نوچەنێت.هه‌ولێر:
پەرلەمانتارێكی یه‌كێتی دەڵێت، گۆڕان هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌ی كوشنده‌ی كرد كه ئه‌و پرۆژه‌یه‌یی لەبارەیەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە پیشكەش كرد.
دوای ئەوەی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسایەكی بۆ هەمواركردنەوەی چوارەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد و تێیدا دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كراوەتە تەشریفاتی لە چوارچێوەی سیستەمی پەرلەمانی.
گۆران ئازاد، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به سایتی شرۆڤه‌ی نزیك لە كۆمەڵی ئیسلامی راگه‌یاندوە”گۆران حه‌قی خۆیه‌تی كه پرۆژه پێشكه‌ش بكات به سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام”هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌ی كوشنده‌ی كرد كه ئه‌و پرۆژه‌یه‌یی برده راگه‌یاندنه‌كانه‌وه”.
ئه‌و پەرلەمانتارەی وتیشی”ئه‌و هه‌نگاوه‌ی گۆران مۆزایه‌ده‌ی سیاسییه به‌سه‌ر یه‌كێتی و هێزه ئیسلامیه‌كانیش، وه واش ده‌كات كه پارتی كاردانه‌وه‌و وه‌ڵامیان هه‌بێت“.
گۆران ئازاد رونیشیكرده‌وه”ئێمه وه‌كو هه‌موو هێزه‌كان له كۆبونه‌وه‌و گفتوگۆی به‌رده‌وامین له‌سه‌ر پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان،وه ده‌شبێت هه‌مواربكرێته‌وه، وه له گفتوگۆیی پرسی سیسته‌می سیاسیداین، نه‌ده‌بوو به‌ته‌نها گۆران پرۆژه پێشكه‌ش بكات چونكه هێزێك به ته‌نها پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات كه به ته‌نهاش بتوانێت به‌ده‌نگی خۆی پرۆژه‌كه بكاته یاسا“.
ناوبراو جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه”هیچ هێزێك ناتوانێت به ته‌نها سیسته‌می سیاسی وڵات‌و یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌مواربكاته‌وه، ده‌بوو گۆران له بری مۆزایه‌ده هه‌نگاوی بۆ كۆده‌نگی بنایه چونكه خۆی به ته‌نها ناتوانێت هیچ بكات“.