ گفتوگۆیه‌ك نیه، بڕوای به‌دیموكراسییه‌ت و قبوڵكردنی به‌رانبه‌ر نییه”، وتیشی “مه‌ترسی گه‌وره‌ی ئه‌مانه له‌وه‌دایه، كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تۆتالیتاری و پۆلیسی دروست ده‌كه‌ن، ده‌بنه هه‌ڕه‌شه نه‌ك ته‌نها بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو بۆ سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگه و خودی ژیانیش، چونكه ئێمه ئه‌و نمونانه‌مان بینیووه، نموونه‌ی تالیبان له‌ئه‌فغانستان، نمونه‌ی ئه‌و حوكمڕانییه بچوكه‌ی كاتی خۆی جوندلئیسلام و ئه‌نسارولئیسلام كه له‌ناوچه‌یه‌كی چه‌په‌ك و دووره ده‌سته‌كانی سنووری هه‌رێم و ئێران دروستیان كردبوو، وه‌ك ناوچه‌ی هه‌ورامان، نیشانیاندا ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان شوێنێكه بۆ تۆقاندن و بێده‌نگ كردنی ده‌نگه‌كانی تر، بۆیه نه‌ك له‌كوردستان له هه‌ر جێگه‌یه‌كی تر دروست ببن، هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ژیان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دروست ده‌كه‌ن، هه‌میشه له‌شه‌ڕێكی به‌رده‌وامدا ده‌بێت”.
ئه‌و توێژه‌ره پێیوایه له دوو رێگه‌وه ئه‌و جۆره گروپانه ده‌توانن ببنه هۆی “سه‌ر ئێشه بۆ هه‌رێمی كوردستان”، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “یه‌كه‌میان له‌ڕێگه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه، دووه‌میان بارودۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان”، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “لایه‌نی دووه‌میان كه بارودۆخی ناوخۆیه، له‌باره بۆ دروستبوونی ئه‌م جۆره گرووپانه، چونكه هه‌تا پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ت و ئیشكردنه قۆرغكارییانه‌ی خۆیان به‌رده‌وام بن، ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ین، كه هێزی تاریكتر و هێزی توندڕه‌وتری تێدا درووست بێت، هه‌تا پارتی و یه‌كێتی به‌رده‌وام فه‌زای ئازادی كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ردا بكه‌ن، ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو موحاره‌به نه‌كرێت، ده‌بێت ئێمه چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ین كه له‌هه‌ر له‌حزه‌یه‌كدا، هێزی توندڕه‌و و ده‌مارگیری ئاوا دروست بێت و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌شه‌ڕێكی بێ ئامانه‌وه بگلێنێت، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌وشه سیاسییه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت و وه‌ك ئێستا بڕوات، پێشبینیی ده‌كه‌م، كه ئه‌م گرووپانه سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌كانی رابردوو ئه‌و جۆره گروپانه دروست نه‌بووبن، په‌یوه‌ندی به‌بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه هه‌یه له‌ناوچه‌كه‌دا، ئه‌گینا زیاد له‌هێزێك دروست ده‌بوون كه له‌ئه‌نسار ئیسلام و پاشماوه‌كانی قاعیده خراپتر و تاركیتر بن”.
“ئه‌ندامه‌كانیان رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه”
وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌زاری بریكاری وه‌زاره‌ته‌وه رایده‌گه‌یه‌نن، كه هه‌ر هێزێك به‌بێ مۆڵه‌ت كار بكات، یاسا پێشێل ده‌كات، بۆیه وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن، ئه‌ندامانی گرووپه نوێیه‌كه‌ی مه‌لا كرێكاریش، رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه.
