نوچەنێت.ههولێر:
PKK داوا لە خەڵکی کەمپی مەخموور دەکات کوڕ و کچەکانیان بنێرن بۆ قەنیل و کۆبانی،خەڵکەکەش رەتی دەکەنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکەوە دەست (باس) کەوتوون، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمیتەی سەرکردایەتیی PKK دوو جار سەردانی کەمپی مەخمووری کردووە. لە سەردانی یەکەمیاندا ئەندامانی شاندی کۆمیتەی سەرکردایەتیی PKK داوایان لە خەڵکی کەمپی مەخموور کردووە کچان و کوڕانی خۆیان بۆ کۆبانی بنێرن، لە سەردانی دووەمیشیاندا داوایان لە خەڵکەکە کردووە رۆڵەکانیان بۆ چیای قەندیل بنێرن، بەڵام خەڵکی کەمپەکە رەتیان کردووەتەوە ڕۆڵەکانی خۆیان بۆ کۆبانی و قەندیل بنێرن و پێیان وا بووە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە باشترە.
کەمپی مەخموور کە لە شارۆچکەی مەخمووری نزیک شاری ھەولێرە، تایبەتە بەو کوردانەی لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە بە ھۆی بارودۆخی ئەو کاتەی ناوخۆی تورکیاوە، لە کوردستانی باکوورەوە ئاوارەی کوردستانی باشوور بوون و ژمارەیان نزیکەی ١٥ ھەزار کەس دەبێت.
دەمھات عەگید، گوتەبێژی ھێزەکانی ھەپەگە کە سەر بە PKKیە لە لێدوانێکدا بۆ (باس) ھەواڵی سەردانی کۆمیتەی سەرکردایەتیی PKKی بۆ کەمپی مەخموور پشتڕاست کردەوە و رای گەیاند“ئێمە بۆیە داوامان لە خەڵک کردووە بێنە قەندیل، یان بڕۆنە کۆبانێ بۆ ئەوە بووە فشار لەسەر کەمپی مەخموور دروست نەبێت کە ئێستا خەڵکێکی زۆری تێدا نیشتەجێیە”.
وتیشی“خەڵکی ئەو کەمپە ئازادن بچنە قەندیل، یان کۆبانێ، یانیش بمێننەوە و ئێمە فشاریان لەسەر ناکەین”.
ئەو بەرپرسەی PKK پێیوایە کە مانەوەی خێزانەکانی کوردستانی باکوور لە کەمپی مەخموور، پەیوەستە بە داواکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وتی“لەگەڵ ئەوەی فشاری داعش لەو ناوچەیەدا ھەبووە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مانەوەی خەڵکەکە لە کەمپی مەخموور بەلاوە باشتر بووە و لەگەڵ ئەوە نەبووە چۆڵ بکرێت. بۆیە ئێمەش فشار ناخەینە سەر خەڵکەکە تا کەمپەکە چۆڵ بکەن”.