له ساڵی ڕابردودا 830 خێزانی مه‌سیحی ڕویان له هه‌ولێر كردوه
نوچه‌نێت: سه‌روه‌ر سالار چوچانی
ڕۆژنامه‌نوسی بیانی Rebecca Bundhun له عه‌نكاوه‌وه ڕیپۆرتاژێكی بڵاوكردۆته‌وه سه‌باره‌ت به‌و مه‌سیحییانه‌ی له ناوچه جیاوازه‌كانی عێراقه‌وه له ترسی توندوتیژی ڕویان له‌و شارۆچكه‌یه كردوه. زۆرێك له‌و مه‌سیحییانه‌ی لێدوانیان بۆ ڕۆژنامه‌نوسه‌كه داوه ئاماژه‌یان به‌وه كردوه كه دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێكراوه به ناچاری زێدی خۆیان به‌جێ هێشتوه. له ڕیپۆرتاژه‌كه‌دا هاتوه زۆرێك له‌و مه‌سیحییانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ربوه عێراقیان به‌ره‌و وڵاتانی دی به‌جێهێشتوه، به‌ڵام هه‌ندێكیشیان ڕویان له سێ پارێزگاكه‌ی كوردستان كردوه. بۆ نمونه له‌دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پاری به‌غدا كه كه‌نیسه‌یه‌كی مه‌سیحییه‌كانی كرده ئامانج و 50 كه‌سی لێكوشتن، به پێی زانیارییه‌كانی ڕێكخراوی په‌نابه‌رانی جیهانی830 خێزانی مه‌سیحی ڕویان كردۆته پارێزگای هه‌ولێر.