نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق كۆبونەوەو لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها هەڕەشەكانی تیرۆریستان لەسەر عێراق و كوردستان و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی كرا.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ئەمرۆ پێنجشەممە 11ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە د. فواد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها هەڕەشەكانی تیرۆریستان لەسەر عێراق و كوردستان و ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی كرا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دابینكردنی ئارامی و ئاساییش بۆ هاووڵاتیان و یارمەتیدانی ئاوارەكان“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”هەر لەم دیدارەكەدا جەخت لە پێویستی نزیكبوونەوەی پێكهاتەكانی عێراق و خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عێراقی كرایەوە. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و تێیدا لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان هەردوولا بەردەوامی گفتوگۆ و دیالۆگیان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە پێویست زانی“.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”ژیان و گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی هەر دوو سەرۆك بوو و جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە هەوڵەكان بۆ پێشكەشكردنی زیاتری هاریكاریی نێودەوڵەتی و دابینكردنی كۆمەك و یارمەتی بۆ ئاوارەكان چڕ بكرێتەوە، بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق ڕوویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە تواناكانی هەرێمی كوردستاندا نییە و پێویستە دەزگە پەیوەندیدارەكانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جدیتر بەدەنگ ئەو كێشەیە بێن“.