نوچەنێت- دەیلی مەیڵ
پزیشكانی بەلجیكا نەشتەرگەری بەهێزكردنی بڕبڕەی پشتییان بۆ منداڵێكی بەریتانی ئەنجامدا لە سكی دایكیدا كە هێشتا تەمەنی 20 هەفتە بوو، كە ناتەواوی هەبوو لە دڕكە پەتكیدا و دوای لەدایك بوونی راستەوخۆ تووشی ئیفلیجی دەبوو.
پزیشكانی بەریتانیا حاڵەتی نەخۆشی ئەو منداڵەیان دەستنیشان كرد كە هێشتا تەمەنی 3 مانگ بوو لە سكی دایكیدا، رایانگەیاند كە بڕبڕەی پشتی بە تەواوی دانەخراوە بە دەوری دڕكەپەتكیدا و دەمارەكانی بە دانەپۆشراوی ماوەتەوە كە لەوانەیە بپچڕێت .
پزیشكەكان داوایان لە دایك و باوكی منداڵەكە كرد كە منداڵەكەیان لەبار ببەن، بەڵام دایكی مناڵەكە دوای ئەوەی لەسەر ئینتەرنێت بۆ نەخۆشی منداڵەكەی دەگەڕێت بۆی دەردەكەوێت كە لە جیهاندا تەنها چوار نەخۆشخانە ئەو نەشتەرگەری بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییە ئەنجام دەدەن كە یەكێكییان لە بەلجیكایە، بۆیە بڕیار دەدەن نەشتەرگەری بۆ كۆرپەلەكە بكەن.
ستافە پزیشكییەكە كە لە 22 پزیشكی نەشتەرگەر پێكهاتبوون ، نەشتەرگەرییەكەیان ئەنجامدا كە دوو كاتژمێری خایاند ، سەركەوتوو بوون لە داخستنی بڕبڕەی پشتی منداڵەكە و پاراستنی دڕكە پەتك و مێشكی منداڵەكە.
دایك و باوكی منداڵەكە زۆر خۆشحاڵ بوون كاتێك منداڵەكەیان لەدایك بوو و دەست و قاچی بە شێوەیەكی سروشتی دەجوڵاند، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانرێت بە تەواوی چاك بوەتەوە یان نا، بەڵام جوڵاندنی دەست و قاچی بە نیشانەیەكی زۆر باش دادەنرێت لەم جۆرە حاڵەتانەدا.