نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێكی كورد لە لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەینێت،هەڵوێستی حكوومەتی عێراق جێگای سەرسووڕمانە و تا ئێستایش هۆكاری دواكەوتن و كەمیی بوودجەی هەرێمی كوردستانیان دیاری نەكردووە
نەجیبە نەجیب،ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە”هەڵوێستی حكوومەتی عێراق جێگای سەرسووڕمانە و تا ئێستایش هۆكاری دواكەوتن و كەمیی بوودجەی هەرێمی كوردستانیان دیاری نەكردووە كە ئایا سیولە نییە یاخود كە پارە هەبوو دەینێرن یانیش ئەوە بەشی هەرێمی كوردستانە، هەر مانگێك بە شێوەیەك پارە ڕەوانە دەكەن و هیچ هۆكارێكیش دیاری ناكەن”.
وتیشی”تا دەرگای گفتوگۆ و دانوستان مابێت و بەسوود بێت، هەوڵی لێكتێگەییشتن دەدەین، وەكو حكوومەتی هەرێم رایگەیاندووە هەرێم پابەند دەبێت بەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدا هەیە، بەڵام بە ئاشكرا بەغدا ستەم دەكات و بەردەوامیشە، تا ئێستایش ڕەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستانی لە بەرچاو نەگرتووە، لە هەمان كاتیشدا دانوستان بەردەوامە و هەر كاتێك گەییشتینە ئەو راستییەی حكوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە بێبەشكردن و پابەندنەبوون بە دەستوور و یاسای بوودجەوە، ئەو كاتە هەرێمی كوردستانیش رێگای دیكە دەگرێتە بەر بۆ فرۆشتنی نەوت یاخود واژۆكردنی رێككەوتنێكی نوێ”.