مه‌لا كرێكار كه باكگراوندێكی توندڕه‌وی ئیسلامی هه‌یه، به دروستكردنی ئه‌و بزاڤه جارێكی تر ده‌بێته‌وه جێ سه‌رنج و گومانی لایه‌نه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم، چونكه به‌لای لایه‌نه ئه‌منییه‌كانه‌وه بوونی مه‌لا كرێكار له‌ناو هه‌ر گروپێكدا، ئاماژه‌یه‌كه بۆ توندوتیژی، بۆیه وه‌ك فایه‌ق تۆفیق بریكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی پێده‌دات، ئه‌و گروپه‌ی مه‌لا كرێكار هیچ مۆڵه‌تێكیان نیه و هه‌ر هێزێكیش مۆڵه‌تی نه‌بێت، نایاساییه، ده‌ڵێت “هه‌ر كه‌سێكیش مۆڵه‌تی نه‌بێت و وه‌ك حیزب كار بكات، موخاله‌فه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات و وه‌ك هه‌ر موخاله‌فه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، چونكه له‌و كاته‌دا كه مۆڵه‌تی نه‌بێت و باره‌گای نه‌بێت، ده‌بێته چه‌ته‌یه‌ك و په‌لاماری خه‌ڵك ده‌دات، كه مۆڵه‌تی نه‌بێت و باره‌گای نه‌بێت و په‌یڕه‌وی ناوخۆی نه‌بێت كه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر درابێت، چۆن ده‌توانێت له خۆیه‌وه كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كۆبكاته‌وه، هه‌ر كه‌سێكیش له‌ده‌وریان كۆبێته‌وه موخاله‌فه‌یه، كێ ده‌ڵێت مه‌لا كرێكار هه‌ر ئه‌نسارولئیسلام نیه ده‌یانهێنێته پێشه‌وه بۆمان”، له‌باره‌ی بوونی چه‌كداریشه‌وه گوتی “هیچ هێزێك نیه ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تیشی هه‌بێت، هێزی چه‌كداری هه‌بێت، چونكه هه‌موو حیزبه‌كانی تریش كه مۆڵه‌تیشیان هه‌یه، چه‌كداره‌كانیان ئێمه بۆمان دامه‌زراندوون، هه‌ر كه‌سێكیش بچێته ناو ئه‌و گرووپه رووبه‌ڕووی یاسای ده‌كه‌ینه‌وه، چونكه ئه‌و گرووپه خۆی مۆڵه‌تی نییه و سه‌رله‌به‌ری باتڵه”.
“مه‌لا كرێكار دژی ئیسلامییه میانڕه‌وه‌كانیشه”
هه‌رچه‌نده مه‌لا كرێكار خۆی یه‌كێكه له‌سه‌ركرده دیاره‌كانی ئیسلامی سیاسی، به‌ڵام له‌هه‌موو دیداره‌كانیدا، هێزه ئیسلامییه‌كانی تری هه‌رێم ره‌ت ده‌كاته‌وه، جگه له‌گروپی توندڕه‌وی ئه‌نسارولئیسلام، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵێنه‌وه‌ی ستراتیژیش ده‌ڵێت “ئه‌وان چۆن له‌عه‌لمانییه‌كان ده‌ڕوانن، ئاواش له‌ئیسلامییه میانڕه‌وه‌كان ده‌ڕوانن”.
یه‌كێك له‌سیفاته‌كانی مه‌لا كرێكار، كاركردنه له‌سه‌ر بێبه‌هاكردنی لایه‌نه ئیسلامییه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌چه‌ندین بۆنه و دیداردا خستوویه‌تییه روو، به‌ڵام به‌بڕوای فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركرایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی، ئه‌و شێوازه كاركردنه به‌شێكه له‌ئامانجی ئه‌و گروپه توندڕه‌وانه، ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت “ئه‌و رێكخراوانه له‌سه‌ر دژایه‌تی دوولایه‌ن كار ده‌كه‌ن، یه‌كێكیان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و زۆر به‌توندی دژی رێبازی عه‌لمانییه‌تن، دووه‌م دژی ئیسلامی میانڕه‌ون، چونكه پێیانوایه ئه‌و رێبازه ئیسلامییه میانڕه‌وه زیاتر خزمه‌تی عه‌لمانییه‌ت ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك چۆن سه‌یری عه‌لمانییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌و شێوه‌یه‌ش سه‌یری ره‌وتی ئیسلامی میانڕه‌ویش ده‌كه‌ن”.
ئه‌سه‌سه‌رد پێیوایه ره‌نگه هه‌ندێكجار ئه‌و گرووپانه بتوانن گرفتی بچووك دروست بكه‌ن، “چونكه ئه‌وانه هێزی چه‌كدارییان ده‌بێت”، به‌ڵام ره‌تیشی ده‌كاته‌وه، كه بتوانن ببنه به‌دیل بۆ حوكمڕانه‌كان و گرفتی گه‌وره بۆ حكومه‌ت دروست بكه‌ن، گوتیشی “به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تا ئێستا هیچ حكومه‌تێك له‌ڕێگه‌ی تیرۆره‌وه نه‌ڕوخاوه، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌و حكومه‌ته توشی هه‌ندێك كێشه ببێت، وه‌ك بارودۆخی ناو وڵات له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه، ره‌وشه‌كه تێك بده‌ن، به‌ڵام نابێته هۆی دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی گشتی له‌وڵات”.
