واشنتن: رێزی حەشدی شەعبی دەگرێن بەڵام هەماهەنگی لەگەڵ ناكەین

0

نوچەنێت- بەغدا

باڵیۆزخانەی ئەمریكا رۆژی سێشەممە رایگەیاند كە رێز لە حەشدی شەعبی دەگرن كە لە دژی داعش دەجەنگێت بەڵام هەماهەنگی لەگەڵ ناكەن.

 

ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمریكا لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا وتی ” سەختە بۆ ئێمە لە ئاسماندا بسوڕیینەوە و بەدوای داعشدا بگەڕێین ، بەڵام كاتێك لە شوینەكانی خۆیان دێنەدەرەوە بۆ جەنگ لە دژی هێزە ئەمنییەكانی عێراق ئەوا ئاسانە بۆ ئێمە لێیان بدەین ” هەروەها وتی ” ئەمریكا هەست بە بەشداری حەشدی شەعبی دەكات لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بەلام ئەوەی دووپاتی دەكەینەوە ئەوەیە كە دەبێت بچنە ژێر كۆنترۆڵی سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بۆ ئەوەی لەكاتی هێرشەكانماندا بەهەڵە لێیان نەدەین “.

 

جۆنز وتی ” هەماهەنگیمان تەنها لەگەڵ هێزە ئەمنیە عێراقییەكان هەیە تەنها پشت بە قسەی ئەوانیش دەبەستین لەبارەی بوونی هێزە عێراقیەكان لە ناوچەكاندا لە كاتی هێرشە ئاسمانییەكانماندا”.

 

جۆنز ئاماژەی بەوە دا ” هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ كەتائیبی حیزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق نییە ، پەیوەندیشمان بە حەشدی شەعبیەوە تەنیا لە رێگەی پەیوەندیمان لەگەڵ هێزە فەرمییە عێراقییەكان و راوێژكارەكانی ئاسایشی نەتەوەییەوەیە”.

 

باڵیۆزی ئەمریكا روونیكردەوە ” راهێنان بە هێزە عێراقییەكان دەكەین و لەرووی هەواڵگری و پڕچەككردنەوە، ئەمریكا 12 لیوا لە عێراق پڕچەك دەكات ، نۆیان سەر بە سوپای عێراقین و سیانیان سەر بە پێشمەرگەن، كە لایەنەكانی چەكی مامناوەند و ئۆتۆمبێل و پێداویستیە تایبەتییەكان دەگرێتەوە”.

 

ئەمریكا هاوپەیمانێتیەكی نیودەوڵەتی لە دژی داعش بەڕێوە دەبات لە عێراق و سوریا ، كە زۆر دەوڵەت بەشداری تێدا دەكەن بەتایبەتی دوای ئەوەی كە مەترسی داعش روو لە گەورە بوون بوو ژمارەیەك هاوڵاتی ئەو وڵاتانە چوونە ناو ریزەكانی داعشەوە و مەترسی ئەوەیان هەبوو بگەڕینەوە وڵاتەكانیان و كاری تیرۆرستی ئەنجام بدەن

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com