نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە وەڵامی پڕۆژەكەی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت،پڕۆژەكەمان لە میدیاكانەوە بینی لە كاتێكدا پرسی سەرۆكایەتی هەرێم رەهەندێكی نیشتمانی هەیەو پێویستی بە سازان و رێككەوتنی لایەنەكان هەیە،ئێمەیش ئەوە رەتدەكەینەوە.
دوای ئەوەی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسایەك بۆ هەمواركردنەوەی چوارەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد و تێیدا دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كراوەتە تەشریفاتی لە چوارچێوەی سیستەمی پەرلەمانی.
لەوبارەیەوە ئومێد خۆشناو،سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند” پڕۆژەكەی برادەرانی گۆڕانمان لە میدیاكانەوە بینی لە كاتێكدا پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رەهەندێكی نیشتمانی هەیەو پێویستی بە سازان و رێككەوتنی لایەنەكان هەیە، بەڵام ئەوان لە رێگای میدیاو پرۆژەی تاكلایەنانە دەیانەوێ ئەو پرسە یەكلابكەنەوە، ئێمەیش ئەوە رەتدەكەینەوە”.
وتیشی”ئێمە قسەمان لە سەر پڕۆژەكە نییە، بەڵكو قسەمان لە سەر ئەوە هەیە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تەنیا پەیوەندیی بە گۆڕانەوە نییە تاوەكو تاكلایەنە پرۆژە بەبێ ئاگاداری فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمان و خودی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بكات، ئەمە دوور لە گیانی بەرپرسیارییەتی و كۆدەنگی نیشتمانییە”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێ:”ئێمە سەرقاڵی داڕشتنەوەی دەستووری كوردستانین هەنگاوەكان بە باشی بەڕێوەدەچن، پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش دەكرێت لەو چوارچێوەیە چارەسەربكرێت”.
ئومێد خۆشناو پێی وایە فراكسیۆنی گۆڕان پێچەوانەی هەڵوێستەكانی نەوشیروان مستەفا،رێكخەری گشتی بزووتنەوەكەیان جوڵاونەتەوە،ئەو دەڵێ:”لە كاتی سەردانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ لای جەنابی كاك نەوشیروان مستەفا بەرێزیان بە روونی رایگەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنەكان لە ئاستی باڵا پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان یەكلابكەنەوە كەچی ئەوان تاكلایەنە بەبێ پرس و راوێژكردن بە لایەنەكان، پڕۆژەیەكیان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەدا كە، ئەوان وەكو فراكسیۆنی پارتی و سەركردایەتی پڕۆژەی بەدیل و سیناریۆیان بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ ئەوەی بۆشایی دەستووری و یاسایی لە هەرێمی كوردستان دروست نەبێت.