نوچەنێت.ههولێر:
فڕاكسیۆنی پارتی،وەڵامی فڕاكسیۆنی گۆڕان دەداتەوە كە پڕۆژە یاسایەكی بۆ دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم پێشكەش كردووە و دەڵێت، ئەو سەرۆكەی لە پڕۆژە یاسایەكە هاتووە سەرۆكێكە بوون و نەبوونی وەك یەكە و هیچ سوودێكی بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان نابێت. كەس ئەم جۆرە سەرۆكەی ناوێت و سەرۆكی وا ڕەنگە تەنیا بۆ خۆیان باش بێت.
دەقی راگەیێندراوەكە:
ڕاگەیێندراوێك لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان:
فڕاكسیۆنی گۆڕان لە پارلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسایەكی بۆ دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم پێشكەش كردووە و لە ڕاگەیاندنەكانیش بڵاو كراوەتەوە. ئەم پڕۆژە یاسایە لە ڕاستیدا جۆرێكە لە ئیبتزاز و بە هەندوەرنەگرتنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و ڕای لایەنەكانە و هەروەها پشتگوێخستنی پڕەنسیپی تەوافوق كە پێشتر هەر خودی خۆیان وەك دروشم بەكاریان دەهێنا.
لە كاتێكدا لیژنەی نووسینەوەی دەستوور سەرقاڵی كارەكانیەتی بۆ ئەوەی قسە لەسەر كۆی بابەتەكان بكات و لایەنە سیاسییەكان ڕا و بۆچوونی خۆیان بخەنە ڕوو و بە تەوافوق بگەنە ئەنجامێك ئەم پڕۆژە یاسایە بەهەندوەرنەگرتنی ئەرك و كارەكانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووریشە. دامەزراوەی سەرۆكایەتی دامەزراوەیەكی نیشتیمانییە و موڵكی هەموو هاووڵاتیانی كوردستانە. دامەزراوەی سەرۆكایەتی زۆر سەركەوتووانە توانیویەتی ئەركەكانی بە باشترین شێوە جێبەجێ بكات بە تایبەتی لە بواری سیاسەتی دەرەكی و بەرگریكردن لە كوردستان و ئیدارەكردنی شەڕی دژی تیرۆریستان. لەبەر ئەوە فڕاكسیۆنێك ناتوانێ و بۆی نییە پڕۆژە یاسا بۆ گۆڕین یان لەباربردنی دامەزراوەیەكی گرنگ و نیشتیمانیی وەك سەرۆكایەتی پێشكەش بكات. كردنە ئامانجی ئەم دامەزراوەیە و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی بابەتێكی سیاسییە و لای هاووڵاتیانیش جێگەی پرسیاری زۆرە.
ئەو سەرۆكەی لە پڕۆژە یاسایەكەی فراكسیۆنەكەشدا هاتووە سەرۆكێكە بوون و نەبوونی وەك یەكە و هیچ سوودێكی بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان نابێت. كەس ئەم جۆرە سەرۆكەی ناوێت و سەرۆكی وا ڕەنگە تەنیا بۆ خۆیان باش بێت.
هیوادارین لە رێی گفتوگۆ و پرس و راوێژەوە بگەینە چارەسەرییەك، چونكە هەر جۆرە رەفتارێكی یەك لایەنانە زیان بەو تەوافوقە سیاسییە دەگەیەنێت، كە ئێستا لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە.
فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان
11-6-2015