(بزاڤی شیاوی گۆڕین) كه تازه دامه‌زراوه و “چاوه‌ڕوانی نه‌رێنی لێده‌كرێت له‌شێوه‌ی خه‌بات و كاروباری سیاسی‌دا”، سه‌نته‌رێكیشیان دامه‌زراندووه به‌ناوی سه‌نته‌ری شاخ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی كه له‌و سه‌نته‌ره‌وه وه‌ك خۆیان ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن، خه‌ریكی دیراسه‌كردنی كاروباری سیاسی و رووداوه‌كانن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن شوێنی خۆیان له‌گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌سه‌سه‌رد به دووری ده‌زانێت كه ئه‌و ره‌وته ئیسلامییه‌ی مه‌لا كرێكار بتوانێت رۆڵ بگێڕێت له‌رووداوه سیاسییه‌كانی كوردستاندا، چونكه وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی پێده‌دات، ئه‌و جۆره رێكخراوانه له‌چوارچێوه‌ی یاسادا كار ناكه‌ن، چونكه وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا كه ئێستا گه‌وره‌ترین رێكخراوی توندڕه‌وی ئیسلامی له‌جیهان كه رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌یه، به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت، بۆیه بڕوا ناكه‌م دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه له‌سه‌ر ئاستێكی ته‌سكتر، سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت”.
ئه‌و شێوه كاركردنه‌ی مه‌لا كرێكار بۆ بێبه‌هاكردنی لایه‌نه ئیسلامییه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان، گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت، كه بیه‌وێت هه‌موو سه‌ركرده و لایه‌نه‌كانی تری ئیسلامی سیاسی له‌كه‌دار بكات و خۆی جێگه‌یان بگرێته‌وه و وه‌ك كاریزمایه‌كی سیاسی ئیسلامی ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام به بڕوای دكتۆر محه‌مه‌د بازیانی سه‌رۆكی سه‌نته‌ری هودا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی، سه‌رده‌می كاریزمای سیاسی به‌سه‌رچووه و كاریگه‌رییان نه‌ماوه، بازیانی زیاتر ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یان جیاواز نه‌بێت، ناتوانن ببنه به‌دیل بۆ حیزبه‌كانی تر، چونكه له‌مڕۆ به‌دواوه سه‌ركرده‌ی كاریزمی زۆر رۆڵی نابێت، چونكه ئێستا سه‌ركرده‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معی كار ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌و رووداوانه‌ی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روویاندا، سه‌لماندییان كه ئیتر سه‌رده‌می سه‌ركرده‌ی كاریزمی كۆتایی پێهات، ئه‌مڕۆ به‌دواوه كاری داموده‌زگایی رۆڵ ده‌بینێت”.
بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌كانی رابردوودا به‌جۆرێك گرژی به‌خۆیه‌وه بینیوه، كه تا ئێستاش كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و گرژییانه بوونیان ماوه، بۆیه به‌لای چاودێرێكی سیاسییه‌وه، ئه‌و گرژیانه‌ش بوونه‌ته هۆكار بۆ له‌باربوونی ژینگه‌ی سیاسی هه‌رێم، بۆ گه‌شه‌كردنی گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كان، ئه‌و چاودێره كه پێیباش نه‌بوو ناوی بهێنرێت گوتی “دروسبوونی گروپه‌كه‌ی مه‌لا كرێكار، له كاتێكدایه كه هه‌رێمی كوردستان به ناو بارودۆخێكی قه‌یراناویدا گوزه‌ر ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌بارودۆخێكی گونجاو داده‌نرێت بۆ گه‌شه‌كردنی ئه‌و جۆره رێكخراوانه، چونكه هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك توشی قه‌یران هاتووه، كه لایه‌نه سیاسییه‌كانی خه‌ریكی شه‌ڕی یه‌كترین و متمانه‌ش لای هاونیشتیمانییه‌كانی كه‌مبۆته‌وه، بۆیه له‌ئێستادا نه ده‌سه‌ڵات و نه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، نایانپه‌رژێته سه‌ر ئه‌و رێكخراوانه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆكارێك كه ئێستا كوردستان ژینگه‌یه‌كی له‌بار بێت، بۆ گرووپه توندڕه‌وه ته‌كفیرییه‌كان، له‌كاتێكدا مه‌لا كرێكار كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی تر ده‌كات، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، كه به‌رپرسه له ژیانی هه‌ر تاكێكی ئه‌م هه‌رێمه، ئه‌و پرسه‌ی پشتگوێ خستووه و ئه‌وه‌ندی سه‌رقاڵی موعاره‌زه دیاره‌كانییه‌تی، ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی موعاره‌زه ترسناكه نادیاره‌كانی نییه”.
بۆ وه‌رگرتنی سه‌رنجی مه‌لا كرێكار له‌سه‌ر زانیارییه‌كان سڤیل چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی پێوه كرد، به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانی نه‌دایه‌وه.
له گۆڤاری سڤیله‌وه