نوچەنێت.ههولێر:
فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال ڕایگەیاند،دامەزراندنی هێزێكی تایبەت بە ژنان لەلایەن پەكەكەوە ڕەتدەكەینەوە، چونكە پێویستیمان بە هیچ هێزێكی دیكە نییە.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە ماڵپەری (ڕۆژنیوز)ی سەر بە پەكەكە، بڵاوی كردووەتەوە كە بۆ تۆڵەسەندنەوە و پاراستنی ژنانی ئێزدی لەژێر دەستی ڕێكخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، (یەپەژە)یان دامەزراندووە،لەو بارەیەوە “مەحما خەلیل”یەكێك لە فەرماندەكانی پێشمەرگەی كوردانی ئێزدی لە شنگال بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، دامەزراندنی هێزێكی ئاسایش لە ئافرەت بۆ پاراستنی كوردانی ئێزدی لەلایەن پەكەكەوە لە شنگال بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەینەوە.
وتیشی:كوردانی ئێزدی جیا لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستیان بە هیچ هێزێكی دیكە نییە. جیالەوەش گەر پێویست بە پێكهێنانی هێز بكرێت، ئەوا لە چوارچێوەی وەزراەتی پێشمەرگەی كوردستاندا هێزی زیاتر لە خەڵكی شنگال پێكدەهێنرێت.
ئەوەشی ئاشكرا كرد، دامەزراندنی هێزی یەپەژە ناكەوێتە چوارچێوەیەكی یاسایی، چونكە دەستووری عێراق ڕێگا بە دروستكردنی ئەم جۆرە هێزانە نادات.